پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عیراق لە قۆناغی كۆتاییدایە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت. پەرلەمانتارانیش داوا دەكەن پێش ناردنی ڕەشنووسەكە، سەرجەم كێشە دارایی و سیاسییەكان، بەتایبەت دۆسیەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان و دەروازە سنوورییەكان یەكلایی بكرێنەوە تا پەسەندكردنی بودجە دوانەكەوێت.
یوسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، بڕیار بوو ئەم هەفتەیە رەشنووسی یاسای بودجە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە، ئەو پێی وایە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران ئەم كاتە بقۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و شایستە داراییە هەڵپەسێردراوەكان، نەوەك ڕەشنووسەكە بە ناتەواوی بنێرێتە پەرلەمان و گفتوگۆكان ئاڵۆزتر بكات. ناوبراو هۆكاری دواكەوتنەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە بۆ یەكەمجار لە پاڵ خشتە داراییەكاندا، كار بە بودجەی بەرنامە و ئەدا دەكرێت، ئەمەش پێویستی بە وردبینی و خوێندنەوەی زیاتر هەیە. لە كۆتاییشدا پێشبینیی كرد هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیران دەنگ لەسەر پڕۆژەكە بدات و رەوانەی پەرلەمانی بكات.
هاوكات دكتۆر غوفران شەمەری ئەندامی لیژنەی دارایی باسی لەوەكرد، بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، پێویستە سەرجەم بەندەر و دەروازە سنوورییەكان بخرێنە ژێر كۆنترۆڵی فیدراڵییەوە و سیستەمی مۆدێرنی گومرگی ئەسیكۆدا جێبەجێ بكرێت. چارەسەركردنی ئەم پرسەش پەیوەستە بە رێكخستنی پەیوەندییە داراییەكانی نێوان بەغداد و هەرێمی كوردستانەوە.