دوای ئەوەی لێپرسراوانی بانكی ناوەندیی ئەمریكا، ئاماژەیان بە ئەگەری بەرزكردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانكی كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەڵاوسان. نرخی زێڕ درێژەی بە دابەزینەكانیدا و گەیشتە كەمتر لە سێ هەزار و 800 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا بە رێژەی 0.8% دابەزی و هەر ئۆنسەیەكی بە سێ هەزار و 790 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا. هاوتەریب لەگەڵ بازارەكانی جیهاندا لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی و یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بۆ خوار 915 هەزار دینار دابەزی.
ئەلبێرتۆ موسالیم سەرۆكی بانكی فیدراڵیی سانت لویس رایگەیاند ،پێدەچێت ئابووریی ئەمریكا پێش بەهاری ساڵی داهاتوو پێویستی بە چەندین جار بەرزكردنەوەی تری رێژەی سوودی بانكی هەبێت.
زێڕ لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران لە كۆتایی مانگی شوباتەوە، زیاتر لە 25٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە، لەبەر ئەوەی شەڕەكە نرخی وزە و هەڵاوسانی بەرزكردووەتەوەو و بانكە ناوەندییەكانی ناچار بە تووندكردنەوەی سیاسەتی نەختی كردووە. ئێستا بازاڕەكان پێشبینیی بەرزكردنەوەی 0.25٪ لە مانگەكانی كانوونی یەكەم و كانوونی دووەم دەكەن، كە بەرزكردنەوەیەكی تریش لە مانگی نیساندا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
شارەزایانی بانكی ئەی ئێن زێد رایانگەیاندووە ،پێشبینیی بنەڕەتیی ئەوان بریتییە لە سێ جار بەرزكردنەوەی سوودی بانكی بە رێژەی 0.25٪ لە مانگەكانی كانوونی یەكەم، كانوونی دووەم و ئاداردا، هەرچەندە ناتوانرێت ئەگەری بەرزكردنەوەی 0.50٪ لە مانگی داهاتوودا بەدوور بزانرێت. هۆشداریشیان داوە لەوەی ئەم هەنگاوانە دەتوانن دابەزینی كورتخایەنی زێڕ قووڵتر بكەنەوە.سەرەڕای ئەوەش، بانكەكە ئەم دابەزینە بە كاتی دەزانێت و ئاسۆیەكی گەشبینانەی بۆ مامناوەند و درێژخایەن پاراستووە. بەپێی شیكارییەكەیان، چەقبەستوویی سیاسی لە ئەمریكا نادڵنیایی لەبارەی بودجە و قەرزەكان زیاتر دەكات، ئەوەش پێگەی زێڕ وەك سەرمایەیەكی خۆپارێزی بەهێز دەكات. بانكەكە پێشبینی دەكات زێڕ لە دەوروبەری 3,600 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك پێگەیەكی پتەوی پاڵپشتی دروست بكات، و لە ساڵی 2027دا بگاتە ئاستی 4,800 دۆلار.