بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی:لە زۆربەی ناوچەكان پەڵەی داوە

کوردستان 11:47 AM - 2026/11/10

ئاسۆ كەمال بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی ڕایگەیاند، بڕێكی زۆر باران باریوە و لە زۆرینەی ناوچەكانی وەك هەڵەبجە، ڕاپەڕین و تەنانەت سلێمانیش پەڵەی داوە.

ئاماژەی بەوەشداوە،بەهۆی ئەوەی هەندێك ناوچەی وەك گەرمیان كە سروشتی زەوییەكەی سەختە درەنگتر پەڵە دەدات و پێویستی بە بڕێكی زیاتر باران هەیە،لەهەمان كاتدا ئەمساڵ تاوەكو ئێستا لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 100 ملیمەتر باران باریوە.

دەشڵێت، ساڵی ڕابردوو لەمكاتەدا بڕی بارانبارین سفر بووە و هیچ بارانێك نەباریبوو لەگەڵ ئەوەشدا،بە هەندێك پاڵنەر و هۆكاری دیكە دەتوانین بڵێین زستانی ئەمساڵ پڕ باران دەبێت.
ئاسۆ كەمال ووتیشی،ئەمساڵ بەهۆی بەهێزی دیاردەی ئالنینۆ، بەرزونزمی شەپۆلەكانی جەمسەری باكور، ئەتڵەسی و زەریای هیندی، سەرجەمیان هۆكاری ئەرێنین و ئاماژەن بۆئەوەی ساڵێكی پڕ بارانمان دەبێت.

پەڵە، لە ڕووی زانستی كشتوكاڵی و ئەزموونی جووتیارانەوە ئەو بڕی باران بارینە دەگرێتەوە كە زەوی دەخوسێنێت و گاسن خۆڵی وشك ناهێنێتە دەرەوە، لەم كاتەدا زەوییە كشتوكاڵییەكان ئامادە دەبن بۆ كێڵان و داچاندن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو