باكرهان: ئۆجەلان بۆ شوێنە نوێیەكەی گوازرایەوە و سكرتاریەتەكەی بەهێز كراوە
تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی، لە كۆبوونەوەی گرووپی پەرلەمانیی پارتەكەیدا هەڵسەنگاندنی بۆ نوێترین گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك كرد.
باكرهان ئاشكرایكرد، عەبدوڵا ئۆجەلان لە پێناو پەرەدان بە هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی جێگەكەی لە دوورگەی ئیمراڵی گۆڕیوە و بە بەهێزكردنی سكرتاریەتەكەی ئێستا لە جێگە نوێییەكەیدایە.
باكرهان لە سەرەتای قسەكانیدا سەرنجی خستەسەر ئێستای پرۆسەكە و لەم ڕووەوە ڕایگەیاند، پرۆسەكە بە ئیرادەیەكی گەورە بەردەوامە. ئەم پرۆسەیە وەك بونیاتنانی ژیانی هاوبەش دەبینین. لە جێبەجێكردنی ئاشتیدا شتی هەڵە دواخستنە. ناسەقامگیری لە دژی دیموكراسییە. بەڕێوەبەریی تەڤگەر هەڵوێستی خۆی بە ئیرادەیەكی كۆنكرێتی نیشان دا، وتیان، ئیرادەیان بۆ چارەسەری نەگۆڕە و ئەگەر دەوڵەت هەنگاوە پێویستەكان بنێت ئەوا ئەوان ئامادەن. پرۆسەكە لە چوار قۆناغ پێك دێت.
هەر پەیوەست بە قۆناغەكانی داهاتووی پرۆسەكە باكرهان وتیشی، قۆناغی یەكەم كۆتاییهاتن بە شەڕ بوو. ئەمە بەدیهات. ئەوی تریان دانوستانە و ئەمەش بەدی دێت، ئەوی تریش چوارچێوەی یاساییە، ئەمەش سەرەڕای كەموكوڕی و ناتەواوییەكان بەدیهات و تێیداین. ئەوی تریش دیموكراتیكبوونە و ئەمەش لە پێشمانە.
هاوسەرۆكی دەم پارتی تەئكیدی كردەوە، دەبێت یاسای چوارچێوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە بارەی گۆڕانكارییەكان بەسەر دۆخ و پێگەی كاركردنی عەبدوڵا ئۆجەلانیشەوە باكرهان وتی، ئۆجالان ڕۆیشتە شوێنی نوێی لە دوورگەی ئیمراڵیی، لە هەلومەرجی كاركردنی بەڕێزیاندا گۆڕانكاری كرا و سكرتاریەتەكەی بەهێز كرا، ئێمە بۆ یەكەم جارە ئەم زانیارییانە بڵاودەكەینەوە.
باكرهان لە درێژەی قسەكانیدا بانگەوازی لە دەسەڵات كرد هەنگاوی دیموكراتیكانە بگرێتەبەر و وتی، ئێمەش دەڵێین وەرن با داهاتووی توركیا بەیەكەوە بنووسینەوە، دەبێت لە شوێنی چەك، یاسا جێگیر بكرێت. با ئێمە پێكەوە بە دەرگای ئاشتیدا تێپەڕین. با ئەم پەرلەمانە ببێتە پەرلەمانی چارەسەریی پرسی سەد ساڵە.
لە كۆتایی قسەكانیدا هاوسەرۆكی دەم پارتی وتی، ئێمە لە میانی چاوپێكەوتنەكەماندا لەگەڵ نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمان، وتمان كە هەمیشەییبوونی ئاشتی بە دیموكراسی دەكرێت و دەبێت كۆمیسیونی پەرلەمان تەنها چاودێر نەبێت، بەڵكوو پشتگیری لە كۆمەڵگەییكردنی ئاشتی بكات. كورتولموش بە شێوەیەكی ئەرێنی نزیك بووەوە لە ڕەخنە و پێشنیارەكانی ئێمە.