عیماد ئەحمەد
گەشتێک لە بیرەوەرییەوە بۆ ڕاستییەکانی ژیان
ئەمجارە کە دەستم بۆ نووسینی پێشەکیی ئەم کتێبە برد، نەمدەویست بە هەمان ڕێچکەی پێشەکییەکانی پێشوودا بڕۆم، چونکە هەر کتێبێک، ئەگەر ڕۆحی تایبەتی خۆی هەبێت، دەبێت دەروازەی چوونە ژوورەوەشی تایبەت بێت. پێشەکی تەنها چەند وشەیەک نییە لە پێش لاپەڕەکانی کتێب، بەڵکوو دەستی نووسەرە کە بەرەو خوێنەر درێژ دەکرێت و پێی دەڵێت: «وەرە، ئەمە جیهانی منە، بەڵام تۆش بە چاو و دڵی خۆت بیبینە.»
پێشەکییەکەی ئیبن خەلدوون لە خودی کتێبەکەی «كتاب العِبَر» ناودارترە و بەرهەمێکی سەربەخۆی هزر و زانینە. منیش ئارەزوومە ئەم پێشەکییە، لە ڕووی ناوەرۆک و داڕشتنەوە، لە وتارەکانی ناو کتێبەکە بەهێزتر و کاریگەرتر بێت؛ خوێنەر لە هەمان دەروازەی یەکەمەوە هەست بە ڕۆحی کتێبەکە بکات.
بێگومان، لە فەلسەفەی مێژوودا ناگەمە تۆزی بەرپێی ئیبن خەلدوون، بەڵام گەورەیی ئەو، ئارەزووی هەنگاونانی بەندە بچووک ناکاتەوە؛ ئەگەر ئەو شاخ بێت، من دەتوانم پێیدا سەر بکەوم؛ ئەگەر دەریا بێت، دەتوانم مەلەی تێدا بکەم؛ لە بەرزییەکەیەوە ئاسۆیەکی فراوانتر ببینم و لە قووڵاییەکەیەوە فێری بیرکردنەوە بم.
من بە قەڵەمی خۆم و بە ئەزموونی ژیانی خۆم دەنووسم؛ بەو هیوایەی وشەکانم ڕێگایەک بۆ دڵی خوێنەر بکەنەوە و شوێنەوارێک لە هزریدا بەجێ بهێڵن.
هەر کتێبێک لە شوێنێک دەست پێدەکات؛ یەکێک لە بیرۆکەیەک، یەکێک لە ڕووداوێک، یەکێک لە برینێک و یەکێکیش لە خەونێک، بەڵام ئەم کتێبە لە یەک شوێنێکەوە دەستی پێنەکردووە؛ لە چەندین شوێن و سات و بیرەوەریی جیاوازەوە هاتووە: جارێک لە کەناری ئەڵوەن، جارێک لە ژوورێکی نەخۆشخانە، جارێک لەسەر مێزی نانخواردنی خێزان، جارێک لە باخچەی ماڵێکی کۆن لە عەقاری، جارێک لە بێدەنگیی شەو و جارێکیش لە گەرمەی ڕووداوە سیاسییەکاندا.
کتێبی «وشە و هەڵوێست»، نووسینەکانی ساڵی2026 لە خۆ دەگرێت؛ ساڵێک کە بۆ من تەنها ژمارەیەک نەبوو بۆ پێوانی تەمەن، بەڵکوو وەرزێکی پڕ لە پرسیار، بیرەوەری، هەڵوێست، ئازار، هیوا و خۆدۆزینەوە بوو. ئەم کتێبە تەنها کۆکردنەوەی ژمارەیەک وتار و تێڕامان نییە؛ وێنەی ئەو مانگانەیە کە تێیاندا وشەکانم، زیاتر لە هەر کاتێک، بەرەو ناخی خۆم گەڕانەوە و لەوێشەوە دەستیان کرد بە پرسیارکردن لە ژیان، مێژوو، سیاسەت، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی، پیر بوون، لەدەستدان و ئەو هیوایەی کە تەنانەت لە تاریکترین ساتەکانیشدا چرایەکی بچووک بۆ سبەی هەڵدەگیرسێنێت.
بەڕاشکاوی دەتوانم بڵێم: ئەم نووسینانە سەرتوێژی ماستی ژیانی منن؛ پوختەی ئەو ئەزموون و هەستانەن کە ساڵانێک لە دڵ و هزرمدا کۆ بوونەتەوە.
لە سەرەتای نووسینی هەر بابەتێکدا، سێ پرسیار لە خۆم دەکەم:
بۆ دەنووسم؟
بۆ کێ دەنووسم؟
بۆچی دەنووسم؟
ئەم سێ پرسیارە تەنها ڕێنمای نووسینم نین؛ وەک سێ پەنجەرەن کە لە ڕێگەیانەوە سەیری خۆم و جیهان دەکەم.
دەنووسم، چونکە هەندێ قسە، ئەگەر نەنووسرێت، لە قووڵایی دڵدا دەبێتە بار.
بۆ ئەو کەسە دەنووسم کە لە نێو شەپۆلی بەتەوژمی دەنگ و هەرا و ژاوەژاوی ئەم سەردەمەدا هێشتا گوێ لە دەنگی بێدەنگیی خۆی دەگرێت!
دەنووسم، چونکە باوەڕم وایە وشە، ئەگەر لە دڵەوە هاتبێت و بە هەڵوێست پشتگیری کرابێت، دەتوانێت چرکەساتێک بوەستێنێت، بیرەوەرییەک لە مردن بپارێزێت و مرۆڤێک لە تەنهایی ڕزگار بکات.
لە منداڵیمەوە، وشە بۆ من تەنها ئامرازێک نەبووە بۆ گێڕانەوە. لە پۆلی چواری قوتابخانەی سەرەتایی «النهضة»، لەبەردەم مامۆستا سلێمان، یەکەم جار هەستم کرد وشە دەتوانێت شتێک لە ناخی مرۆڤ دەربهێنێت کە بە قسەی ئاسایی ناوترێت. دواتر، لە قوتابخانەی ناوەندی، هەوڵی نووسینی شیعری عەرەبیم دا، بەڵام ساڵانێکی زۆر پێویست بوو تا بزانم زمان تەنها پیت و ڕستە نییە؛ زمان ماڵە، بیرەوەرییە، ناسنامەیە و هەندێ جاریش نیشتمانێکە کە مرۆڤ هەڵیدەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیبات.
لە ڕۆژانی کۆرۆنادا، لەگەڵ مامۆستا موحسین، خاڵە فرەبەهرەکەم، دەرگای وشەی کوردی بەڕوومدا کرایەوە. لەوێوە فێربووم وشەی سادەی خەڵک، ئەگەر لە شوێنی خۆیدا دابنرێت، لە زۆر وشەی گەورە کاریگەرترە. فێربووم جوانیی دەق لە قورسکردنی زماندا نییە؛ لە ڕاستگۆیی و گەیشتن بە دڵی خوێنەردایە. لەو کاتەوە، هەرچەند قەڵەمم بەرەو سیاسەت، مێژوو یان فەلسەفە چووبێت، هەوڵم داوە بۆنی خاک، هاژەی ئەڵوەن، دەنگی کۆڵان و ئاخاوتنی خەڵکی سادەی خۆمان لە دەقەکانمدا بمێنێتەوە؛ بۆیە لە نووسینی ئەم پێشەکییەدا، نەمدەویست وشەکان لە فەرهەنگێکی دوورەدەستەوە بهێنم. چوومە ناو باخچە و گوڵزاری زمانی ڕەسەنی کوردی و ئاخاوتنی سادە و خۆماڵیی خەڵکەکەمانەوە. وەک پەپوولەیەک لەم گوڵەوە بۆ ئەو گوڵە فڕیم؛ وشەیەکم لە کەناری ئەڵوەن هەڵگرت، ڕستەیەکم لە قسەی پیرەژنێکی خانەقینی و بۆنێکم لە باخەکانی جەلەوە وەرگرت. نەمدەویست وشەکان بە زۆرەملێ بهێنمە ناو دەق؛ ویستم هەر وشەیەک لە شوێنی خۆیدا بڕوێت و هەر ڕستەیەک بۆنی خاک و ژیان و خەڵکی لێ بێت.
بۆ نووسینێکی بەهێز و کاریگەر، جاری وایە چاو دەنوقێنم و بەدوای وشەیەکی جواندا دەگەڕێم کە لە زمانی نەنکم هاجەرەوە لە یادم ماوەتەوە؛ جارێکیش برژانگەکانم دەکەمە كەڵەک و لە ڕووباری چاوەکانمدا، وشەکانی خاڵم موحسین ئەمبەر و ئەوبەر دەکەم؛ یان پەنجەکانم دەکەمە بێشکە و وشەکانی دایکم گەوهەر تێدا دەلاوێنمەوە.
لەو دەنگ و وشانەوە فێربووم کە نووسین، پێش ئەوەی جوانیی داڕشتن بێت، ڕاستیی هەستە. دەنگی ئەوان هێشتا لەگەڵمدایە؛ دەنگێک کە دەستم دەگرێت و دەمگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دێڕە سادەیەی سەر تەختەڕەش، بۆ ئەو منداڵەی کە نەیدەزانی ڕۆژێک وشە دەبێتە ڕێگای ژیانی.
نووسینەکانی ئەم ساڵەم، لە ڕووی داڕشتن و دەربڕینەوە، جیاواز بوون. لە هەندێکیاندا ڕۆژنامەنووس بووم، لە هەندێکیاندا سیاسەتمەدار، لە هەندێکیاندا شایەتحاڵی مێژوو و لە هەندێکی تریشدا تەنها مرۆڤێک کە لەبەردەم ئاوێنەی خۆیدا وەستاوە و لە مانای ژیان دەپرسێت. جارێک بە زمانێکی ڕاستەوخۆ هەڵوێستم خستووەتە ڕوو و جارێکیش لە پشت پەردەی وێنە و هێماوە قسەم لەسەر برینێکی کۆن یان ترسێکی نوێ کردووە.
لە پەراوێزی ئەم لاپەڕانەدا، جارێک هاژەی ئەڵوەن دەبیسترێت، جارێک بۆنی خاکی جەلەوە دێت، جارێک سێبەری دارەخورمایەک بەسەر بیرەوەریی منداڵیدا دەکەوێت و جارێکیش دەنگی مام جەلال، لە دووریی ساڵانەوە، لە ژووری بیرەوەرییەکاندا دەنگ دەداتەوە. هەندێ جار دڵی ئەو منداڵە قسە دەکات کە هێشتا لە کەناری ئەڵوەن ماوەتەوە؛ هەندێ جاریش پیاوێک دەدوێت کە تەمەن، سیاسەت، خەبات، هاوڕێیەتی، نەخۆشی و تاقیکردنەوەکانی ژیان نیشانەی خۆیان لەسەر دڵی جێهێشتووە.
لێرەدا، بە چەند سەرەقەڵەمێک، ئاماژە بە هەندێک لە وتارەکانی ناو کتێبەکە دەدەم، بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەری بەڕێز.
لە وتاری «دوای ڕەخنە، چی؟»دا، پرسیارەکە لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەوە دەچێتە سەر چۆنییەتیی گۆڕانکاری. ڕەخنە بە ناسینی پەیوەندیی نێوان ماف و ئەرک دەبەستمەوە؛ هاووڵاتی مافی قسەکردنی هەیە و دەسەڵاتیش ئەرکی گوێگرتن و وەڵامدانەوە. کۆچی گەنجان و لاوازیی متمانە وەک نیشانەی کێشەیەکی قووڵ دەخەمە ڕوو و گفتوگۆ، قبووڵکردنی جیاوازی و هاوکاری دەکەمە ڕێگەی چارەسەر. کرۆکی وتارەکە ئەوەیە: ڕەخنە کاتێک بەرهەم دەدات کە ببێتە هەنگاوێک بۆ چاکسازی و بنیاتنانەوەی متمانە.
لە وتاری «نێوان چەک و قەڵەم»دا، لە پەیوەندیی نێوان خەبات و هۆشیاری دەڕوانم؛ لەوەی چۆن قەڵەم لە سەنگەری شاخدا هاوڕێی چەک بوو و دەنگی خەباتی بە جیهان گەیاند. بە خوێندنەوەی ئەزموونی یەکێتی، گۆڕانی ئەرکی ڕۆژنامەگەری لە بەرگری و ڕزگاریخوازییەوە بۆ چاودێریی دەسەڵات، پاراستنی مافەکان و بنیاتنانی متمانە دەخەمە ڕوو. مەبەستی وتارەکە ئەوەیە: چەک دەتوانێت خاک بپارێزێت، بەڵام قەڵەم هۆشیارییەک بنیات دەنێت کە ئازادی و ئاشتی بەردەوام دەکات.
لە وتاری «مامۆستای بێدەنگ»دا، گەڕانەوە بۆ خانەقین دەبێتە گەڕانەوە بۆ ناخی خۆم. لە کەناری ئەڵوەن، ماسی و باڵندە و مێروولە و دارەخورماکان دەبنە هێمای قووڵایی، ئازادی، هاوکاری و ڕیشەداربوون. لە ڕێگەی ئەم وێنانەوە، لە ئارەزووی بێسنووری مرۆڤ و پێویستیی بە ئارامی و مانا دەپرسم. کرۆکیی وتارەکە ئەوەیە: دانایی لە زۆریی هەبووندا نییە؛ لە ناسینی سنووری ئارەزووەکان و تێگەیشتن لەوەدایە کە ئێمەش بەشێکین لە سروشت.
لە «ئەڵوەنی تینوو»دا، خەون بە خاڵۆ وسگە، ڕەفاو، مورشیدە و خاڵۆ گوڵمرایەوە دەبینم. ئەوان لە ناو خەوندا دێنەوە؛ نەک تەنها بۆ ئەوەی بیرەوەریی منداڵی بجووڵێنن، بەڵکوو بۆ ئەوەی پرسیار لە ئێمە بکەن: ئەو ڕووبار و خاک و سروشتەی بۆمان بەجێهێڵرا، ئێمە چیمان لێکرد؟
ئەڵوەن لەو نووسینەدا تەنها ڕووبارێک نییە؛ خوێنی شارێک، بیرەوەریی نەوەیەک و ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ داهاتوو. کاتێک ڕووبارێک وشک دەبێت، تەنها ئاو نامرێت؛ ماسی، دار، چیرۆک، پیشە، گۆرانی و بەشێک لە ڕۆحی مرۆڤیش لەگەڵیدا دەمرێت.
لە «ئەو چاوانەی هێشتا شایەتی دەدەن»دا، چاوەکانی ماسیی کەناری ئەڵوەنم بە چاوەکانی ئەو مرۆڤانەوە بەستووەتەوە کە بە چاوی کراوەوە ڕۆیشتن و ڕاستییەکیان بۆ ئێمە جێهێشت. چاو لەوێ تەنها ئەندامێکی لەش نییە؛ دادگایەکە. دادگایەک کە لە بێدەنگیی خۆیدا لە زیندووەکان دەپرسێت: ئایا فێر بوون؟ ئایا بیرتان ماوە؟ یان هێشتا هەمان هەڵەکان بە ناوی نوێوە دووبارە دەکەنەوە؟
لە «ئەو منداڵەی لە کەناری ئەڵوەن مایەوە»دا، جارێکی تر گەڕامەوە بۆ جەلەوە و خانەقین، بۆ لای ئەو منداڵەی هێشتا لە ناومدا دەژی. ساڵان تێدەپەڕن، مووی سەر سپی دەبێت و مرۆڤ پۆست و ناونیشان و بەرپرسیارێتی وەردەگرێت؛ بەڵام هەر یەکێکمان لە شوێنێکی ناخماندا منداڵێکمان هەیە کە هێشتا چاوەڕێی دەنگێک، دەستێکی میهرەبان یان گەڕانەوەی کەسێکە کە ساڵانێکی زۆرە ڕۆیشتووە.
لە «دڵێک کە هێشتا لێدەدات»دا، لە ژووری نەخۆشخانە و ژێر ڕووناکیی ساردی چرای نەشتەرگەریدا، بە شێوەیەکی تر لە ژیانم ڕوانی. دەنگی ئامێرەکان، جلی سەوزی پزیشکەکان، ئازاری دەستی ڕاست و ئەو چرکەساتانەی مرۆڤ هەناسەکانی خۆی دەژمێرێت، وام لێکرد بزانم دڵ تەنها پارچە گۆشتێک نییە کە خوێن بە لەشدا بگەڕێنێت؛ دڵ کۆگای خۆشەویستی، ترس، یاد و ئارەزووە.
لەوێدا هەستم کرد هەر لێدانێکی دڵ مۆڵەتێکی تازەیە؛ مۆڵەتێک بۆ خۆشەویستیی زیاتر، بۆ لێبووردن، بۆ نووسینی ئەو وشانەی هێشتا نەنووسراون و بۆ گوتنی ئەو قسانەی نابێت بۆ سبەی بهێڵرێنەوە.
لە نووسینەکانم سەبارەت بە مام جەلالدا، لە «گوڵێک لە باخچەی یادەوەریدا» و «ڕێبازی مام جەلال»ەوە تا یادەوەریی سەفەرەکانم لەگەڵیدا، هەوڵم نەداوە تەنها کەسایەتییەکی مێژوویی بناسێنم؛ ویستوومە لە ناو بیرەوەرییە بچووکەکانەوە بگەمە مانای ڕێبازێک. ئەو مانایە لە دەوری مێزی خڕی ژووری مەکتەبەکەی دەباشان دەدۆزمەوە؛ لە نێوان فنجانێک قاوە و پیاڵەیەکی چا، لەگەڵ دووکەڵی سیگارە کوبییەکەی و لە گفتوگۆکانی لەگەڵ کاک کۆسرەت، کاک عومەر فەتاح، کاک دلێری سەید مەجید و ئەوانی تر.
سەفەرەکانم لەگەڵ مام جەلال بۆ دەرەوەی وڵات، بەشێکی زیندووی بیرەوەرییەکانمن. لەو سەفەرانەدا، کوردستان بە ئازار و ئاواتەکانییەوە لەگەڵمان بوو. هاوسەفەریی ئەو دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە فێر بم چۆن بە گوێگرتن و گفتوگۆ دڵێک نزیک دەکرێتەوە و دەروازەیەک بۆ دۆزی گەلێک دەدۆزرێتەوە. ئەمڕۆ کە ئەو یادەوەرییانە دەنووسمەوە، لەگەڵ هەر دیدار و سەفەرێکدا، وانەیەکیش دێتەوە یادم؛ وانەیەک کە ساڵان بەسەریدا تێپەڕیون، بەڵام هێشتا لە بیر و هەڵوێستمدا ماوەتەوە.
ئەو یادانە بۆ من تەنها دیمەنی ڕابردوو نین؛ پەیامێکن بۆ ئێستا. پەیامی ئەوەی کە سیاسەت، بەبێ گوێگرتن، ڕەخنە قبووڵکردن، لێبووردەیی و گفتوگۆ، دەبێتە دەسەڵاتێکی بێڕۆح.
لەسەر مێزی نانخواردنی خێزان، کاتێک ئارامی کوڕم پرسیاری لە مانای «ڕێبازی مام جەلال» کرد، هەستم کرد نەوەی نوێ تەنها چیرۆکیان ناوێت؛ وەڵامیان دەوێت. ئەوان دەیانەوێت بزانن ئەو ناوانەی زۆر باسیان دەکەین، چییان بۆ ئێستا و داهاتوو بەجێهێشتووە. ئەو پرسیارەی ئارام بۆ من بووە دەروازەیەک بۆ بیرکردنەوە: ڕێباز تەنها وتە و دروشم نییە؛ هەڵسوکەوتە، شێوازی مامەڵەکردنە، توانای قبووڵکردنی ڕەخنە و داننانە بە مافی ئەوی تر. مام جەلال ڕەخنەی قبووڵ دەکرد و دەیگوت: «لە منەوە دەست پێ بکەن.» لە جیهانێکدا کە زۆر کەس ڕەخنە بە دوژمنایەتی دەزانێت، ئەم وتەیە هێشتا وانەیەکی گەورەیە.
لە بەشێکی تری ئەم کتێبەدا، سیاسەت بە مانا فراوانەکەی ئامادەیە. لەوێدا وشە تەنها بۆ جوانی نییە؛ بۆ هەڵوێستە. قەڵەم ناتوانێت لەبەردەم نادادپەروەری، گەندەڵی، پەرتەوازەیی، دەستدرێژیی بیانی و مەترسییەکانی سەر هەرێم و عێراق بێدەنگ بێت.
لە نووسینی بەندەدا، سیاسەت تەنها دەسەڵات و کورسی و بڕیار نییە؛ سیاسەت ژیانی خەڵکە، نانی سەر خوانە، ئاوێکە کە لە ڕووباردا کەم دەبێتەوە، گەنجێکە کە بەدوای داهاتوودا کۆچ دەکات و دایکێکە کە چاوەڕێی گەڕانەوەی کوڕەکەیەتی. ئەدەبیش لام تەنها جوانکردنی وشە نییە؛ ئەدەب ئەو ڕاستییەیە کە بە جلێکی جوانەوە دێتە بەردەم خوێنەر، بەڵام لە ژێر ئەو جلەدا برین و پرسیار و هەڵوێستی خۆی هەڵگرتووە.
لە بابەتەکانی دەستوور، دەسەڵات، متمانە، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، کێشەی نەوت و گاز، ماددەی140، کشانەوەی ئەمریکا، ئارامیی ناوچە و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکاندا، هەوڵم داوە هەست بە عەقڵ و ئەزموون ڕێک بخەم و هەڵوێست بە ویژدان و بەرپرسیارێتی ببەستمەوە. سیاسەت، ئەگەر لە عەقڵ و ئەزموون دوور بخرێتەوە، دەبێتە هەستێکی کوێر؛ ئەگەر لە ویژدانیش داببڕێت، دەبێتە پیشەیەکی سارد و بێبەها. بۆ بەندە، بەرپرسیارێتیی نووسەر ئەوەیە هەم نزیک بێت لە دڵی خەڵک و هەم بەڕوونی ڕاستییەکان ببینێت؛ خۆشەویستیی نیشتمان چاوی لە کەموکووڕییەکان نەبەستێت و ڕەخنەش هیوای چاکسازی لە دڵیدا نەکوژێنێتەوە.
لەم نووسینانەدا سیاسەت و ئەدەب، بیرەوەری و چیرۆک، فەلسەفە و وێنەی شیعری باوەش بە یەکتردا دەکەن. لە ڕواڵەتدا ڕەنگە جیاواز بن، بەڵام لەم کتێبەدا دەبنە لق و پۆپی دارێکی ئەرخەوان؛ هەر لقێکی بە ئاراستەیەکدا ڕۆیشتووە، بەڵام هەموویان لە یەک خاکدا ڕوواون و لە یەک ڕەگ و ڕیشەوە ئاو دەخۆنەوە. ئەو ڕەگەش مرۆڤە؛ مرۆڤ لە نێوان بیرەوەری و داهاتوو، لە نێوان ڕێگا و ئاسۆ، لە نێوان جام و نەی و بێدەنگی، لە نێوان دەسەڵات و ویژدان و لە نێوان ڕەشبینی و هیوا.
من لەو باوەڕەدام کە نووسەر نابێت لە پشت وشە جوانەکانەوە خۆی بشارێتەوە. ئەگەر وشە هەڵوێستی نەبێت، وەک گوڵێکی دەستکرد وایە؛ ڕەنگی هەیە، بەڵام بۆنی نییە. هەڵوێستیش، ئەگەر زمانی ئارام و بیرێکی قووڵی نەبێت، دەبێتە هاوارێک کە زوو لە ناو دەنگی بازاڕدا ون دەبێت؛ بۆیە ناوی ئەم کتێبەم نا «وشە و هەڵوێست»، چونکە زۆربەی ژیانم لە نێوان ئەم دووانەدا تێپەڕیوە: وشەیەک کە دەیەوێت ڕاستی بڵێت و هەڵوێستێک کە دەیەوێت بە زمانێکی مرۆڤانە دەرببڕدرێت. هەوڵم داوە نە وشە قوربانیی سیاسەت بێت و نە هەڵوێست بە جوانکاریی زمان بشاردرێتەوە. ویستوومە ئەم کتێبە شوێنی ئاشتیی ئەم دووانە بێت؛ شوێنێک کە وشە دەست لە ملی هەڵوێست بکات و پێکەوە بەرەو خوێنەر بڕۆن.
هەندێ جار لەگەڵ شنەبا سەفەرم کردووە، گوێم لە باڵندەکان گرتووە و هەوڵم داوە بزانم بۆچی مرۆڤ، سەرەڕای ئەو هەموو دیوارەی خۆی دروستی کردوون، هێشتا خەونی فڕین دەبینێت. هەندێ جاریش لە باخچەیەکدا، لەسەر کورسییەکی پلاستیکیی کۆن، لەگەڵ سێبەری خۆم دانیشتووم و بیرم لە ئەوانە کردووەتەوە کە ڕۆیشتن، بەڵام دەنگ و وێنە و بۆنیان لە هەوادا ماوەتەوە. لەو ساتانەدا تێگەیشتووم مردن هەمیشە کۆتایی نییە؛ هەندێ کەس بە ڕۆیشتنیان زیاتر ئامادە دەبن، چونکە دەبنە یاد، وانە و پرسیار.
لە لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا، دایکم «گەوهەر» وەک سێبەرێکی میهرەبان هەیە؛ تارا وەک هاوسەفەری ساڵانی ژیان؛ هانە، هۆزان و ئارامیش وەک سێ لق لە دارێک کە ڕەگەکەی لە خانەقینە. سێبەری ئەو دارە بەسەر ساڵانی ڕاپەڕین، کۆچ، هەژاری و خەباتدا کشاوە و گەیشتووەتە گەرەکی عەقاریی، شاری سلێمانی؛ شاری میهرەبانی و خۆشەویستی و هیوا. لەوێدا خێزان تەنها بابەتێکی تایبەت نییە؛ پەناگەیەکە کە مرۆڤ دوای هەموو شەڕ و ناکۆکییەکانی ژیان بۆی دەگەڕێتەوە.
من پەڕەی فەیسبووکم نییە، بەڵام هاوڕێ و خوێنەرانی نووسینەکانم لە ڕێگەی واتساپەوە ڕا و بۆچوونی خۆیانم بۆ دەنێرن. هەندێک لەو پەیامانە تەنها پێزانین نەبوون؛ وەک ئاوێک بوون بۆ ڕەگی وشەکانم و وەک چرایەک ڕێگای بەردەوامبوونیان بۆ ڕووناک کردمەوە. لێرەدا بەشێکیان دەخەمە ڕوو.
کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پەیامە پیرۆزباییەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵات لە لایەن دەوڵەتی ئیتاڵیاوە، نووسیویەتی:
«پێزانینم هەیە بۆ ههموو ئەو خزمەت و بەشدارییانەی پێشکەش بە كوردستانتان كردووە، ههروهها بە بەشێک لە بەختی باشی خۆمی دەزانم کە لەو قۆناغەدا پێكهوه له گهڵ ئێوه و تيمهكهماندا کارم کردووە و لە بەرپرسیاريهتیی خزمەتکردنی نیشتماندا هاوبهش و هاوكار بووین.»
منیش بەڕاستی شانازی بەو ڕۆژانە دەکەم کە لە کابینەکانی حکومەتدا لەگەڵ ئەو کارم کردووە. بەردەوام هەوڵمان دەدا لە ڕێگەی کاری حکومەتەوە، برینەکانی شەڕی ناوخۆ سارێژ بکەینەوە و متمانە و هاوکاری لە نێوانماندا بەهێزتر بکەین.
بۆ مێژوو، دەبێت ئەمەش بڵێم: ئەندازیاری ئەو هەوڵە، خودی کاک نێچیرڤان بوو.
شاعیر ئیسماعیل محەمەد، دوای خوێندنەوەی یەکێک لە نووسینەکانم، نووسیبووی:
«کاک عیماد، ئەگەر ناوی خۆشت نەخەیتە سەر وتارەکانت، هەموومان بە ئاوی ئەڵوەن دەزانین ئەوە وتاری جەنابتانە. شێوازێکی تایبەتی خۆتت هەیە لە نووسیندا، کە دەتوانین ناوی لێ بنێین: ستایلی عیماد ئەحمەد.»
ئەم قسەیە لام تەنها پێزانین نییە؛ بەرپرسیارێتییە. چونکە کاتێک خوێنەر لە ناو هەزاران وشەدا دەنگی نووسەر دەناسێتەوە، نووسەر دەبێت زیاتر پاسەوانی ڕاستگۆیی و شێوازی خۆی بێت.
پشتیوان ئەحمەد پێشنیاری کردووە هەندێک لە نووسینەکانم بە «تێڕامانەکان» پۆلێن بکەم. ئەم پێشنیارە لەگەڵ ناوەرۆکی بەشێکی زۆری کتێبەکەدا یەک دەگرێتەوە، چونکە زۆرێک لەم نووسینانە لە نێوان بیرەوەری و تێڕاماندا دەژین. لە ڕووداوێکی سادەوە دەست پێدەکەن، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەچنە ناو پرسیارە گەورەکانی ژیان، مرۆڤ، دەسەڵات، تەمەن و مانای بوون.
مامۆستا جەعفەر بە زمانی پڕ خەفەت و داخەوە، لە پەیامێکی دەنگیدا سەبارەت بە نووسینێکم بۆ ساڵیادی شەهید سادق شەریف، ئەمەی بە گوێچکەمدا چرپاند:
«لە ڕووی داڕشتنەوە، وەک تاڤگەی ئاو دێتە خوارەوە و بەو سەلاسەتەوە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.»
مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا، لە پەیامێکیدا، فەرموویەتی:
«شتێکی جوانت لەسەر شێرکۆ بێکەس نووسیوە؛ دەستخۆش. ‹دەربەندی پەپولە›ت خوێندووەتەوە؟»
سلەیمان عەبدوڵڵا یوونس نووسیبووی:
«بەڕاستی جوانترین نووسینی خۆماڵییە لەسەر ئەو قەیرانە جیهانییە نووسرابێت!»
سەلاحەدین ئاشتی نووسیبووی:
«بۆنی عیرفانێکی کوردانەی لێ دێت.»
ئەگەر ئەو بۆنە بەڕاستی لە نووسینەکانمدا هەبێت، بۆنی خاک و کۆڵان و ماڵ و مەجلیسە کوردییەکانە؛ بۆنی قسەی پیران، پەندی دایکان و ئەو وشانەیە کە لە زاری خەڵکی سادەدا، لە هەر کتێبێک زیاتر حیکمەت هەڵدەگرن.
عەباس عەبدوڕڕەزاق، لە شیکردنەوەیەکی ئەکادیمیدا، دەڵێت:
«ئەم توێژینەوەیە پشت بە ڕێبازی شیکاریی گوتاری ڕەمزی دەبەستێت؛ ڕێبازێک کە دەق لە ڕوانگەی زمان، هێما و ئەرکی سیاسی و کەلتوورییەوە دەخوێنێتەوە.»
سۆلاف عەباس لە هەندەرانەوە نووسیبووی:
«ئەمە دەقێک نییە تەنها جارێک بخوێندرێتەوە؛ بەڵکوو دەقێکە خوێنەر هەر کاتێک ژیان قورسی کرد، بۆی دەگەڕێتەوە؛ چونکە ساتێکی ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆیدا پێ دەبەخشێت.»
کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر نووسیبووی:
«ئەڵوەنی تینوو مەڵۆیەکە و دەچێتە سەر خەرمانی نووسینە جوانەکانت سەبارەت بە ئەڵوەنی خانەقین و خەڵکەکەی.»
ماجد شاریاری شێوەکار بە شێوەزاری شیرینی خانەقینی ئوێشد:
«گیان ئەرا قسەی جواند،
پڕید لە هەست و جوانی، مامۆستا عیماد.»
ماردین عەبدولکەریم لە پەیامەکەیدا، بە پرسیارێکی پڕ لە سۆزی سلێمانی، نووسیویەتی:
«دەستخۆش، بەڕێزت لە سلێمانی دادەنیشیت، بەڵام بەردەوام بۆ خانەقین و سیمبولەکانی دەنووسیت. دەپرسم: ئەی ئەو هەموو جوانییەی سلێمانی، کاریگەرییەکی لەسەرت نەبووە تا وتارێکیش بۆ ئەو شارە قارەمانە بنووسیت، کە ئێستا بۆ ئێوەش بووەتە زێدی دووەم؟ ئەی وا نییە؟!»
منیش لە دڵی خۆمەوە وتم: دیارە ئەم هەڤاڵە نووسینەکانمی سەبارەت بە خاڵە شەهاب، کاک ئارام، کاک نەوشیروان، هێرۆخان و کەمال سابیر نەبینیوە و نەیخوێندوونەتەوە؛ ئەگەرنا، باوەڕ ناکەم وا بزانێت چاکەی شاری سلێمانیم لەبیر کردووە. ڕاستیش دەکات؛ ئەم شارە زێدی دووەمی ژیانمە، چۆن چاکەی لەبیر دەکەم؟
من نایشارمەوە؛ کوردستانم خۆشدەوێ، عەوداڵی خانەقینم و شەیدای جەلەوەم؛ سلێمانیش لە دڵمدا جێی خۆی هەیە.
نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵاش، لە پەیامێکیدا دەنووسێت:
«کاک عیماد، سڵاو.
ئەو لێکچواندنەی کردووتانە لە نێوان درەخت و ڕەگ و ڕیشە و قەدی دار و لق و پۆ و گەڵاکان لە لایەک، لەگەڵ واقیعی کۆن و ئێستا و داهاتووی یەکێتی، لێکچواندنێکی زۆر جوان و نایاب و پڕ بە پێستی مەبەستی وتارەکەیە…
دەستخۆش.»
ئەم قسانە، بە هەموو جیاوازیی دید و دەربڕینیانەوە، لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە: دەق، ئەگەر لە دڵەوە هاتبێت، ڕێگای خۆی بۆ ناو دڵی خوێنەر دەدۆزێتەوە. منیش لە بەرامبەر ئەم متمانە و خۆشەویستییەدا سوپاسگوزارم و زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم.
لەو هاوڕێ و خوێنەرە بەڕێزانە داوای لێبووردن دەکەم کە نەمتوانیوە پەیام و بۆچوونەکانیان لەم پێشەکییەدا جێ بکەمەوە. پێشەکی هەر ئەوەندە هەڵدەگرێت، بەڵام پێزانین و خۆشەویستیی هەموویانم لە دڵدا هەڵگرتووە. ئەگەر ناویان لێرە نەهاتووە، بە مانای لەبیرکردنیان نییە؛ ناوەکانیان لە پەراوێزی نادیاری هەر لاپەڕەیەکدا نووسراون.
لە بەرامبەر ئەم ڕا و بۆچوونە ئەرێنییانەدا، کەسانێکیش هەن جنێوفرۆشن، بوختانکەرن و لە دوورەوە بەردەتوانجێک فڕێ دەدەن. من گوێی خۆم لەو دەنگانە داخستووە؛ نە لەبەر ئەوەی ڕەخنە قبووڵ ناکەم، بەڵکوو چونکە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ڕەخنە و جنێودا هەیە. ڕەخنە چرایە و ڕێگا ڕووناک دەکاتەوە، بەڵام بوختان دووکەڵە و تەنها هەوا پیس دەکات.
مەحاڵە بتوانیت دەمی هەموو کەس دابخەیت؛ پێویستیش ناکات. مرۆڤ دەبێت ئەوە بڵێت کە ویژدانی پێی دەڵێت و ئەوە بنووسێت کە بە ڕاستی دەزانێت؛ پاشان گەردنی هەمووان ئازاد بێت. خوێنەر مافی خۆیەتی دەقەکە پەسەند بکات یان ڕەتی بکاتەوە، بەڵام نووسەریش مافی خۆیەتی نەبێتە دیلی دەنگی بازاڕ.
من بانگەشەی ئەوە ناکەم کە هەموو ئەوەی لەم کتێبەدا نووسراوە ڕاستیی کۆتاییە. نووسەر پێغەمبەر نییە و دەقیش حوکمی کۆتایی نییە. ئەمانە دید و تێڕوانین و ئەزموونی بەندەن؛ ئەو شتانەن کە لە پەنجەرەی تەمەن و بیرەوەری و هەڵوێستی خۆمەوە بینیومن. ڕەنگە خوێنەر لە پەنجەرەیەکی دیکەوە جیهان بە شێوەیەکی تر ببینێت؛ ئەو جیاوازییەش جوانیی خوێندنەوە و گفتوگۆیە.
دڵنیام هەر خوێنەرێک تام و بۆن و دیمەنێکی تایبەت لەم کتێبەدا دەدۆزێتەوە. هەر کەسێک بە دەست و بازووی بیر و ئەزموونی خۆی دەیشێلێت، لە تەنووری دید و ئارەزووەکانی خۆیدا دەیبرژێنێت و دەیکاتە نان. دوای بڵاوکردنەوەی دەق، نووسەر چیتر تاکە خاوەنەکەی نییە؛ خوێنەر بەشێک لە مافی خاوەنبوونی دەق وەردەگرێت. ڕەنگە ئەو مانایەی خوێنەر لە دەقێکدا دەیدۆزێتەوە، نووسەر خۆی لە کاتی نووسیندا ئاگاداری نەبووبێت؛ ئەوەش یەکێکە لە نهێنییە جوانەکانی نووسین.
ساڵی2026 بۆ بەندە ساڵی نووسین بوو، بەڵام ساڵی ڕامان و سەیرکردنیش بوو. ساڵێک بوو کە لە نزیکەوە گوێم لە لێدانی دڵی خۆم گرت و دووبارە تێگەیشتم کە کات نە بە خێرایی ئێمە دەڕوات و نە چاوەڕێمان دەکات. ساڵێک بوو کە ڕابردوو زۆر جار بە شێوەی خەون و بیرەوەری گەڕایەوە و لە دەرگای ئێستام دا. هەر جارێکیش یەک پرسیاری هەبوو: لەو هەموو ساڵ و ئەزموون و ڕووداوە، چی بۆ داهاتوو بەجێ دەهێڵیت؟
ئەم کتێبە بەشێکە لە وەڵامی ئەو پرسیارە.
من لە ئامێزی کەنار ئاوەکەی ئەڵوەنەوە هاتووم؛ لە شارێک کە ئەڵوەن بە ناو دڵیدا تێدەپەڕێت و باخ و دارەخورماکانی فێری ئارامیان کردم. ڕێگای ژیانم بە چەندین شار و شاخ و وڵاتدا تێپەڕیوە؛ شۆڕش و شکستم بینیوە، هاوڕێ و خۆشەویستم لەدەست داوە، دەسەڵات و بێدەسەڵاتیم تاقی کردووەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر بۆ لای وشە گەڕاومەتەوە، چونکە وشە بۆ من تەنها پیشە نییە، شێوازی ژیانە؛ تەنها ماڵی پەناگرتنم نییە، نیشتمانی دووەمی منە.
داوا لە خوێنەری ئازیز ناکەم لە هەموو هەڵوێست و بیرۆکەکانمدا لەگەڵم هاوڕا بێت. نووسین ئەوە نییە هەموومان بە یەک ڕێگادا بڕۆین؛ گرنگ ئەوەیە لەسەر ڕێگا لە یەکتر بپرسین و گوێ لە وەڵامی یەکتر بگرین. ئەم کتێبە بە خوێنەر دەسپێرم؛ وەک بانگهێشتنێک بۆ پرسیارکردن، تێڕامان و گفتوگۆ. هەر کەسێک دەتوانێت لە نێوان ئەم وشە و هەڵوێستانەدا پارچەیەک لە خۆی بدۆزێتەوە، چونکە دەق، کاتێک بەڕاستی دەبێتە ئەدەب، کە تەنها وەک ئاوێنەی نووسەر نامێنێتەوە و دەبێتە ئاوێنەی خوێنەریش.
من باوەڕم وایە هەندێ کتێب بە چاو دەخوێندرێنەوە، هەندێکیان بە دڵ و هەندێکیان بە ڕۆح. هیوام ئەوەیە ئەم کتێبە تەنها بە بەرچاوی خوێنەرا تێنەپەڕێت، بەڵکوو شوێنێکی بچووک لە دڵ و ڕۆحیدا بۆ خۆی بکاتەوە.
ئەگەر ئەم لاپەڕانە بتوانن خوێنەرێک بۆ ساتێک لە بەردەم خۆی ڕابگرن، پرسیارێکی نوێ لە هزریدا بچێنن یان لە دڵی تاریکییەکدا چرایەک هەڵبکەن؛ ئەگەر بتوانن بیگەڕێننەوە بۆ لای ڕووبارێک، ماڵێکی کۆن، دەستی دایکێک، دەنگی هاوڕێیەکی ڕۆیشتوو یان خەونێکی لەبیرکراو، ئەوا وشەکانم بە بێهوودەیی نەڕۆیشتوون و گەیشتوون بەو ئامانجەی بۆی نووسراون.
ئەمە چیرۆکی ساڵێکە، بەڵام لە ڕاستیدا پوختەی گەشتێکی درێژی ژیانە:
گەشتێک لە منداڵییەوە بۆ ئەزموون؛
لە ئەڵوەنەوە بۆ جیهان؛
لە بیرەوەرییەوە بۆ هەڵوێست و
لە هەمووشیانەوە، چوون بەرەو دەریای بێبڕانەوەی وشە.
شەمەندەفەری نووسینی من لە وێستگەی خانەقینەوە دەستی بە جووڵە کرد؛ بە دێڕێکی ئاسان و سادە لەسەر تەختەڕەشی قوتابخانەی سەرەتایی «النهضة». ئەو دێڕە وەک گوڵەگەنمێک سەری هەڵدا و بە تێپەڕبوونی ساڵان، بووە خەرمانێک لە وشە و دێڕ، لە دووتوێی چەند کتێبێکی ڕەنگاوڕەنگدا. ئەم کتێبەش مەڵۆیەکی دیکە دەخاتە سەر خەرمانی نووسینەکانم؛ خەرمانێک کە هێشتا بۆنی خاکی خانەقینی لێ دێت و هیوادارم بەرەکەتی بەردەوام بێت و گوڵەگەنمی وشەکانم وشک نەبێت.
لە دوای هەموو ئەم قسانە، تەنها یەک ڕستە دەمێنێتەوە؛ ڕستەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی ئەم کتێبە و هەموو نووسینەکانمە:
ویژدان بەدوای مەبەستەوەیە…
عیماد ئەحمەد