عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
هەندێک نامە، دوای ساڵانێکی زۆر، کە دەکەوێتەوە بەر دەستمان، بەشێک لە تەمەنیشمان لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە. دەستخەتەکە دەناسینەوە، بەڵام لە هەستی ئەو کەسە ورد دەبینەوە کە ئەوسا ئەو وشانەی نووسیوە؛ چی لە دڵدا بووە، چ ئاواتێکی خواستووە و چەندە باوەڕی بە رۆژانی داهاتوو هەبووە؟
نەورۆزی 2024، «نەجاح»ی خوشکەزام بە واتسئەپ وێنەی نامەیەکی کۆنی بۆ ناردم؛ نامەیەک کە لە 8ی ئازاری 1981دا، لە بەغدادەوە بۆی نووسیبووم. ئەو لە خانەقین، لە ترسی رژێم، شاردبوویەوە و پاراستبووی. دوای 43 ساڵ، وەک دیارییەکی نەورۆز گەڕاندبوویەوە بۆم.
لە وێنەکە وردبوومەوە؛ کاغەزێکی چرچ و لۆچ بوو، مەرەکەبی شین و دەستخەتێک کە هەر زوو ناسیمەوە. ساڵانی دوور لە شاشە بچووکەکەی مۆبایلەکەمدا هاتنەوە بەردەمم.
نامەکە بە عەرەبی نووسرابوو. کە ئەمە وەرگێڕانە کوردییەکەیەتی:
نەجاحی ئازیزم،
سڵاوێکی پڕ لە خۆشەویستی، هیوادارم باش بیت،
ئەوەتا بەهار فەرشە رەنگاوڕەنگەکەی بەسەر زەویدا رادەخات. گوڵەکان دڵیان کردووەتەوە، ئاسمان بە ئەستێرە زێڕینەکان جوانیی خۆی رازاندووەتەوە، شنەکانی نەورۆزیش قژە نەرمەکەیان بەسەر گەردوون و ژیاندا شانە دەکەن. ئێمەش جامی بەهار دەخۆینەوە ئاواتەخوازم ئەم شیرینییە هەتاهەتایە بەردەوام بێت.
چەندە جوان و خۆشە کە تەمەنە کورتەکەمان هەمووی بەهار بێت! ئاواتم بۆ ئێوەش هەر ئەوەیە.
سڵاوم هەیە بۆ کەسوکار. داوا لە خوای گەورە دەکەم خۆشی لە ڕووخسارتاندا بچێنێت. سڵاوم بۆ هاوڕێ دڵسۆزەکەت؛ هیوادارم باش و سەلامەت بێت.
خاڵۆی دڵسۆزتان،
عیماد ئەحمەد
8ی ئازاری 1981
نامەکەم خوێندەوە و بیرم لە خۆشکەزاکەم کردەوە؛ ئەوسا لە پۆلی شەشەمی زانستی بوو. دواتر زانکۆی تەواو کرد، بوو بە مامۆستا و ئێستاش خانەنشینە. بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن ئەم کاغەزەی پاراستبوو و نەیهێشتبوو ون ببێت. لەو سەردەمەدا، تەنانەت نامەیەکی پڕ لە سڵاو و خۆشەویستیش دەبوو لەبەر ترس بشاردرێتەوە. دەستخەتێک، ناوێک یان پەیوەندییەکی خێزانی دەیتوانی ببێتە مایەی نیگەرانی. ترس گەیشتبووە ناو ماڵەکان و نێوان دێڕەکانی نامەکانیش. لەگەڵ ئەوەشدا، دڵێک هەبوو ئەم یادگارییە بپارێزێت.
لەبەردەم ئەم رستەیەدا وەستام: «چەندە جوان و خۆشە کە تەمەنە کورتەکەمان هەمووی بەهار بێت!» ئەو رۆژەش دەمتوانی بنووسم تەمەن کورتە، بەڵام هێندەی ئێستا هەستم بە کورتییەکەی نەدەکرد. پێمان وابوو کاتێکی زۆرمان لەبەردەمدایە؛ بۆ ژیان، بۆ خەبات، بۆ خۆشەویستی و بۆ ئەو کارانەی دەمانویست ئەنجامیان بدەین.
ساڵەکان تێپەڕین؛ هەندێک ئاوات هاتنەدی، هەندێکیان گۆڕان و هەندێکیشیان هەر لە دڵدا مانەوە.
ئەم کاغەزە شایەتیی رۆژگارێک دەدات کە خەڵک دەبوو تەنانەت خۆشەویستیی خێزانی و پەیوەندییەکانیان لە چاوان بشارنەوە
ئەو کەسەی ئەم نامەیەی نووسیوە، منم؛ بە تەمەنێکی کەمتر و بە دڵێک کە دەیویست شیرینیی بەهار هەتاهەتایە بەردەوام بێت. ئەمڕۆ، دوای ئەو هەموو ئەزموونە، دەزانم ژیان هەمیشە بەهار نابێت. مرۆڤ بە زستانی سەخت و پاییزی دابڕانیشدا تێدەپەڕێت. هەر لەو وەرزانەشدا دەزانێت کێ پشتی بووە، کێ چاوەڕێی کردووە و کێ یادگارییەکی ئەوی لە ونبوون پاراستووە؟
لە کۆتایی نامەکەدا، مەبەستم لە «هاوڕێ دڵسۆزەکەت» تارا بوو؛ ئەوسا بەتەمای هاوسەرگیری بووین. ناوی تارام بە ئاشکرا نەهێنابوو، بەڵام ئەو ئاماژە بچووکە ئەمڕۆ ژیانێکم بیر دەخاتەوە. کاتێک دەیخوێنمەوە، بیر لەو رێگایە دەکەمەوە کە پێکەوە بڕیومانە؛ لە خۆشی و ناخۆشی، لە چاوەڕوانی و نیگەرانی، لەو رۆژانەی بە دڵگەرمیی یەکتر توانیمان بەردەوام بین.
ئەو نەورۆزە، کە دیارییەکەی مامۆستا نەجاحم بینی، دڵم پڕ بوو لە خۆشی. هەستم کرد ئەو ساڵانە هەموویان لە نێوان چەند دێڕێکدا کۆبوونەتەوە. جارێکی دیکە بۆی نووسیم: «هێشتا تۆ چۆلەکە بچکۆلەکەمی و هێشتا شایستەی لەوە زیاتریت». ساڵەکان زۆر شتیان گۆڕیبوو، بەڵام ئەوەی لە دڵدا رەگی داکوتابوو، هێشتا گەڵای دەردەکرد. خۆشەویستی لەگەڵ تەمەن قووڵتر دەبێت؛ لە هەواڵپرسینێکدا، لە گوێگرتنێکدا، لە پاراستنی یادگارییەکدا و لەوەی بزانیت کەسێک هەیە، دوای ئەو هەموو ساڵە، هێشتا بە ئازیزی بیرت دەکاتەوە.
لەنێوان شاردنەوەی ئەم نامەیە و گەڕانەوەی وێنەکەیدا، بەشێک لە مێژووی ئێمە هەیە. رژێمەکە رووخا، بەڵام شوێنەواری ئەو ترسە لە یادەوەریی خەڵکدا ماوە. مێژوو تەنها لە کتێب و بەڵگەنامە رەسمییەکاندا تۆمار ناکرێت؛ هەندێک جاریش لە نامەیەکی شاردراوەدا دەمێنێتەوە، لەوەی خێزانێک چی پاراستووە و لە چی ترساوە؟! ئەم کاغەزەش شایەتیی رۆژگارێک دەدات کە خەڵک دەبوو تەنانەت خۆشەویستیی خێزانی و پەیوەندییەکانیان لە چاوان بشارنەوە.
لە کاری سیاسیدا، زۆر نامە و راپۆرت و بڕیار دەنووسین، هەندێکیان بە تێپەڕینی کات ئەرکیان کۆتایی دێت. بەڵام ئەم کاغەزە سادەیە، بە گوڵ و ئەستێرە و سڵاوەکانییەوە، هێشتا لەگەڵمدا دەدوێت. بیرم دەخاتەوە کە لە پشت هەموو ئەو رووداوانەوە، مرۆڤ هەبووە؛ بە دڵەڕاوکێ و خۆشەویستی و ئاواتی ژیانێکی ئارامەوە. بەهای خەباتەکەشمان لەوەدا دەردەکەوێت کە خەڵک بتوانن بەبێ ترس بژین و ناچار نەبن نامەی ئازیزێکیان بشارنەوە.
ئەم وێنەیە دەرفەتی دام جارێکی دیکە گوێ لە دەنگی خۆمی ئەوسا بگرم؛ ئەو گەنجەی ئاواتی دەخواست تەمەنمان بەهار بێت. ئەمڕۆ وێنەی دەقی عەرەبیی نامەکە لەگەڵ ئەم وتارە بڵاودەکەمەوە، تا خوێنەری بەڕێز دەستخەتەکەش ببینێت؛ ئەو وشانەی لە رۆژگارێکی پڕ لە ترسدا، هێشتا باسی بەهار و خۆشەویستییان دەکرد
سوپاسی خۆشکەزاکەم دەکەم کە ئەم پارچەیە لە تەمەنمی پاراستووە. بە ناردنی وێنەکە، دەرفەتی دام جارێکی دیکە گوێ لە دەنگی خۆمی ئەوسا بگرم؛ ئەو گەنجەی ئاواتی دەخواست تەمەنمان بەهار بێت. ئەمڕۆ وێنەی دەقی عەرەبیی نامەکە لەگەڵ ئەم وتارە بڵاودەکەمەوە، تا خوێنەری بەڕێز دەستخەتەکەش ببینێت؛ ئەو وشانەی لە رۆژگارێکی پڕ لە ترسدا، هێشتا باسی بەهار و خۆشەویستییان دەکرد.
مۆبایلەکەم دادەنێم، بەڵام رستەکە لەگەڵم دەمێنێتەوە. بیر لەو کەسانە دەکەمەوە کە هێشتا دەتوانم سوپاسیان بکەم و پێیان بڵێم چەندە لە ژیانمدا ئازیزن. هێشتا هەندێک کارم ماوە؛ سڵاوێک بگەیەنم، دڵێک خۆش بکەم و وشەیەکی خۆشەویستی بڵێم کە لە دڵمدا ماوەتەوە. نامەیەک دەتوانێت 43 ساڵ چاوەڕێ بکات و بگاتەوە دەستمان؛ بەڵام ئەوانەی خۆشمان دەوێن، هەمیشە ئەو هەموو کاتەمان پێ نابەخشن.