عیماد ئەحمەد 09:19 AM - 2026/11/08

 عیماد ئەحمەد

بۆچی هەر کاتێک دوو شت بەراورد دەکەین، دەمانەوێت یەکێکیان بەسەر ئەوی دیکەدا زاڵ بکەین؟ ئایا ناتوانین جیاوازی ببینین، بێ ئەوەی دادگایەک دابمەزرێنین؟ ژیان پڕە لە دەنگ و رەنگ، بەڵام ئێمە زۆرجار تەنیا ئەو دەنگە دەبیستین کە لە دەنگی خۆمان دەچێت. لەوێوە بەراورد لە ناسینەوە دەگۆڕێت بۆ حوکمدان، حوکمدانیش هەندێ جار دەبێتە سەرەتای ستەم.
لە خەیاڵمدا بە کەناری ئەڵوەندا دەڕۆم، دارخورماکان و رێگای ناو باخەکان دەناسمەوە، شوێنەکە هەمان شوێنە، بەڵام چاوی من گۆڕاوە. ئەو دارەی لە منداڵیدا تەنیا بۆ سێبەرەکەی دەچوومە ژێری، ئەمڕۆ رووخساری ئەو کەسانەم دەخاتەوە یاد کە چیتر لەوێ نین، لە باخێکدا گوڵێک لە تەنیشت دارخورمایەک رواوە، بۆنی گوڵەکە رامدەگرێت، سەر هەڵدەبڕم و چاوم بە خوشە خورماکان دەکەوێت، ئایا گوڵەکە بەوە بپێوم کە خورمای لێ نابێت؟ یان بەهای دارخورماکە بەوە کەم بکەمەوە کە بۆنی گوڵی نییە؟ یەکێکیان دڵم دەکاتەوە، ئەوی دیکە بەر و سێبەرم پێ دەبەخشێت.
پەپوولەیەک بەسەر گوڵەکاندا دەسووڕێتەوە و هەنگێکیش لە گوڵێکەوە بۆ گوڵێکی دیکە دەفڕێت، ئەگەر چاوم تەنیا لە هەنگوین بێت، جوانیی باڵی پەپوولەکە لە دەست دەدەم، ئەگەر تەنیا سەرسامی رەنگ بم، رەنجی هەنگەکە نابینم. لە ژیانیشدا هەندێ دەست نانمان بۆ ئامادە دەکەن و هەندێ دەنگ لە رۆژی تەنگانەدا ورەمان بەرز دەکەنەوە.
کە بیر لە بەراوردی نێوان ژن و پیاو دەکەمەوە، لە خۆم دەپرسـم چەند حوکمی پێشوەختەمان بە ناوی جیاوازییەوە بەسەریاندا سەپاندووە؟ هێزمان بە پیاو بەخشیوە و ناسکیمان بۆ ژن داناوە، وەک ئەوەی ژن نەتوانێت بەهێز بێت و پیاو مافی ناسکبوونی نەبێت، مرۆڤ لەو پێناسانە فراوانترە، هیچ کەسێک نابێت بۆ بەدەستهێنانی مافێک، یان دەرفەتێک، ناچار بێت لە کەسێکی دیکە بچێت.
خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون هەردووکیان رامدەگرن. لە گەنجیدا زۆرتر چاوم لە بەیانی بوو، لەو رۆژەی لەپێشمدا بوو، ئێستا لە روومەتی ئێوارەشدا جوانییەک دەبینم کە ئەوسا بەپەلە لێی تێدەپەڕیم، لە کەناری ئەڵوەنیش ماسییەک بە یەک جووڵە لەبەر چاوم ون دەبێت، کیسەڵێک هێواش خۆی بەسەر بەردێکدا هەڵدەکێشێت، جاری جاران چاوم بەدوای ماسییەکەدا دەڕۆیشت، ئەمڕۆ دەوەستم تا ببینم کیسەڵەکە چۆن دەگاتە سەر بەردەکە، بیرم دەچێتەوە بە رێگا سەختەکانی شاخدا چۆن دەڕۆیشتین. چەند جار باسی جوانی و تاوی ئەسپمان کردووە، بەڵام کەم جار باسی ئەو هێسترەمان کردووە کە بارەکەی گەیاندووە، لە مێژووی خەباتیشماندا زۆر کەس بارە قورسەکانیان هەڵگرت، بەڵام ناویان نەکەوتە سەر زمان و نەچووە ناو کتێبەکانی مێژووەوە.
خۆشەویستی و عەشق و عیشقیش لە دڵمدا سنوورێکی روونیان نییە، جارێک خۆشەویستی لە گرتنی دەستێکدا دەبینم، عەشق لە تاسەی دیدارێکدا و عیشق لەو بەخشینەی چاوەڕێی پاداشت ناکات، رەنگە کەسێکی دیکە بۆ هەمان هەست وشەیەکی دیکەی لەسەر زمان بێت، کێ دەتوانێت تاسەی دڵێک بە تەرازووی دڵێکی دیکە بپێوێت؟
خەیاڵم دەمبات بۆ چایخانەی کەلتوریی سیدەکان، لە خەیاڵمدا مامۆستا جەمیل رەنجبەر و مامۆستا مەجید (غاندی) لەوێ بەرامبەر یەک دانیشتوون، گوێ لە گفتوگۆکەیان دەگرم.
رەنجبەر سەیری دەستی خۆی دەکات و دەڵێت: «مامۆستا مەجید، پەنجەکانمان نە هاوقەدن و نە هەموویان یەک کار دەکەن، بەڵام کە دەستی کەسێک دەگرین، پێکەوە دەجووڵێن، ئەی ئێمە بۆچی لەبەر جیاوازیی لە یەک دوور دەکەوینەوە؟» غاندی وەڵام دەداتەوە: «چونکە پێش ئەوەی بپرسین چۆن یارمەتیی یەکتر بدەین، دەپرسین کاممان لەوی دیکە بەرزترە، پەنجەی درێژتر بە تەنیا دەستێک پێک ناهێنێت».
رەنجبەر دەڵێت: «ئەی رووداوەکان؟ هەندێ جار ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، زۆر لەوە دەچێت کە دوێنێ بینیومانە».
غاندی دەڵێت: «وا دەردەکەوێت، بەڵام بزانە لە کوێ روودەدات و خەڵکەکەی لە چ حالێکدان، باران دوای وشکەساڵی دڵی جووتیار خۆش دەکات، هەمان باران لەسەر ماڵێکی بێ ‌باندا خەمێکی تازە دەهێنێت».
رەنجبەر دەپرسێت: «ئەی هیوا و ئومێد؟».
غاندی کەمێک بێدەنگ دەبێت و دەڵێت: «لە هزرماندا زۆرجار یەک مانایان هەیە، بەڵام لە خەیاڵی مندا، هیوا ئەو چرایەیە کە لە دوورەوە دەیبینم، ئومێدیش ئەو ورەیەیە کە وام لێ دەکات هەنگاوێک بەرەو ئەو چرایە بنێم».
رەنجبەر دەڵێت: «کەواتە ئەگەر چرایەک بۆ خەڵک هەڵدەکەین، با رێگای گەیشتن بەو چرایەش بکەینەوە».
دەنگەکانیان لە خەیاڵمدا کز دەبنەوە و پرسیارێک لەگەڵم دەمێنێتەوە، لە سیاسەتی ئەمڕۆماندا چەند رێگامان بۆ خەڵک کردووەتەوە؟ حزبەکان دەتوانن رای جیاوازیان هەبێت و لەسەر ماف و کەرامەتی خەڵک و پاراستنی نیشتمانیش پێکەوە کار بکەن، خەڵک مافی هەیە لە هەر یەکێکمان بپرسێت چیمان کردووە و چۆن بەرپرسیارێتیی خۆمان بەجێ هێناوە، بەڵام کە جیاوازیی را بە تاوان بزانین، کێ ئەوەندە ئازا دەبێت هەڵەیەکمان بیر بخاتەوە؟
چوار دیواری ماڵ مرۆڤ دەپارێزن، بەڵام لە پەنجەرەکەیەوە چاومان بە ژیانی دەرەوە دەکەوێت، بیری مرۆڤیش پێویستی بەو پەنجەرەیە هەیە، هەندێ جار قسەی هاوڕێیەک کە رای لەگەڵم جیاوازە، شتێکم پیشان دەدات کە لە جێی خۆمەوە نەمدەبینی.
خەیاڵم دیسان دەگەڕێتەوە بۆ کەناری ئەڵوەن، سەیری پەنجەکانم دەکەم، هێشتا جیاوازن، بەڵام پێکەوە مۆبایلەکەمیان راگرتووە، لە خۆم دەپرسـم، ئەگەر دەستێک بەو هەموو جیاوازییەوە مۆبایلێک رابگرێت، ئێمە بۆچی نەتوانین نیشتمانێک رابگرین؟

وتارەکانی نوسەر