لەپاشخانی هێرشە
ئەلیكترۆنییەكانی مانگی رابردوو كە ئامێرەكانی ساردكەرەوەی لە سەدان فرۆشگای گەورەدا
كردە ئامانج و پلەی گەرمییانی بەرزكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، باڵیۆزی ئێران-ی
لە پاریس بانگهێشت كرد.
پێش روونكردنەوەی
هەواڵەكە سەرنجتان بۆ سەرەتای بابەتەكە رادەكێشم، لەنێوان شەوی 11 و 12ی مانگی تشرینی
یەكەم، سەدان فرۆشگای گەورە لە فەڕەنسا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپا بە هێرشێكی ئەلیكترۆنی
كرانە ئامانج.
جا هێرشەكە چۆن
بوو و چ زیانێكی گەیاند؟
هاككەرەكان سیستمی
كۆنتڕۆڵكردنی پلەی گەرمی ئەو ساردكەرەوە و بەفرگرە گەورانەیان هاك كرد كە بە ئینتەرنێتەوە
بەستراونەتەوە. "بەكوردییەكەی دەستكاری پلەی گەرمییان كرد"، بەهۆی بەرزبوونەوەی
لەناكاوی پلەی گەرمیی ساردكەرەوەكان، بڕێكی یەكجار زۆر لە كەلوپەلی خۆراكی خراپ
بوون.
لە هەندێك شوێنیشدا
كێشەكە بووە هۆی شۆرتی كارەبایی و كەوتنەوەی ئاگركەوتنەوەی بچووك لەناو بەفرگرەكاندا.
زیانە داراییەكانیش بە دەیان ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێن.
دواتر حكومەتی
فەرەنسا بە رەسمی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە تۆمەتبار كرد. وەزارەتی
دەرەوەش لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، بەیانی رۆژی سێشەممە "واتا ئەمڕۆ"
باڵیۆزی ئێران بانگهێشت كراوە، ئەمەش رێكارێكە كە رۆژی دووشەممە ژان نوێل بارۆ، وەزیری
دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاندبوو، ئاماژەبەوەشكراوە، لەلایەن سكرتێری گشتی وەزارەتەكەوە
پێشوازی باڵیۆزەكە كراوە.
پێشتر بارۆ
سوپای پاسدارانی ئێرانی وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی" وەسف كرد كە لە پشت
هێرشە ئەلیكترۆنییەكەیە. وتیشی، هێرشەكە سەدان ساردكەرەوەی پەیوەندیدار بە ئینتەرنێتی
لە فرۆشگا گەورەكاندا كردووەتە ئامانج.
راشیگەیاند، فەڕەنسا
پێشتر هێرشێكی ئەلیكترۆنی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە كە ئامانجی تێكدەرانە بێت بەم
قەبارە فراوانە و هێرشەكەی بە پێشێلكارییەكی توند بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی وڵات و
ئاسایشی هاووڵاتیانی فەڕەنسا دانا.
وەزیری دەرەوەی
فەڕەنسا تەئكیدی لەوەكردەوە، وڵاتەكەی داوای سەپاندنی سزای ئەوروپی دەكات بەسەر سەرجەم
لێپرسراوانی هێرشەكەدا، لەگەڵ گرتنەبەری ئەو رێكارانەی كە بە گونجاو و هاوتای دەزانێت
بۆ وەڵامدانەوەی و رێگریكردن لە هەر لایەنێك لە دووبارەكردنەوەی.