عیماد ئەحمەد 10:38 AM - 2026/09/30

 عیماد ئەحمەد

دوێنێ ئێوارە، لە ماڵەوە لەسەر مێزی نانخواردن، لەگەڵ هاوسەر و منداڵ و نەوەکانم خەریکی خواردنی ژەمی ئێوارە بووین، مێزەکە پڕ بوو لە خۆشەویستی و بیرەوەری و قسەی دڵ، جارێک باسی ژیانی رۆژانە و جارێکیش باسی سیاسەت.
کەسوکار و خزمان دەڵێن: «باڵا و شێوەی ئارام لە گەنجیی تۆ دەچێت»، کاک قوبادیش دەڵێت: “بزێویی ئارام، وام پێ دەڵێت لە بزێویی سەردەمی گەنجایەتیی خۆت دەچێت”.
ئارام، کوڕە بچووکەکەم و دوا منداڵمانە، لەبەرئەوەی لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کاک ئارام دا لەدایکبوو، کاک دلێر و کاک بەختیار ناوی
«ئارام»یان لێنا. ئارام بە چاوێکی تیژ و دووربینەوە سەیری کردم و وتی:
ـ باوکە، زۆرجار دەبیستم تۆ و هاوڕێ دێرینەکانتان دەڵێن: «رێبازی مام جەلال». من مام جەلالم بینیوە، کاتێک منداڵ بووم وێنەشم لەگەڵ گرتووە، بەڵام سیاسەتم لەگەڵ نەکردووە تا بزانم ئەو رێبازە چییە؟. تۆ کە ماوەیەکی درێژ لە نزیکی مام جەلال بوویت، بۆمان باس ناکەیت رێبازی مام جەلال واتای چییە؟
منیش وتم:
ـ باشە، با ژەمەکەمان تەواو بکەین، لە کاتی چا خواردنەوەدا، بە پێی توانای خۆم بۆتان باس دەکەم.
دوای نان، کاتێک چایەکەمان لەنێوان هەڵم و بۆنی بیرەوەریدا دانرا، بە پرسیارێکی کورت دەستم پێکرد: رێباز چییە؟
رێباز تەنیا کۆمەڵێک دروشم و وتەی جوان نییە کە لە بۆنەکاندا دووبارە بکرێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک بنەما و بەها و هەڵوێستە کە بیرکردنەوەی سیاسی ئاراستە دەکات و لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەبێتە رێنمایی کردار. «رێباز ئەو رێگایەیە کە سەرکردەیەک لەنێوان وشە و کردار، ئامانج و ئامراز، هێز و ئەخلاقدا دروستی دەکات».
بۆیە «رێبازی مام جەلال»، ناکرێت لە وتارێک، یان قۆناغێکی دیاریکراودا کورت بکرێتەوە. ئەو رێبازە لە تێکەڵبوونی بیر و پراکتیک، شۆڕش و گفتوگۆ، کوردایەتی و مرۆڤایەتی، چەپایەتی و دیموکراسیدا پێکهاتووە.

رێبازی مام جەلال، رێبازی گفتوگۆ بوو. ئەو لەگەڵ هاوڕێ و رکابەر و تەنانەت دوژمنیش قسەی دەکرد، نەک لەبەرئەوەی جیاوازییەکانی لەبیردەکرد، بەڵکو دەیزانی سیاسەت هونەری گۆڕینی ناکۆکییەکانە بۆ چارەسەرێکی مومکین
کوردایەتی تەنیا هەست و سۆز نەبوو
یەکەم کۆڵەکەی ئەم رێبازە، کوردایەتی و باوەڕبوون بە مافی گەلانی ژێردەست بوو. مام جەلال کوردایەتی بە دژایەتیی گەلانی تر لێک نەدەدایەوە، مافی کوردی بە بەشێک لە مافی مرۆڤ و گەلان دەزانی. لە رێبازی ئەودا، کوردایەتی تەنیا هەست و سۆز نەبوو، بەرپرسیارێتی بوو: پاراستنی خاک و ناسنامە و زمان، لەگەڵ داننان بە مافی پێکهاتە و گەلانی تردا. ئەو باش دەیزانی گەلێک کە داوای ماف بۆ خۆی دەکات، نابێت مافی ئەوانی تر لەبیر بکات.
دووەم کۆڵەکەی، چەپایەتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوو. چەپایەتیی مام جەلال تەنیا دەستەواژە و پۆشاکێکی سیاسی نەبوو، لە نزیکبوونەوەی لە رەنجدەران، جوتیاران، کرێکاران، مامۆستایان و چینە پەراوێزخراوەکاندا دەردەکەوت.
ئەو پێی وابوو ئازادیی سیاسی، ئەگەر لەگەڵ یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا نەبێت، ناتەواوە. 
بۆچی مرۆڤ مافی دەنگدانی هەبێت، بەڵام نانی نەبێت؟ بۆچی مافی قسەکردنی هەبێت، بەڵام نەخۆشخانە و قوتابخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی شایستەی نەبێت؟
مام جەلال باوەڕی بە سۆشیالیزمێک هەبوو کە لەگەڵ دیموکراسی، فرەڕەنگی و ئازادییە گشتییەکاندا بگونجێت. سۆشیالیزم لە دیدی ئەودا تەنیا بەدەوڵەتیکردنی سامانی وڵات نەبوو، دادپەروەری، یەکسانیی دەرفەت و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بوو.
سێیەم کۆڵەکەی، دیموکراسی و قبوڵکردنی فرەڕەنگی بوو. مام جەلال لە دەربڕیندا میانڕەو بوو، بەڵام لە باوەڕ بە ماف و ئازادییەکاندا شل نەبوو. میانڕەویی ئەو لاوازی و بێهەڵوێستی نەبوو، هونەری دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و کردنەوەی دەرگای چارەسەر بوو.
ئەو سیاسەتی بە چەپکەگوڵ دەنواند، هەر گوڵێک رەنگ و بۆن و جوانیی خۆی هەیە، بەڵام کاتێک پێکەوە دەبن، چەپکەگوڵێکی جوانتر دروست دەکەن. کۆمەڵگەش بە یەک رەنگ جوان نابێت، هێزی لە جیاوازییەکانیدایە، بە مەرجێک جیاوازی نەکرێتە هۆی رق و دوژمنایەتی، بەڵکو ببێتە سەرچاوەی تەواوکاری.
لە رەفتاری رۆژانەیدا کاری پێدەکرد
مام جەلال تەنیا بە زمان باسی دیموکراسی نەدەکرد، لە ڕەفتاری رۆژانەیدا کاری پێ دەکرد. رەخنەی قبوڵ دەکرد و لە رەخنەگرتنیش لە خۆی نەدەترسا. زۆرجار لە کۆبوونەوەکاندا بە ئێمەی دەوت: «ئەگەر رەخنەتان هەیە، لە منەوە دەست پێ بکەن».
ئەمە باوەڕێک بوو بەوەی سەرکردە دەبێت پێش هەمووان خۆی بخاتە بەردەم پرسیار و هەڵسەنگاندن. حزبێک کە گوێ لە رەخنە نەگرێت، هەڵەکانی خۆی نابینێت، سەرکردەیەکیش کە خۆی لە رەخنە بەدوور بگرێت، بەرەبەرە لە خەڵک و راستییەکان دوور دەکەوێتەوە.
رێبازی مام جەلال، رێبازی گفتوگۆ بوو. ئەو لەگەڵ هاوڕێ و رکابەر و تەنانەت دوژمنیش قسەی دەکرد، نەک لەبەرئەوەی جیاوازییەکانی لەبیردەکرد، بەڵکو دەیزانی سیاسەت هونەری گۆڕینی ناکۆکییەکانە بۆ چارەسەرێکی مومکین.
باوەڕ بە ماف و رۆڵی ژنانیش بەشێکی بنەڕەتیی ئەم رێبازە بوو. لە دیدی ئەودا، ژن تەنیا نیوەی کۆمەڵگە نەبوو، بەشدارێکی سەرەکیی سیاسەت و دروستکردنی داهاتوو بوو. کۆمەڵگەیەک کە ژن لە ماف و بڕیاردان دوور بخاتەوە، ناتوانێت بە ناوی ئازادی و پێشکەوتنەوە قسە بکات.
پوختەی فکریی ئەم رێبازە لە نامیلکەی «یەکێتیی نیشتمانی بۆچی»؟دا دەبینرێت. ئەو نامیلکەیە تەنیا وەڵامی پرسیاری دامەزراندنی رێکخراوێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی فکرییە بۆ ئەوەی یەکێتی چی بێت، نوێنەرایەتیی کێ بکات و بۆ چ جۆرە کۆمەڵگەیەک تێبکۆشێت.
رەهەندێکی دیکەی رێبازی مام جەلال
رەهەندێکی دیکەی رێبازی مام جەلال، واقیعبینیی سیاسی، دروستکردنی هاوپەیمانی و لێبوردەیی بوو. لە ئامانجە بنەڕەتییەکاندا قایم، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئامرازدا نەرم و واقعبین بوو. لای ئەو، سیاسەت مەیدانی تۆڵەسەندنەوە نەبوو، هونەری گۆڕینی رکابەر بوو بۆ گفتوگۆکەر و دوژمنی دوێنێ بۆ هاوبەشی چارەسەری ئەمڕۆ.
بێگومان، رێبازی مام جەلال رەهەند و تایبەتمەندیی زۆری دیکەشی هەیە کە لەم وتارە کورتەدا نەمانتوانیوە هەموویان بخەینە بەرباس. ئەمە تەنیا هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەرگای لێکۆڵینەوەیەکی فراوانتر.
لە راستیدا، شێوە و شێوازی رەسەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، واتای رێبازی مام جەلال-ە، یەکێتییەک کە پەناگەی رەنجدەران، رووناکبیران، ژنان، لاوان، جووتیاران و کرێکاران بێت. یەکێتییەک کە ناوی نیشتمانی تەنیا رەنگدانەوەی رێباز لە کرداردا لەسەر دروشمەکانی نەبێت، بەڵکو لە رەفتار و بڕیار و خزمەتکردنیدا دیار بێت.
رێبازی مام جەلال، تەنیا ئەوە نییە کە لە یادەوەری و ساڵیادەکاندا باسی بکەین. رێباز کاتێک زیندووە کە لە کرداردا بەردەوام بێت، بە پێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم نوێ بکرێتەوە و وەڵامی پرسیارەکانی نەوەی نوێ بداتەوە.
پرسیارەکەی ئارام تەنیا پرسیاری کوڕەکەم نەبوو، پرسیاری هەموو نەوەیەکی نوێیە: رێبازی مام جەلال لە کوێی ژیان و سیاسەتی ئەمڕۆماندا دەردەکەوێت؟ چۆن دەتوانێت وەڵامی کێشەکانی گەنجان، ژنان، بێکاری، کۆچ، نادادپەروەری و لاوازیی متمانە بداتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە بە وتارێک تەواو نابێت. پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکانی ناو یەکێتی، بە هاوکاریی زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەییەکان، بنەماکانی رێبازی مام جەلال بە شێوەیەکی زانستی کۆبکەنەوە و شیکارییان بکەن، وتار و نامە و بڕیار و هەڵوێستەکانی، لەگەڵ ئەزموون و شایەتیی هاوڕێیانی، لە دووتوێی کتێبێکی تایبەتدا بڵاوبکەنەوە. کتێبێک کە تەنیا باس لە ژیانی مام جەلال نەکات، بەڵکو بنەما و شێوازی جێبەجێکردنی رێبازەکەی بخاتە بەردەم نەوەی نوێ.
کاتێک قسەکەم تەواو کرد، چایەکە سارد بووبۆوە، بەڵام پرسیارەکەی ئارام هێشتا گەرم بوو. تێگەیشتم کە ناتوانرێت “رێبازی مام جەلال لە شەوێکدا و لە دانشتنێکی چا خواردنەوە تەواو بکرێت.
من تەنیا دەرگایەکم کردەوە، چونکە رێباز، ئەگەر لە کتێب و یادەوەریدا بەجێ بهێڵرێت، دەبێتە مێژوو، بەڵام ئەگەر لە بیر و کردار و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی نەوەی نوێدا بەردەوام بێت، دەبێتە داهاتوو.

وتارەکانی نوسەر