شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند: هەرچی بەسەر هەرێمدا بێت لە ئەستۆ ئەو لایەنانەدایە كە زیاتر لە سێ ساڵە وادەكەی كۆتایی هاتووە و دەستی بەسەر كورسیەكەیدا گرتووە، سەبارەت بەرووداوەكانی 4ی نۆڤەمبەریش بەوشێوەی باسی پەرلەمانی كرد كە پەرلەمان خۆی پێشتر نەخۆش بووە، بەڵام تۆپاندیان، راشیگەیاند: بەهیچ جۆرێك جارێكی تر دۆخەكە ناگەڕێتەوە بۆ پێش 4ی نۆڤەمبەر تەنانەت ئەگەر ئەو پەرلەمانتارانەی كەبەهەڕەش و پێدانی بەرتیل سەنگەریان پێ گوازراوەتەوە دەست لەكاربكێشنەوە هیچ لەدۆخەكە ناگۆڕێت.
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی: ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان ڕوویدا دوایین بزمار بوو لە ئەزموون و دیموكراسی هەرێمی كوردستان دراو پارتی هەموو كوردستانی كردووەتە قوربانی چەند پۆستێك و دەیەوێت بە 39 كورسی پەرلەمانی تەواوی جومگە هەستیارەكانی حكومڕانی قۆرخ بكات و بەڕێوەببات و چەند پۆستێكی لاوەكیش بداتە لایەنەكانی تر.
شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشكرد: هەر پێشهاتێك بۆ هەرێمی كوردستان بێتە پێش ئەوانە لێ بەرپرسن كەدەستیان بەم ئەزمونە ناشرینە كرد لەپێناو پاراستنی كورسییەكانیان.
هەر لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جولانەوەی نەوەی نوێ ئاشكرایكرد: كەسبەینێ واتە رۆژی دوو شەممە جارێكی تر لەگەڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەچنەوە بەغداد، وتیشی: لەسەردانەكەی ئەمجارەمان وەفدێكی یاساییمان لەگەڵ دەبێت، چونكە هێشتا گفتووگۆمان ماوە.
سەبارەت بەداهاتووی ئەو قەیرانەی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە دوای 4ی نۆڤەمبەر دروستكرداوە شاسوار عەبدولواحید تەئكیدی لەوەكردەوە كە وەك نەوەی نوێ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهەموو شێوەیەك دژی لەتبوونی هەرێمی كوردستانن، ئەوەی بەكردەیی هەنگاوی بۆ لەتكردنی هەرێم نا پارتی بوو لە 4ی نۆڤەمبەر دەستیپێكرد، كە وەك ئەو پێشبینی كرد كاریگەری خراپی لەسەر داهاتووی هەرێم دەبێت، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راشیگەیاند: وەك نەوەی نوێ و یەكێتی تابۆمان بكرێت دژی ئەم هەنگاوەی پارتی بۆ لەتكردنی هەرێمی كوردستان دەوەستینەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وتی نامەوێت بیشارمەوە كەچەندین پێشنیار بۆ داهاتووی هەرێم هەیە، كەبریتین لە: بژاردەی یەكەم/ ئەوەیە بودجەی سلێمانی و هەندێك شاری دیكە بەجیا بنێردرێت، واتە پڕۆژەیەك هەیە بودجەی سلێمانی و هەڵەبجە بەجیا بێت.. بژاردەی دووەمیش/ ئەوەیە، دوو حكومەت و دوو سەرۆكی حكومەتمان هەبێت.
هەروەها باسی لە بژاردەی سێێەم كرد/ و ئاماژەی بەوەدا، بژاردەی سێیەم خۆی دەبینێتەوە لە وەی دووهەرێممان هەبێت و بەپێی دەستوور لەسەدا10ی هەر پارێزگایەك داوابكەن دەتوانن ببن بە هەرێم، بەڵام جارێكی تر لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا دووپاتیكردەوە كە هیوادارە عینادی پارتی لەپێناو كورسی هەرێم دووچاری ئەم پێشهاتانە نەكاتەوە.