بەهۆی دزەكردنی نەوت بۆ ناو رووباری دیجلە دابەشكردنی ئاو لە نەینەوا راگیرا

کوردستان 10:27 AM - 2026/11/15

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند ،بە شێوەیەكی كاتی پرۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەیان راگرتووە، ئەمەش وەك ڕێكارێكی خۆپارێزی دوای ئەوەی بڕێك نەوتی خاو دزەی كردووەتە ناو ئاوی رووباری دیجلە و مەترسیی پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاوی لە سنوورەكەدا دروست كردووە.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی عیراقی ، ئەم پێشهاتە ژینگەیی و خزمەتگوزارییە دوای ئەوە هات كە بۆریی گواستنەوەی نەوتی عیراق-توركیا لە نزیك شارۆچكەی زوممار لە باكووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا تووشی تێكچوون و شكان بووە. لە ئەنجامی ئەو تێكچوونەدا، نەوتێكی زۆر بەرەو ئاڕاستەی ڕووباری دیجلە رژاوە و بەشێك لە ڕووبەرەكەی داپۆشیوە، كە سەرچاوەی سەرەكیی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی پارێزگاكەیە.

لەم بارەیەوە، موئەیەد سدیق بەڕێوەبەری ئاوی نەینەوا، وردەكاریی ڕووداوەكەی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە كرد ،دزەكردن و بڵاوبوونەوەی نەوت لە ناو رووباری دیجلەدا بەردەوامە. بە وتەی ئەو لێپرسراوە،شوێنی دزەكردنەكە دەكەوێتە بەشی خوارەوەی ئاوی زوممار و زۆر نزیكە لە ڕێڕەوی سەرەكیی رووباری دیجلە، ئەمەش وایكردووە كاریگەرییەكانی بە خێرایی لەسەر وێستگەكانی پاڵاوتنی ئاو دەربكەوێت.

بەڕێوەبەری ئاوی نەینەوا تەئكیدی لەوەش كردەوە كە چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكە و كۆنترۆڵكردنی دزەكردنی نەوت لە بۆرییەكەدا ئەرك و بەرپرسیارێتیی  راستەوخۆی وەزارەتی نەوتی عیراقە. هاوكات دووپاتی كردەوە كە بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان و ڕێگریكردن لە تێكەڵبوونی ئاوی پیسبوو بە نەوت لەگەڵ تۆڕەكانی ئاوی ماڵان، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان ناچار بووە وێستگەكانی پەمپكردنی ئاو بكوژێنێتەوە.

ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی نەینەوا تا ئەو كاتە بەردەوام دەبێت كە تیمە تەكنیكییەكانی سەر بە وەزارەتی نەوت دەتوانن دزەكردنەكە بە تەواوی ڕابگرن و ڕووبارەكە لە پاشماوە نەوتییەكان پاك بكرێتەوە.
تا ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەكان كاتێكی دیاریكراویان بۆ تەواوبوونی چاكسازییەكان و دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی ئاو رانەگەیاندووە، ئەمەش نیگەرانیی لای دانیشتووانی ناوچەكە دروست كردووە سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی قەیرانی كەمئاوی ئەگەر پرۆسەی چاككردنەوەكە درێژە بكێشێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو