عەلی زەیدی سەردانەكەی بۆ لوبنان دواخست

عیراق 10:39 AM - 2026/11/18


هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ چوار شەممە عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی لوبنان بكات ،بەڵام سەردانەكە بەهۆی بارودۆخی ناوخۆیی و كێشە ئەمنییەكانەوە بۆ كاتێكی تر دواخرا .
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی باڵیۆزخانەی عیراق لە بەیروت ، سەردانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عەلی زەیدی بۆ پایتەختی لوبنان بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە. ئەمەش دوای چەند سەعاتێك دێت لەوەی هەر باڵیۆزخانەكە رایگەیاندبوو، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە زەیدی لە بەیروت بێت بە مەبەستی كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەكان، هیچ هۆكارێكی رەسمی لە لایەن نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە بۆ دواخستنی گەشتەكە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بڕیارەكە لە كاتێكدایە كە سەرۆك وەزیران سەرقاڵی چاودێریكردنی دۆخی ئەمنیی ناوخۆ و دۆسیە هەستیارەكانی پەیوەست بە ململانێی گرووپە چەكدارەكان و لێكۆڵینەوەكانی بەقاچاخبردنی نەوتە.
دواخرانی ئەم سەردانەی عەلی زەیدی  هاوكاتە لەگەڵ دروستبونی قەیرانی ئەمنی لە ناوچەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل و رووبەڕووبونەوەی حكومەت لەگەڵ كەتائیبی حزبوڵا لەسەر قاچاخی نەوت. سەرۆك وەزیرانی عیراق شەوی رابردوو لە بەغدا لەگەڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران كۆبوەوە و بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی كۆبونەوە نائاساییەكانی كابینەكەی بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو