لە دوای هەڕەشەیەكی ئێران؛ ئەمریكا فڕۆكەكانی لە بنكەیەكی سەربازیی بەریتانیا گواستەوە

عیراق 11:43 AM - 2026/11/10

رۆژنامەی "وول ستریت جۆرناڵ"، رایگەیاند، ئەمریكا رۆژی دووشەممە فڕۆكە سەربازییەكانی لە بنكەی ئاسمانی میڵدنهال لە بەریتانیا گواستووەتەوە، ئەمەش لە دوای هەڕەشەیەكی ئێران، بەپێی وتەی چەند كەسێكی ئاگادار لە بابەتەكە.

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە كە پشتی بەستووە بە داتاكانی بەدواداچوونی گەشتەكان و لێپرسراوێكی ئاگادار، بەیانی رۆژی دووشەممە دوو فڕۆكەی ئەمریكی تایبەت بە سوتەمەنیپێدانی ئاسمانی بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكەوتوون، دواتریش فڕۆكەكانی تر لە بنكەكەوە بۆ ئەڵمانیا و شوێنەكانی تر گوازراونەتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، لێپرسراوانی ئەمریكا هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكەن كە ئایا هەڕەشەكە لەسەروبەری رووداندایە یان بە شێوەیەكی گشتییە.
وتەبێژێكی هێزی ئاسمانی ئەمریكا رەتیكردووەتەوە وردەكارییەكان لەبارەی  جوڵەی فڕۆكەكان بخاتەڕوو، بەڵام رایگەیاندووە، گواستنەوەی فڕۆكەكان لە نێوان بنكەكان و شوێنەكانی كار بە چەندین هۆكاری جیاواز ئەنجام دەدرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، لێپرسراوێكی ئەمریكی لەلێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی "زە وۆر زۆن" دووپاتی كردەوە، رێوشوێنە ئەمنییەكان لە هەردوو بنكەی میڵدنهال و لاكنهێس توندتر كراونەتەوە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكانی ئاشكرا بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو