نرخی نەوتی عیراق بۆ 45 دۆلار دابەزی

عیراق 10:55 AM - 2026/11/18

بەهۆی ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز‌و داشكاندنی نرخ لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە، نرخی نەوتی خاوی عیراق بۆ خوار 50 دۆلار دابەزی، ئەمەش مەترسیی گەورە لەسەر داهاتی گشتیی وڵات دروست دەكات.
لەگەڵ شەپۆلی نوێی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، نەوتی خاوی عیراق پاشەكشەیەكی گەورەی تۆمار كرد و گەیشتە خوار 50 دۆلاری ئەمریكی؛ ئەم دابەزینە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاستەنگەكانی بەردەم هاتوچۆی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانەوە هەیە لە گەرووی هورمز، كە وای كردووە كۆمپانیا و كڕیارە جیهانییەكان ئامادە نەبن كەشتییەكانیان بنێرنە قووڵایی كەنداو بۆ بەندەرەكانی بەسرە.
بەپێی نوێترین ئامارە رەسمییەكانی بازاڕی نەوت سەبارەت بە پشكەكانی عیراق: نرخی نەوتی خاوی قورسی بەسرە بە بڕی 2.64 دۆلار و بە رێژەی 5.49% پاشەكشەی كردووە و دابەزیوە بۆ 45.47 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، هاوكات نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرەش بۆ 49.47 دۆلار دابەزیوە.
لەكاتێكدا نەوتی عیراق بەو شێوەیە دابەزیوە، لە بازاڕە جیهانییەكاندا نرخی نەوتی برێنت تەنیا بە ڕێژەی 0.74% دابەزیوە و گەیشتووەتە 92.45 دۆلار؛ هەروەها نەوتی تەكساسی ئەمریكیش بە 84.67 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەمەش جیاوازییەكی یەكجار گەورەی لەگەڵ نەوتی بەسرە دروست كردووە.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) ناچار بووە داشكاندنێكی گەورە لە نێوان 30 بۆ 37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بكات، تاوەكو لەو ڕێگەیەوە كڕیارەكان قایل بكات تێچووی بەرزی بیمەی دەریایی و مەترسییە ئەمنییەكانی گواستنەوەی نەوتەكە بگرنە ئەستۆ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو