عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
هەر کاتێک بۆنی نانی گەرمی تەنوورم پێ دەگات، نەنکم هاجەر دێتەوە بەرچاوم؛ بە دەست و مەچەکە ئەستوورەکانی، بەو رووخسارەی لە گەرمیی تەنووردا سوور هەڵگەڕابوو، بەو باوەشەی کە جێی سێ کوڕی تێدا چۆڵ بوو و منی تێدا توند دەگرت. ماچی هەردوو چاومی دەکرد، تێر تێر بۆنی دەکردم و دەیگوت: «بۆنی موحسین-ت لێ دێت.»
ئەوسا هەستم بە گەرمیی باوەشەکەی دەکرد؛ ئێستا زیاتر لە ئازارەکەی تێدەگەم. دایکێک بوو کە لە رێگەی بۆنی نەوەکەیەوە، بەدوای کوڕە دوورەکەیدا دەگەڕا.
نەنکم، هاجەر سلێمان جەمال بەگ کەمال بەگ، لە ساڵی 1910 لە خانەقین لەدایک بووە؛ لە شاری ئەڵوەن، لەو خاکەی کە ئاو و خۆر و دارخورما بەشێکن لە یادەوەریی خەڵکەکەی. کاتێک بیر لە خانەقینی ئەو رۆژگارە دەکەمەوە، شارێک دێتە خەیاڵم کە ژیانی لەنێوان رووبار و بازاڕ و رێگای کاروانەکاندا دەسووڕایەوە. دەنگی پیشەوەران لە تاریکەبازاڕ دەبیسترێت و هەواڵی شوێنە دوورەکان لەگەڵ رێبواراندا دەگاتە ناو خانەکان. لەو شارەدا منداڵێک چاوی بە ژیان هەڵهێنا، ناوی لێنرا «هاجەر» و دواتر بووە پشت و پەنای خێزانێک. لە کۆتایی ساڵی 1930، هاجەر هاوسەرگیریی لەگەڵ عەلی ئەکبەر قاسم کرد و لە جەلەوە نیشتەجێبوون. ژیانی هاوبەشیان تا ساڵی 1951 بەردەوام بوو تا ئەو ساڵە عەلی ئەکبەر بەنەخۆشییەکی کتوپر کۆچی دوایی کرد و هاجەر بە شەش منداڵەوە مایەوە: سێ کچ و سێ کوڕ. لە تەمەنی چل و یەک ساڵیدا بەرپرسیارێتیی ماڵ و بژێوی ژیانیان و بەخێوکردنی شەش منداڵی کەوتە سەرشان.
نەنکم بە نانەوایی منداڵەکانی بەخێو کرد. بە رەنجی دەست و ئارەقی ناوچەوان، لەبەردەم تەنووردا وەستا؛ لە هاوینەکانی خانەقین، کە گەرماکەی هەناسەی مرۆڤ دەبڕێت، ئەو دەبوو نزیکترین بێت لە ئاگر. هەر نانێک کە لە تەنوورەکەی دەردەچوو، بەشێک لە ماندووبوونی ئەوی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرت و دەبووە بژێوی منداڵەکانی.
هەندێ جار بیر دەکەمەوە، ئێمە چەند جار نانمان خواردووە، بێ ئەوەی لە دەستی ئەو کەسە وردببینەوە کە نانەکەی پێ گەیاندووین؟ لە دەستەکانی نەنکمدا دەکرا مێژووی ماڵەکەمان بخوێندرێتەوە؛ رەنگی ئاگر و نیشانەی کار و ئەو رەنجەی بەکەمی باسی دەکرد.
نەنکم ژنێکی بەژن و بالا رێک بوو؛ پێستێکی گەنمڕەنگی روون و قژ و برۆ و برژانگێکی رەشی هەبوو. چاوە زەردباوەکانی زەردێنەی هێلکەیان دەخستەوە بیرم. لووتێکی قەنج و چەناگەیەکی خڕی هەبوو. ددانە سپی و وردەکانی وەک مرواری بوون و دەموچاوە پان و خڕەکەی لە مانگی چواردە دەچوو. زۆربەی کات جلی رەش یان شینی لەبەردا بوو، بە بۆیەمە و فۆتە سەری دەپێچایەوە. لەژێر ئەو جل و بەرگە سادەیەدا کەسایەتییەکی بەهێز هەبوو کە لە یەکەم دانیشتندا هەستت پێ دەکرد.
بە زمانی ئەمڕۆ، جوانییەکی هۆلیوودی هەبوو. بە خۆم دەڵێم ئەگەر مستەفا عەقاد، دەرهێنەری فیلمی «ریسالە»، بیبینیایە، رۆڵێکی شایستەی پێ دەسپارد؛ ئەو رووخسار و هەیبەتە بۆ کامێراش دەگمەن بوون. لە گەڕەکدا، بە رەقیی هەڵوێستەکانی، مارگرێت تاتچەرێک بوو؛ لە مەجلیسیشدا شیرینکەلام. دەیزانی کەی بە قسەیەک دڵێک بکاتەوە و کەی بە هەڵوێستێک سنوورێک دابنێت. منداڵەکانی گەورە بوون؛ کچەکان شوویان کرد و کوڕەکان دامەزران. نەنکم وازی لە نانەوایی هێنا و بۆ ماوەیەک لە سێبەری کوڕەکانیدا حەسایەوە، بەڵام رۆژگار ئەو پشوودانەشی پێ رەوا نەبینی؛ تووشی نەخۆشی بوو و تامی شیرینیی ئەو ژیانەی بە دڵی خۆی نەچەشت.
رۆژگار نەنکمی هەر بە رەنجی نانپەیداکردن و نەخۆشی تاقی نەکردەوە. قۆناغێک هات کە چاوەڕوانی و بێ هەواڵیی بۆ ئەو، لە ماندووبوونی تەنووریش قورستر بوون.
لە سەرەتای ساڵی 1979دا، دوای ئاشکرابوونی هێڵێکی رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لەلایەن موخابەراتی عیراقەوە، موحسینی خاڵم بەڕێکەوت نەکەوتە دەستیان و رزگاری بوو. لە رێگەی شاخی سورێنەوە پەیوەندیی بە شۆڕشەوە کرد، بەڵام دوو خاڵەکەی ترم، سەعدوڵڵا و ئەنوەر بەهۆی ئەوەوە گیران و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ بێسەروشوێن بوون.
لە ماڵەکەی نەنکمدا جێی هەر سێ کوڕ چۆڵ بوو. دووانیان لە دەستی موخابەراتدا بوون و هیچ هەواڵێکیان نەدەگەیشت؛ بچووکەکەشیان بەبێ ماڵئاوایی رووی لە شاخ کردبوو. ئەو بە یادگارییەکانیان و بە دەنگی ئەو قسانە دەژیا کە لە گوێیدا مابوونەوە. بۆ دایک، بێهەواڵیی کاتێکی درێژە کە کۆتاییەکەی نادیارە. رۆژ تێدەپەڕێت، بەڵام دڵ هەر لە هەمان شوێندا دەوەستێت؛ لەو ساتەی کە منداڵەکەی لەبەرچاو ون بووە. نەنکم لەو چاوەڕوانییەدا دەژیا و هێشتا دەبوو خۆڕاگربێت. کە دەیگوت «بۆنی موحسین-ت لێ دێت»، هەستم دەکرد لەو ساتەدا موحسین-یش لە نێوانماندایە. من و خاڵم موحسین ئەوەندە لە یەک نزیک بووین کە لە چاوی نەنکمدا وەک یەک ڕۆح بووین لە دوو جەستەدا. ژنانی گەڕەک بۆ دڵنەوایی سەردانی نەنکمیان دەکرد؛ دەهاتن بە قسەیەک باری خەمی سووک بکەن و داوای سەبری لێ بکەن. نەنکیشم بە زەردەخەنەیەکەوە ئەم پەندەی دەگوتەوە:
تا خودا مایە،
لە سوڵتان مەبیچ،
ئەگەر خودا هەڵگەریا،
سەد سوڵتان وەهیچ.
ئەم چوار دێڕە لە دەمی ئەوداسەنگ و چێژ و واتای خۆیان هەبوو. ژنێک دەیگوتن کە دوو کوڕی لە دەستی رژێمی بەعسدا بێسەروشوێن کرابوون و سێیەمیشیان لە شاخ بوو. نەنکم دەیزانی ئەو رژێمە چەند زاڵمە و چۆن دەتوانێت ماڵێک بخاتە چاوەڕوانیی هەواڵێکەوە؛ بەڵام نەیدەویست ترس ببێتە خاوەنی دڵی.
ئەمڕۆ، دوای ئەو هەموو ساڵە، لەو پەندەدا هەڵوێستی نەنکم دەبینمەوە: پشت بە خودا ببەستە و لەبەردەم زۆرداردا خۆت مەشکێنە. بەهیوای پشتیوانیی سوڵتانیش دەست لە سەربەرزیی خۆت هەڵمەگرە. دەسەڵات دێت و دەڕوات، بەڵام مرۆڤ دەبێت بتوانێت لەگەڵ ویژدانی خۆیدا بژی. نەنکم ئەم تێگەیشتنەی بە ژیانی خۆی گەیاندە ئێمە؛ بە بەخێوکردنی شەش منداڵ، بە وەستان لەبەردەم تەنوور و بە خۆڕاگرتن لە رۆژانی بێ هەواڵیی جگەرگۆشەکانی. هێزی ئەو لەوەدا بوو کە لەگەڵ هەموو ئەو رەنجەدا، هێشتا باوەشێکی گەرمی بۆ ئێمە پێ مابوو.
سەد حەیف و مەخابن، لە هاوینی ساڵی 1994، کەمتر لە چل رۆژ دوای شەهیدبوونی کچەزاکەی، خالید، ئەویش رۆحی فڕی بۆ ئاسمان. لە تەنیشت شەهید خالید-ەوە بە خاک سپێردرا و خاکی پیرۆزی کوردستان بووە ماڵی هەتاهەتاییان.
ئێستا کە ناوی نەنکم دەنووسم، زیاتر لە هەر شتێک دەستەکانی دێنەوە بەرچاوم؛ ئەو دەستانەی نانیان پێ دەداین و دەیانگرتینە باوەش. لەگەڵیاندا دەنگەکەشی دەگەڕێتەوە کە دەیگوت: «بۆنی موحسین-ت لێ دێت.»
نەنە گیان ئێستاش بۆنی نانی گەرم، تۆم بیر دەخاتەوە؛ هەر کاتێکیش زۆردار دەیەوێت ترس بخاتە دڵمەوە، دەنگی تۆ دەبیستم کە دەڵێیت: «لە سوڵتان مەبیچ.».