عیماد ئەحمەد 10:33 AM - 2026/11/16

هەندێ جار وا هەست دەکەم، ئەوەندەی هەوڵمداوە خەڵک بناسم، ئەوەندە لە خۆم ورد نەبوومەتەوە. قسەیەک دەبیستین و پەلە دەکەین لە حوکمدان، بەڵام کە نۆرەی خۆمان دێت، هەزار بیانوو لەبەردەم ئاوێنەکە ریز دەکەین، تا ئەوەی دەیبینین لەوەی هەین جوانتر بێت.
لە خەیاڵمدا، قەقنەسێک لە ئاسمانی شارەزوور باڵدەگرێت، ئاسکێک لە دەشتی گەرمیاندا رادەکات و ماسییەک لە ئەڵوەندا دژی رەوتی ئاو مەلە دەکات. یەکێک لە ئەفسانەدا لە خۆڵەمێشی خۆی هەڵدەستێتەوە، یەکێک لە راوچی دەربازی دەبێت و یەکێک لەو ئاوەدا دەژی کە ئەوانی تر تێیدا دەخنکێن.
ئەگەر قەقنەس داوای باڵگرتن لە ئاسک بکات و ئاسک داوای راکردن لە ماسی، هەریەکەیان خۆی کردووەتە پێوەری ژیانی ئەوی تر. ئێمەش لە کەنارێکی ئارامەوە حوکم بەسەر ئەوەدا دەدەین کە لەناو شەپۆلدایە، لە سووتاوێک دەخوازین لە خۆڵەمێشی خۆی هەستێتەوە، بێ ئەوەی بپرسین چەند جار سووتاوە.
 دادپەروەری لە تێگەیشتن لە بارودۆخی ئەویترەوە دەست پێ دەکات، دووریی رێگا بە تەنیا پێوەری ماندووبوون نییە. ئەوەندەش هەوڵ دەدەین خەڵک رازی بکەین، خۆمان لەبیر دەکەین. وشەیەک دەخۆینەوە، هەڵوێستێک دوا دەخەین و ماندووبوونمان بە پێکەنین دادەپۆشین، تا رۆژێک دەبینین هەمووان لە ژیانماندا شوێنیان هەیە، جگە لە خۆمان.
سێ کورسی لە دەوری مێزێک لە کەناری ئەڵوەن دادەنێم، بۆ منی دوێنێ، منی ئەمڕۆ و منی سبەینێ. ئەوەی دوێنێ بە گەرمی دێت، ئەوەی ئەمڕۆ بەهێمنی دادەنیشێت. کورسی سبەینێ بەتاڵە، بەڵام پرسیارەکانی ئامادەن. منی دوێنێ دەڵێت: «بۆ گۆڕینی جیهان هەستاین، بۆچی ئەوەندە پرسیار لە خۆت دەکەیت؟» دەڵێم: «دەترسم بە ناوی گۆڕانکارییەوە، ئەوە دووبارە بکەمەوە کە رۆژێک دژی وەستابووم.»
- «پەشیمانیت؟»
+ «لە خەبات بۆ ئازادیی هەرگیز، بەڵام دەبێت بپرسم لە کوێدا باوەڕم بە خۆم رێگریی لە گوێگرتن لە ئەوانیتر کردووە؟»
دانپێدانان بە هەڵە ئاسان نییە، بە تایبەتی بۆ ئەوەی تەمەنێکی لە پێناو باوەڕێکدا بەختکردووە، بەڵام رابردوو ئەوەندە لاواز نییە کە راستییەک بیڕوخێنێت، ئەو درۆیانە لاوازی دەکەن کە بۆ پاراستنی رابردوو دەیانچنین.
لە یادەکانی خەباتدا، رووخسارەکان زووتر لە بەروارەکان دێنەوە بەرچاوم. ئەوانەی رۆیشتن، بە تەمەنی دوا دیدار ماونەتەوە، ئێمە پیردەبین و ئەوان بە چاوی گەنجییەوە لێمان دەڕوانن. ئەگەر ئەمڕۆ لێرە بوونایە، دەمتوانی هەموو بڕیارەکانمیان بۆ روونبکەمەوە؟ نابێت لە جیاتی ئەوان وەڵام بدەینەوە، وەفاداری بۆ یادیان لە راستگۆیی لەگەڵ زیندووەکاندا تاقی دەکرێتەوە.
کێشەکە ئەوەیە ناوی حیکمەت لە ترسمان بنێین، حەزی دەسەڵات بە بەرپرسیارێتی دابپۆشین و بەرژەوەندیی خۆمان لەپشت بەرژەوەندیی گشتی حەشار بدەین. ئەوسا غەریزە بە زمانی ئەخلاق قسە دەکات.
«خۆت بناسە» پەندێکی کورتە بە رێگایەکی درێژەوە. بۆچی هەمان رەخنە لە هاوڕێ قبووڵ دەکەم و لە نەیار نەخێر؟ بۆچی بۆ هەڵەی نزیکەکانم پاساو دەهێنمەوە و لەبەردەم خواردنی مافی کەسێکی بێ‌ پشت‌ و پەنادا بێدەنگم؟
تەرازووی ئەخلاق لێرەدا تاقی دەکرێتەوە. دادپەروەری، هەمیشە وەستان لە ناوەڕاستدا نییە، بە یەک چاو سەیرکردنی زۆردار و زۆرلێکراو دەتوانێت ستەمێکی دیکە بێت. دەتوانین لەگەڵ کەسێک ناکۆک بین و مافەکەی بپارێزین، کەسێکمان خۆش بوێت و هەڵەکەشی پێ بڵێین.
منی دوێنێ دەڵێت: «لە خەباتدا هەمیشە دەرفەتی وردبوونەوە نییە.»
دەڵێم: «ئەگەر ئەوسا نەبوو، ئێستا هەیە.»
لە سیاسەتدا ناسینی واقیع پێویستە، بەڵام ئەگەر هەموو شتێک بە ناوی واقیع قبووڵ بکەین، خەبات بۆچییە؟ نابێت ناوی چارەنووس لە ئازاری خەڵک بنێین. گفتوگۆ، گوێگرتنی دەوێت، تەنانەت ئەگەر هاوڕاش نەبین، دەبێت بتوانین رای یەکتری بەبێ شێواندن بگێڕینەوە. وڵات بە تووڕەیی بەڕێوە ناچێت.
لە کورسیی سبەینێوە دەنگێک دێت: «چی بۆ من بەجێ دەهێڵن؟»
منی دوێنێ دەڵێت: «خەونێک.»
دەڵێم: «ئەزموونێک، بە رووناکی و هەڵەکانییەوە.»
منی سبەینێ دەڵێت: «هەردووکیانم دەوێت، بەڵام مەمکەن بە پاسەوانی هەموو بڕیارەکانتان.»
نەوەی نوێ مافی پرسیاری خۆی هەیە. دەستکەوتەکانمان با زەمینێک بن بۆ هەنگاوەکانیان، نەک سنوورێک بە دەوری ژیانیان. حوکمدان دەسپێرین بە دادگای مێژوو، بەڵام مێژووش بە دەستی مرۆڤ دەنووسرێت و هەموو دەنگەکان بە یەکسانیی تێیدا نابیسترێن. ئەوەی ئەمڕۆ مافەکەی خوراوە، پێویستی بە دادی ئەمڕۆیە، ستایشی نەوەکانی داهاتوو، نان ناخاتە سەر سفرەکەی.

 

وتارەکانی نوسەر