عیماد ئەحمەد 12:09 PM - 2026/11/10

عیماد ئەحمەد

هەر کاتێک بۆنی نانی گەرمی تەنوورم پێ دەگات، نەنکم هاجەر دێتەوە بەرچاوم؛ بە دەست و مەچەکە ئەستوورەکانی، بەو ڕووخسارەی لە گەرمیی تەنووردا سوور هەڵگەڕابوو، بەو باوەشەی کە جێی سێ کوڕی تێدا چۆڵ بوو و منی تێدا توند دەگرت. ماچی هەردوو چاومی دەکرد، تێر تێر بۆنی دەکردم و دەیگوت: «بۆنی موحسینت لێ دێت.»

ئەوسا هەستم بە گەرمیی باوەشەکەی دەکرد؛ ئێستا زیاتر لە ئازارەکەی تێدەگەم. دایکێک بوو کە لە ڕێگەی بۆنی نەوەکەیەوە بەدوای کوڕە دوورەکەیدا دەگەڕا.

نەنکم، هاجەر سلەیمان جەماڵ بەگ کەماڵ بەگ، لە ساڵی ١٩١٠ لە خانەقین لەدایک بووە؛ لە شاری ئەڵوەن، لەو خاکەی کە ئاو و خۆر و دارخورما بەشێکن لە یادەوەریی خەڵکەکەی. کاتێک بیر لە خانەقینی ئەو ڕۆژگارە دەکەمەوە، شارێک دێتە خەیاڵم کە ژیانی لە نێوان ڕووبار و بازاڕ و ڕێگای کاروانەکاندا دەسووڕێتەوە؛ دەنگی پیشەوەران لە تاریکەبازاڕ دەبیسترێت و هەواڵی شوێنە دوورەکان لەگەڵ ڕێبواراندا دەگاتە ناو خانەکان. لەو شارەدا، منداڵێک چاوی بە ژیان هەڵهێنا کە ناوی لێنرا «هاجەر» و دواتر بووە پشتی خێزانێک.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٠، هاجەر هاوسەرگیری لەگەڵ عەلی ئەکبەر قاسم دەکا و لە جەلەوە نیشتەجێ بوون. ژیانی هاوبەشیان تا ساڵی ١٩٥١ بەردەوام بوو؛ ئەو ساڵە عەلی ئەکبەر بەنەخۆشیەکی کوتوپر، کۆچی دوایی دەکاتو هاجەر بە شەش منداڵەوە مایەوە: سێ کچ و سێ کوڕ. لە تەمەنی چل و یەک ساڵیدا، بەرپرسیارێتیی ماڵ و بژێوی و بەخێوکردنی شەش منداڵ کەوتە سەر شانی.

نەنکم بە نانەوایی منداڵەکانی بەخێو کرد. بە ڕەنجی دەست و ئارەقی ناوچەوان، لەبەردەم تەنووردا وەستا؛ لە هاوینەکانی خانەقین، کە گەرماکەی هەناسەی مرۆڤ دەبڕێت، ئەو دەبوو نزیکتر لە ئاگر بێت. هەر نانێک کە لە تەنوورەکەی دەردەچوو، بەشێک لە ماندووبوونی ئەوی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرت و دەبووە بژێوی منداڵەکان.

هەندێ جار بیر دەکەمەوە، ئێمە چەند جار نانمان خواردووە، بێ ئەوەی لە دەستی ئەو کەسە ورد ببینەوە کە نانەکەی پێ گەیاندووین؟ لە دەستەکانی نەنکمدا دەکرا مێژووی ماڵەکەمان بخوێندرێتەوە؛ ڕەنگی ئاگر و نیشانەی کار و ئەو ڕەنجەی کەم باسی دەکرد.

نەنکم ژنێکی بەژن‌وبالای ڕێک بوو؛ پێستێکی گەنمڕەنگی ڕوون و قژ و برۆ و برژانگی ڕەشی هەبوو. چاوە زەردباوەکانی زەردێنەی هێلکەیان دەخستەوە بیرم. لووتێکی قەنج و چەناگەیەکی خڕی هەبوو. ددانە سپی و وردەکانی وەک مرواری بوون و دەموچاوە پان و خڕەکەی لە مانگی چواردە دەچوو. زۆربەی کات جلی ڕەش یان شینی لەبەر بوو، بە بۆیەمە و فۆتە سەری دەپێچایەوە. لە ژێر ئەو جلوبەرگە سادەیەدا کەسایەتییەکی بەهێز هەبوو کە لە یەکەم دانیشتندا هەستت پێ دەکرد.

بە زمانی ئەمڕۆ، جوانییەکی هۆلیوودی هەبوو. بە خۆم دەڵێم، ئەگەر مستەفا عەقاد، دەرهێنەری فیلمی «ڕیسالە»، بیبینیایە، ڕۆڵێکی شایستەی پێ دەسپارد؛ ئەو ڕووخسار و هەیبەتە بۆ کامێراش دەگمەن بوون.

لە گەڕەکدا، بە ڕەقیی هەڵوێستەکانی، مارگرێت تاتچەرێک بوو؛ لە مەجلیسیشدا شیرینکەلام. دەیزانی کەی بە قسەیەک دڵێک بکاتەوە و کەی بە هەڵوێستێک سنوورێک دابنێت.

منداڵەکانی گەورە بوون؛ کچەکان شوویان کرد و کوڕەکان دامەزران. نەنکم وازی لە نانەوایی هێنا و بۆ ماوەیەک لە سێبەری کوڕەکانیدا حەسایەوە. بەڵام ڕۆژگار ئەو پشوودانەشی پێ ڕەوا نەبینی؛ تووشی نەخۆشی بوو و تامی شیرینیی ئەو ژیانەی بە دڵی خۆی نەچێشت.

ڕۆژگار هەر بە ڕەنجی نانپەیداکردن و نەخۆشی تاقی نەکردەوە. قۆناغێک هات کە چاوەڕوانی و بێهەواڵی لە ماندووبوونی تەنووریش قورستر بوون.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩، دوای ئاشکرابوونی هێڵێکی ڕێکخستنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لەلایەن موخابەراتی عێراقەوە، خاڵم موحسین بە ڕێکەوت نەکەوتە دەستیان و ڕزگاری بوو. لە ڕێگەی شاخی سوڕێنەوە پەیوەندی بە شۆڕشەوە کرد. بەڵام دوو خاڵەکەی ترم، سەعدوڵڵا و ئەنوەر، بەهۆی ئەوەوە گیران و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ بێسەروشوێن بوون.

لە ماڵەکەی نەنکمدا جێی هەر سێ کوڕ چۆڵ بوو. دووانیان لە دەستی موخابەراتدا بوون و هیچ هەواڵێکیان نەدەگەیشت؛ بچووکەکەشیان بەبێ ماڵئاوایی ڕووی لە شاخ کردبوو. ئەو بە یادگارییەکانیان و بە دەنگی ئەو قسانە دەژیا کە لە گوێیدا مابوونەوە.

بۆ دایک، بێهەواڵی کاتێکی درێژە کە کۆتاییەکەی نادیارە. ڕۆژ تێدەپەڕێت، بەڵام دڵ هەر لە هەمان شوێندا دەوەستێت؛ لەو ساتەی کە منداڵەکەی لەبەرچاو ون بووە. نەنکم لەو چاوەڕوانییەدا دەژیا و هێشتا دەبوو خۆی ڕابگرێت.

کە دەیگوت «بۆنی موحسینت لێ دێت»، هەستم دەکرد لەو ساتەدا موحسینیش لە نێوانماندایە. من و خاڵم موحسین ئەوەندە لە یەک نزیک بووین کە لە چاوی نەنکمدا وەک یەک ڕووح بووین لە دوو جەستەدا.

ژنانی گەڕەک بۆ دڵنەوایی سەردانی نەنکمیان دەکرد؛ دەهاتن بە قسەیەک باری دڵی سووک بکەن و داوای سەبری بۆ بکەن. نەنکمیش بە زەردەخەنەیەکەوە ئەم پەندەی دەگوتەوە:

تا خودا مایە،
لە سوڵتان مەبیچ،
ئەگەر خودا هەڵگەریا،
سەد سوڵتان وەهیچ.

ئەم چوار دێڕە لە دەمی ئەودا کێش و واتای خۆیان هەبوو. ژنێک دەیگوتن کە دوو کوڕی لە دەستی ڕژێمی بەعسدا بێسەروشوێن بوون و سێیەمیشیان لە شاخ بوو. نەنکم دەیزانی ئەو ڕژێمە چەند زاڵمە و چۆن دەتوانێت ماڵێک بخاتە چاوەڕوانیی هەواڵێکەوە؛ بەڵام نەیدەویست ترس ببێتە خاوەنی دڵی.

ئەمڕۆ، دوای ئەو هەموو ساڵە، لەو پەندەدا هەڵوێستی نەنکم دەبینمەوە: پشت بە خودا ببەستە و لەبەردەم زۆرداردا خۆت مەشکێنە. بە هیوای پشتیوانیی سوڵتانیش دەست لە سەربەرزیی خۆت هەڵمەگرە. دەسەڵات دێت و دەڕوات، بەڵام مرۆڤ دەبێت بتوانێت لەگەڵ ویژدانی خۆیدا بژی.

نەنکم ئەم تێگەیشتنەی بە ژیانی خۆی گەیاندە ئێمە؛ بە بەخێوکردنی شەش منداڵ، بە وەستان لەبەردەم تەنوور و بە خۆڕاگرتن لە ڕۆژانی بێهەواڵیدا. هێزی ئەو لەوەدا بوو کە، لەگەڵ هەموو ئەو ڕەنجە، هێشتا باوەشێکی گەرمی بۆ ئێمە مابوو.

سەد حەیف و مەخابن، لە هاوینی ساڵی ١٩٩٤، کەمتر لە چل ڕۆژ دوای شەهیدبوونی کچەزاکەی، خالید، ئەویش ڕووحی فڕی بۆ ئاسمان. لە تەنیشت شەهید خالید بە خاک سپێردرا و خاکی پیرۆزی کوردستان بووە ماڵی هەتاهەتاییان.

ئێستا کە ناوی نەنکم دەنووسم، زیاتر لە هەر شتێک دەستەکانی دێنەوە بەرچاوم؛ ئەو دەستانەی نانیان پێ دەداین و دەیانگرتینە باوەش. لەگەڵیاندا دەنگەکەشی دەگەڕێتەوە: «بۆنی موحسینت لێ دێت.»

نەنە گیان، ئێستاش بۆنی نانی گەرم تۆم بیر دەخاتەوە؛ هەر کاتێکیش زۆردار دەیەوێت ترس بخاتە دڵمەوە، دەنگی تۆ دەبیستم: «لە سوڵتان مەبیچ.»

وتارەکانی نوسەر