دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران دووبارە كرایەوە

کوردستان 02:46 PM - 2026/11/10

 دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران دووبارە كرایەوە و بڕیاریشە لە رۆژی هەینی داهاتووەوە دەروازەی مەندلی بە مەبەستی چاكسازی بە شێوەیەكی كاتی دابخرێت.

فەریق عومەر وائیلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق، رایگەیاند، دەروازەی سنووری شەیب لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە دوای تەواوكردنی پێداویستییە تەكنیكییەكان دووبارە دەكرێتەوە. راشیگەیاند، بڕیاردراوە لە رۆژی هەینی داهاتووەوە، دەروازەی سنووریی مەندەلی بە شێوەیەكی كاتی بەمەبەستی تەواوكردنی پێداویستییە تەكنیكییەكان دابخرێت.

لە 12ی ئەیلوولی 2026، لەكاتی هێرشی درۆنی بۆ سەر بۆریی نەوتی (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) لە شانشینی سعودیە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمانی كرد بە داخستنی چەند دەروازەیەكی سنووریی نێوان عیراق و ئێران.
جا عیراق چوار دەروازەی هاوسنووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە كە بریتین لە، دەروازەی شەلامچە لە بەسرە، شەیب لە مەیسان، زرباتیە(میهران) لە واست، مونزریە لە دیالە.

لە مانگی رابردوودا، حكومەتی عیراق بڕیاری داخستنی دەروازەی شەیب-ی دا، كە ئەمەش نیگەرانی لای وەزارەتی ناوخۆی ئێران لێكەوتەوە سەبارەت بە نەبوونی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە. هەروەها داخستنی دەروازەی شەیب قەیران و ناڕەزایەتییەكی سیاسیی توندی لێكەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی عیراق ئاماژەی بە داوایەكی رەسمی ئەمریكا كرد بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران.

دەروازەی شەیب دەكەوێتە قەزای كەحلای پارێزگای مەیسان، (لە لایەنی ئێران بە چەزابە ناسراوە)، دەكەوێتە پارێزگای خوزستان و یەكێكە لە دەروازە بازرگانی و گەشتیارییە گرنگەكانی نێوان عێراق و ئێران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو