دەستەی گشتیی گومرگی عیراق بڕیارێكی نوێی لەبارەی هاوردەكردنی كاڵا دەركرد و رایگەیاند، لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە پەسەندكردنی بڕوانامەی وڵاتی دروستكەر و پسووڵە بازرگانییەكان دەكرێتە ئەلیكترۆنی و بە سیستمی جیهانیی ئەسیكۆدا دەبەسترێتەوە.
دەستەی گشتیی گومرگی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە رۆژی یەكشەممە 15ـی تشرینی دووەم، جێبەجێكردنی ناچاری بۆ پەسەندكردنی ئەلیكترۆنیی بڕوانامەی وڵاتی دروستكەر و پسووڵە بازرگانییەكان لە رێگەی پلاتفۆرمی حكومیی (ئوور) دەستپێدەكات و بە سیستمی ئەسیكۆدای گومرگییەوە دەبەسترێتەوە.
دەستەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، هیچ مامەڵە یان مانیفێستێكی گومرگی وەرناگیرێت و تێناپەڕێنرێت ئەگەر بڕوانامەی وڵاتی دروستكەر و پسووڵەی بازرگانیی پەسەندكراوی لە رێگەی پلاتفۆرمی ئوورەوە بۆ رانەكێشرابێت و لەناو سیستمی ئەسیكۆدا پشتڕاست نەكرابێتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا، دەستەی گومرگ داوا لە سەرجەم بازرگانان، هاوردەكاران و بریكارەكانی پاكتاوی گومرگی دەكات، پەلە بكەن لە تەواوكردنی رێكارەكانی پەسەندكردنی بەڵگەنامە بازرگانییەكانیان لە رێگەی پلاتفۆرمی (ئوور) و دڵنیاببنەوە لە جێبەجێكردنی مەرجە ئەلیكترۆنییەكان، تا لە كاتی راییكردنی مامەڵەكانیاندا تووشی هیچ دواكەوتنێك نەبن.
دەستەی گومرگی عیراق باسی لەوەش كردووە ، ئەم رێكارە لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵكردنی تەواوی دامەزراوەكان، ئاسانكاری لە رێكارەكان، بەرزكردنەوەی توانای كاری گومرگی و پاراستنی ئابووریی نیشتمانیدا دێت.
پلاتفۆرمی حكومیی (ئوور)، دەروازەی رەسمی نیشتمانیی عیراقە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان بە هاووڵاتییان و كەرتی تایبەت