ئەمڕۆ 15ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی یادكردنەوەی قوربانییانی رووداوەكانی هاتووچۆیە، ئەم رۆژە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاری كراوە بۆ یادكردنەوەی ئەو كەسانەی لە رووداوەكانی هاتووچۆدا گیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن، هەروەها بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لە مەترسییەكان و پابەندبوون بە رێنماییەكانی هاتووچۆ. لەم چوارچێوەیەشدا لە سەنتەری قەزای كفری چەندین چالاكیی هۆشیاری ئەنجامدران. چالاكییەكان بە هاوبەشیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی كفری و نووسینگەكانی فێركردنی شۆفێری رێكخرابوون، تێیدا چەندین رێنمایی و بڵاوكراوەی تایبەت بە سەلامەتیی ڕێگاوبان بەسەر شۆفێران و هاووڵاتییاندا دابەشكران.