عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
نازانم بۆچی ماوەیەكە، هەر خەون بە خاڵۆ وسگە، رەفاو، مورشیدە و خاڵۆ گوڵمرای-یەوە دەبینم. هەر جارێك بە شێوەیەك دێن، بەڵام ناوەڕۆكی خەونەكان یەكە؛ هەر جارێك یەكێكیان لەبەردەمم رادەوەستن و راستییەكی تاڵم بۆ دەگێڕێتەوە.
خاڵۆ وسگە دەڵێت: «ئێمە رۆیشتین و ئەڵوەنمان بۆ ئێوە بەجێهێشت؛ بۆچی واتان لێ كرد؟»
رەفاو تۆڕە بەتاڵەكەیمان پیشان دەدات و دەڵێت: «جاران ماسی لە تۆڕەكەماندا دەجووڵا، ئێستا تۆڕەكەمان تەنها گەڵای وشك كۆدەكاتەوە.»
مورشیدەش لە كەناری رووبارەكە دادەنیشێت و بە بێدەنگی سەیری دارخورما وشكبووەكان دەكات.
خاڵۆ گوڵمرای لە خوارەوەی گەڕەكی جەلەوە، سەیری بێستانەكەی دەكات و دەڵێت: «كاتێك ئاو وشك دەبێت، تەنها دار و رووەك نامرن؛ بیرەوەرییەكانیش وشك دەبن.»
لەگەڵ بانگی بەیانیی مزگەوتی نالی، لە گەڕەكی عەقاری لە سلێمانی بە ئاگا هاتمەوە. دەمم وشك بووەوە؛ وەك بێستانەكەی خاڵۆ گوڵمرای. چاوانیشم پڕ بوون لە فرمێسك؛ وەك كانییەكانی گەرمگ، لای ئیمام عەباس، نزیك گوندی عالیاوە لە خانەقین.
ئەڵوەن بۆ من تەنها رووبارێك نییە؛ دەنگی خانەقین و ئاوێنەی ئاسمانی منداڵیمە. لەسەر كەنارەكانی گەورە بووم، بە هاژەی ئاوەكەی گوێم لە چیرۆكی ژیان گرت و لەژێر سێبەری دارخورماكانی جەلەوە، یەكەم وانەكانی خۆشەویستیی مرۆڤ و خاك و نیشتمانم خوێندەوە. ئەوسا پێمان وابوو ئەڵوەن هەمیشە پڕئاو دەمێنێتەوە و ماسیگرەكانی خانەقین هەمیشە لە كەنارەكەی دەبن. نەماندەزانی رۆژێك دێت رووبارەكانیش، وەك مرۆڤەكان، ناچار بە كۆچكردن دەكرێن.
لە دوا مانگەكانی كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، رۆژێك دكتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی ئەوكات، لە دانیشتنێكی برایانەدا لە ئۆفیسەكەم لە ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، باسی كێشەكانی ئاو و ژینگەی لە جیهاندا بۆ دەكردین. وەك هەمیشە قسەكانی ورد، ئەكادیمی و پشتبەستوو بە زانست بوون. سوودێكی زۆرم لێ وەرگرت و تا ئێستاش لە زەینمدا ماونەتەوە.
كاتێك لە خەونەكانمدا لەگەڵ ماسیگرەكان و جووتیارەكانی خانەقین گەڕامەوە بۆ كەناری ئەڵوەن، ئەو قسانەش لەگەڵم گەڕانەوە. خەون، بیرەوەری و نیگەرانیی ئاو تێكەڵبوون و ئەم بیرۆكە و دەربڕینانەیان هێنایە خەیاڵم؛ منیش خستمنە ناو «Notes»ی مۆبایلەكەم و ئامادەم كردن بۆ بڵاوكردنەوە.
قەیرانی ئاو چیتر بابەتێكی دوور، یان تەنها كێشەیەكی ژینگەیی نییە. وشكبوونی رووبارەكان بە مانای كەمبوونەوەی كشتوكاڵ، مردنی ماسی، دارستان و باخ، بێكاربوونی جووتیار و ئاوارەبوونی خێزانەكانە. كاتێك سەرچاوەی ئاو وشك دەبێت، ژیانیش لە دەوروبەریدا دەست بە كۆچكردن دەكات. لەوێوە كێشەی ژینگەیی دەبێتە قەیرانێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی و لە كۆتاییشدا دەبێتە مەترسییەكی نیشتمانی.
كوردستان بە خاك و چیا و رووبارەكانی ناسراوە، بەڵام ئەم سامانە سروشتییانە هەمیشەیی نین، ئەگەر پارێزگارییان لێ نەكرێت. كەمبوونەوەی باران، گۆڕانی كەشوهەوا، بەكارهێنانی بێ سنووری ئاوی ژێرزەوی، دروستكردنی بەنداو لەسەر سەرچاوە ئاوییەكانی دەرەوەی سنوور و نەبوونی سیاسەتێكی نیشتمانیی ئاو، هەموویان پێكەوە داهاتووی ئێمەیان خستووەتە بەردەم مەترسییەوە.
ئاو تەنها خزمەتگوزارییەك نییە كە لە بۆڕیی ماڵەوە بێت؛ ئاو مافە، سامانە و بەشێكە لە ئاسایشی نیشتمانی. بۆیە پاراستنی ئاو نابێت تەنها ئەركی وەزارەتێك یان دامەزراوەیەك بێت. پێویستمان بە ستراتیژێكی روون و درێژخایەنە؛ لە كۆكردنەوەی ئاوی باران و بنیاتنانی بەنداوە بچووكەكانەوە، تا نوێكردنەوەی شێوازی ئاودێری، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، رێگریی لە پیسبوونی رووبارەكان و پەروەردەكردنی هۆشیاریی ژینگەیی.
بەرپرسیارێتیی هاووڵاتییش لەمەدا زۆر گەورەیە. هەر دڵۆپێك ئاو كە بەفیڕۆ دەچێت، بەشێكە لە مافی نەوەكانی داهاتوو. ناتوانین چاوەڕێی بەخشندەیی هەتاهەتایی لە رووبارەكان بكەین، ئەگەر خۆمان بێ پەروا و بێباكانە مامەڵەیان لەگەڵ بكەین.
لە خەونەكانمدا، ماسیگرەكان هەر لە كەناری ئەڵوەن چاوەڕێن. تۆڕەكانیان بەتاڵە، بەڵام چاویان هێشتا لە رووبارەكەیە. خاڵۆ گوڵمرایش چاوی لە بێستانەكەیە؛ وەك ئەوەی چاوەڕێی وەڵامی ئێمە بێت: ئایا ئەڵوەن و رووبارەكانی دیكەمان بۆ نەوەكانی داهاتوو دەپارێزین، یان رۆژێك دەبێت لەسەر نەخشەكان بەدوای ناویاندا بگەڕێین؟
چونكە كاتێك رووبارێك كۆچ دەكات، تەنها ئاو ون نابێت و لە شوێنی خۆی نەمێنێت؛ بەڵكو بەشێك لە مێژوو، ناسنامە و رۆحی نیشتمانیش لەگەڵ خۆی دەبات.