عیماد ئەحمەد
هەندێ شار وردەوردە دەبنە بەشێک لە تەمەنمان، کۆڵانێکیان دەبێتە یادەوەری، پەنجەرەیەکیان دەبێتە چاوەڕوانی و ناویان رووخساری کەسانێکمان دەهێنێتەوە بەرچاو. سلێمانی بۆ من لەو شارانەیە. بە شەقامەکانیدا کە دەڕۆم، هەست دەکەم بەناو ساڵانی ژیانمدا تێدەپەڕم، لە شوێنێک پێکەنینێک ماوە، لە شوێنێک گفتوگۆیەکی ناتەواو و لە شوێنێکیش جێی هاوڕێیەک بەتاڵە.
پاراستنی یادەوەریی سلێمانی، پاراستنی کۆڵان و ماڵە کۆنەکانیشی دەگرێتەوە. هەر ماڵێک کە دەڕووخێت، رەنگە لاپەڕەیەک لە یادەوەریی شار لەگەڵ خۆیدا ببات. لە ئاوەدانکردنەوەدا با شوێن بۆ رۆحی شار بهێڵینەوە
لە 11/14/ 1784دا، ئیبراهیم پاشای بابان سلێمانی دامەزراند و کردی بە پایتەختی میرنشینی بابان. ئەمساڵ «242» ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت، تەمەنێک پڕ لە گۆڕان و ئازار و هەستانەوە. لەم ماوەیەدا، شارەکە بووە ماڵی شیعر و بیرکردنەوە، مەیدانی پرسیار و ناڕەزایی. وشەکانی نالی و سالم و کوردی لە نێوان نەوەکاندا ماونەتەوە و تێکەڵ بە خۆشەویستی و خەمی خەڵک بوون، بەڵام مێژووی سلێمانی لە ناوی میران و شاعیراندا کورت نابێتەوە. کرێکاران و کاسبکاران، مامۆستایان و دایکان، بە کار و رەنج و ئاواتەکانیان شارەکەیان گەورە کردووە، خەڵکێک کە رەنگە ناویان لە کتێبەکاندا نەبێت، بەڵام شوێنەواری دەستیان بە شارەکەوە دیارە. هەر دیوارێکی کۆن و هەر حەوشەیەک، بەشێک لە چیرۆکی ئەوانی هەڵگرتووە.
سلێمانی منیش لە نێوان ئەو مێژووە و یادەوەرییەکانمدا دەژی، هەر لەم شارەدا، لە ماڵی کاک ئاوات قارەمانی، چاوم بە کاک ئارام کەوت. گفتوگۆکانی زەینمی روون کردەوە و رێی خەباتی رزگاریی کوردستانی پیشان دام. هەندێ دیدار بە هەستان لە دانیشتنەکە کۆتایی نایەت، قسەکانی ئەو دیدارە لە بڕیارەکانی دواترماندا دەنگ دەدەنەوە. ئەو دیدارە بۆ من لەوانە بوو.
پێش پەیوەندیکردنم بە شۆڕشەوە، چەند رۆژێک لە گەڕەکەکانی شێخ محیەدین و مەجید بەگ، لە ماڵی سەعدوڵڵا و ئەنوەری خاڵم، خۆم شاردبووەوە. ئەو دوو گەڕەکە لەسەر نەخشە بچووک بوون، بەڵام بۆ من هەموو جیهان بوون. لەوێ واتای دەرگایەکی کراوە و ماڵێکی پەنادەرم ناسی، شوێنێک بۆ هەناسەدان و بیرکردنەوە لە هەنگاوی دواتر.
دوای راپەڕین، لە گەڕەکەکانی عەلی ناجی و عەقاری نیشتەجێ بووین. سلێمانی بوو بە ماڵ و خێزان، کار و بەرپرسیارێتی، دیدار و ماڵئاوایی. لە سەرچنار و زەرگەتە و زۆر شوێنی دیکە، هەر جارێک تێدەپەڕم، یادێک زیندوو دەبێتەوە. ئێستا شارەکە پڕە لە خەڵک، بەڵام هەندێ جار بەدوای رووخسارێکدا دەگەڕێم کە تەنها لە یادەوەریدا دەتوانم لە تەنیشتی دابنیشم. شەقامەکان دەگۆڕێن، بەڵام هەندێ شوێن لە دڵمدا هەر بە شێوەی جاران ماونەتەوە، وەک ئەوەی کات لەبەردەم دەرگاکەیاندا وەستابێت.
خــــۆشــــــەویــــــستیـــــی سـلێمانی بەرپرسیارێتیشە. شارێک کە شانازی بە رۆشنبیری و ئازادییەوە دەکات، دەبێت گوێ لە گەنجی بێکار، خانەنشینی نیگەران و منداڵی بێ شوێنی یاری بگرێت. ئێمەش کە لە ژیانی سیاسی و بەرپرسیارێتیدا بەشدار بووین، دەبێت لە خۆمان بپرسین: چەندە وەڵامی چاوەڕوانییەکانی ئەو خەڵکەمان داوەتەوە؟ شکۆی شار لە ئاسوودەیی خەڵکەکەی و دڵنیاییان بە داهاتوو دەردەکەوێت، لەوەی هەست بکەن شارەکە هی ئەوانە و دەنگیان لە بڕیارەکانیدا دەبیسترێت.
پاراستنی یادەوەریی سلێمانی، پاراستنی کۆڵان و ماڵە کۆنەکانیشی دەگرێتەوە. هەر ماڵێک کە دەڕووخێت، رەنگە لاپەڕەیەک لە یادەوەریی شار لەگەڵ خۆیدا ببات. لە ئاوەدانکردنەوەدا با شوێن بۆ رۆحی شار بهێڵینەوە، با نەوەی تازە بتوانێت رابردووی بناسێت و داهاتووی خۆشی لێرە بنیات بنێت.
سلێمانیی خۆشەویست، لە ساڵیادی دامەزراندنتدا، ئاواتم ئەوەیە پیرەکانت بە دڵێکی ئارام لە سێبەری دارەکانتدا دابنیشن و منداڵەکانت سبەی بە دڵخۆشییەوە بڵێن: لێرە گەورە بووین، لێرە خەونەکانمان گەورە بوون.