عیماد ئەحمەد 09:10 AM - 2026/10/17

عیماد ئەحمەد
یەکەم دەستێک کە لەم دنیایەدا گرتوومی، دەستی «میم تاوسی مامان» بوو؛ لە منزڵگای ئارام و بێ‌غەوغاوە هێنامە دنیایەکی پڕ لە مەینەت و خۆشی و خستمیە باوەشی دایکمەوە. دەستێک دەیبەخشی و دەستێکی دیکە وەریدەگرت؛ منیش لە نێوان ئەو دوو دەستەدا یەکەم هەناسەی ژیانم هەڵمژی.

دەست تەنها ئەندامێکی جەستە نییە؛ لە پەرەسەندنی مرۆڤدا، توانای دەست و پەنجە و گەشەی مێشک پەیوەندییان بە یەکەوە هەبووە و لە دروستکردن و بەکارهێنانی ئامرازدا بەشدار بوون. دەست بیرۆکەی کردووە بە کردار و کردار بووەتە ئەزموونێک بۆ نەوەکانی دواتر.

لەو کاتەوە، لە نێوان دەستەکاندا دەگەڕێین؛ دەستێک هەڵمان دەستێنێتەوە، دەستێک فرمێسکمان دەسڕێتەوە و دەستێکیش تەنها لە کاتی خۆشیدا دەمانناسێت. خۆشمان جارێک دەبەخشین و جارێک پێویستمان بە وەرگرتنە؛ تا ئەو ڕۆژەی دەستەکانمان لە جووڵە دەکەون و دەستی کەسانی دیکە خاکپۆشمان دەکەن.

لە چایخانەیەکی کەناری ئەڵوەن دانیشتبووین. هاوڕێیەکم پەرداخەکەی دانا و وتی:
ـ یارمەتی بدەیت خۆشترە، یان یارمەتیت بدەن؟
وتم:
ـ کە دەبەخشیت، دڵت خۆش دەبێت؛ کە پێویستت پێیە و وەریدەگریت، پشتت ڕاست دەبێتەوە.
پێکەنی:
ـ بە مەرجێک سەرت نەچەمێتەوە!

منیش پێکەنیم، بەڵام قسەکەی لە دڵمدا مایەوە. هەیە نانێکت دەداتێ و هەر جارێک دەتبینێت، برسیێتییەکەت دەخاتەوە یاد؛ هەیەش بێدەنگ دەستت دەگرێت و وا دەکات هەست بکەیت خۆت هەستایتەوە. نانەکە دەخورێت، بەڵام شێوازی بەخشینەکە لەبیر ناچێت.

وەرگرتنیش ئاسان نییە. هەندێکمان دەستمان بۆ بەخشین کراوەیە، بەڵام کە ڕۆژگار دەمانخاتە تەنگانەوە، وشەی داواکردن لە گەرووماندا دەگیرێت. وەک ئەوەی لەبیرمان چووبێت تەنها بە دەستی خۆمان نەگەیشتووینەتە ئێرە؛ باوەشی دایک، ڕەنجی باوک، وانەی مامۆستا و دڵسۆزیی هاوڕێ، هەموویان لە ژیانماندا جێی پەنجەیان ماوە.

دیاریش هەر وایە. کتێبێک کە هاوڕێیەک ناوت لەسەر دەنووسێت، دوای ساڵان هێشتا دەنگی ئەوی تێدایە. هەندێک جار پەیامێکی کورت لە ڕۆژێکی ناخۆشدا، لە دیارییەکی گرانبەها زیاتر دڵت گەرم دەکاتەوە؛ هەست دەکەیت کەسێک لەو دیو بێدەنگییەوە بیری لێ کردوویتەوە. بەڵام ئەگەر خاوەنی دیارییەکە هەر لەو ساتەدا چاوەڕێی قەرەبوو بێت، تامی دیارییەکە دەگۆڕێت.

لە ڕەخنەشدا شوێنمان زوو دەگۆڕێت. کە ڕەخنە دەگرین، پێمان خۆشە بە سنگفراوانی گوێمان لێ بگرن؛ کە نۆرەی خۆمان دێت، دەست دەکەین بە پرسیار: بۆچی وتی؟ مەبەستی چی بوو؟ کێ لە پشتیەوەیە؟

هەندێک جار ئەوەندە بەدوای مەبەستی قسەکەدا دەگەڕێین، خودی قسەکەمان لەبیر دەچێتەوە. ڕەنگە تێیدا ڕاستییەک هەبێت کە پێویستمان بە بیستنی بێت. ستایش دڵ خۆش دەکات، بەڵام هاوڕێیەکی ڕاستگۆ هەندێک جار بە قسەیەکی تاڵ، لە هەڵەیەکی گەورە دەمانپارێزێت.

قسەمان گەیشتە پۆست و پلە و پایە. وتم:
ـ کە پۆستمان پێ دەدرێت، دەڵێین شایستە بووین؛ کە دەبێت کەسێک هەڵبژێرین، ئەوسا دەردەکەوێت شایستەیی لای ئێمە چییە.
هاوڕێکەم وتی:
ـ ئەوەی کار بزانێت، یان ئەوەی «بەڵێ» باش بڵێت؟

چاومان لە یەک کرد و بێدەنگ بووین. هەندێک پرسیار وەڵامەکەی لە ناو خۆیدایە. پۆستی گشتی دیارییەکی کەسی نییە، تا بیبەخشینە ئەوەی دڵمان پێی خۆشە. خەڵک چاوی لێیە؛ نان و ئاو و چارەنووسیان بە بڕیارەکانی ئەو کەسەوە بەستراوە کە پۆستەکەی وەرگرتووە.

هاوڕێکەم وتی:
ـ ئەی کۆنفۆشیۆس و میکیاڤێلی لەسەر حوکمڕانی چی دەڵێن؟
وتم:
ـ بە کورتی؛ کۆنفۆشیۆس جەخت لە ڕەوشت و نموونەبوونی فەرمانڕەوا دەکاتەوە؛ میکیاڤێلیش زیاتر لەوە دەکۆڵێتەوە کە لە دنیایەکی پڕ ملمێلانێدا، دەسەڵات چۆن بەدەست دێت و دەپارێزرێت.
ـ تۆ لەگەڵ کامیانی؟
ـ من لەوە دەترسم، بە بیانووی پاراستنی کورسی و دەوڵەت، ئەو خەڵکەمان لەبیر بچێت کە دەبێت کورسی و دەوڵەتەکە بۆ خزمەتکردنی ئەوان بن.

چایەکەم سارد بووبووەوە. بیرم لەوە دەکردەوە کە مرۆڤ چەند زوو دەتوانێت شوێنی خۆی بگۆڕێت و قسەکانی دوێنێی لەبیر بچێت. ئەوەی ڕۆژێک دەستی بۆ داد درێژ کردووە، سبەی دەکرێت بڕیاری داد بە دەستی ئەو بێت. ئەوسا چی دەکات؟ برینی خۆی دەکاتە هۆی کەمکردنەوەی ئازاری خەڵک، یان بیانوویەک بۆ تۆڵەسەندنەوە؟

برین ئەگەر ساڕێژیش بێت، شوێنەکەی دەمێنێت. بەڵام هیچ برینێک مافی بریندارکردنی کەسێکی دیکەمان پێ نادات. مەزڵووم چاوەڕێی دادە؛ نابێت بۆ ڕزگاربوون لە زوڵم، خۆی ببێتە زاڵم.

لە دەرەوەی چایخانەکە، ئەڵوەن هەر دەڕۆیشت. سەیری ڕووبارەکەم کرد؛ ناتوانم کەم‌ئاوییەکەی ببینم و بڵێم پڕە، دڵیشم نایەت بە تەواوی دەست لە ئومێد بشۆم. ئەم شارە هێشتا خەڵکی تێدایە، دارخورما دەچێنن، دەستێک دەگرن و بۆ سبەیەکی باشتر کار دەکەن. ئومێدم بەوانەیە.

لە چایخانەکە هەستاین. هاوڕێکەم دەستی بۆم درێژ کرد؛ گرتم و بیرم لە دەستی «میم تاوسی مامان» کردەوە. لە نێوان ئەو دەستەی هێنامە دنیا و ئەو دەستانەی ڕۆژێک خاکپۆشم دەکەن، چەند دەستمان گرتووە؟ چەند کەسمان هەڵستاندووەتەوە و چەندمان بەجێ هێشتووە؟

دەستەکانمان ڕۆژێک لە جووڵە دەکەون، بەڵام شوێنیان لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە. با کە وەردەگرین، قەدری بزانین و کە دەبەخشین، شکۆی کەس نەشکێنین.

وتارەکانی نوسەر