عیماد ئەحمەد 09:33 AM - 2026/10/28

 عیماد ئەحمەد

هەندێک نووسین دەستمان دەگرێت و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ رێگایەک کە بە ئازار بڕیومانە. وشەکان دەخوێنینەوە، بەڵام رووخساری هاوڕێکانمان دێتەوە بەرچاو، ئەوانەی تەمەنیان دانا تا خەڵکەکەمان لە نیشتمانی خۆیاندا خاوەنی ماف و شکۆ بن.
لە ژمارە 9771 ی رۆژی دووشەممەی رۆژنامەی «کوردستانی نوێ»، لە لاپەڕە  3 دا، وتارێکی خوشکی نازدارمان، سۆزانی خاڵە شیهاب-م خوێندەوە. بە کورتی و پوختی، مەترسییەکانی هەموارکردنەوەی دەستووری عیراقی لەم هەلومەرجەی جیهان و ناوچەکە و عیراق و هەرێمی کوردستاندا خستبووە روو. پێش هەموو شتێک دەستخۆشی لێدەکەم و دەڵێم: خەرمانی نووسینتان بەرەکەتدار بێ. ناوی سۆزان، یادی خاڵە شیهاب-یشمان بۆ زیندوو دەکاتەوە، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی خەباتی گەلەکەمان. ئەم تەوارە، بێچووی ئەو هەڵۆیەیە کە لە ئاسمانی کوردستاندا باڵی گرتبوو. خۆشحاڵم ئەمڕۆ پەرۆشیی نیشتمان لە قەڵەمی کچەکەیدا بەردەوامە. کاتێک میراتی خەبات لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە، هیوایەکی تازە لە دڵدا دەڕوێت.
منیش هاوڕای ئەو نیگەرانییەم. دەستوور دەقێکی مرۆییە و هەموارکردنەوەی دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی ماف و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەیە: لە چ هەلومەرجێکدا و بە چ هاوسەنگییەکی هێز و بۆ چ ئامانجێک دەست بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور دەبرێت؟ ئایا ئەنجامەکە هاوبەشیی بەهێز دەکات، یان دەرفەتێک بۆ تەسککردنەوەی مافەکان دەڕەخسێنێت؟
دەستووری عیراق لە قۆناغێکدا نووسرا و خرایە دەنگدانەوە کە کورد و سەرکردایەتییەکەی لە رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆریی بەعس و دامەزراندنی عیراقی نوێدا رۆڵ و قورساییەکی بەرچاویان هەبوو. خەباتی درێژخایەنی گەلەکەمان، ئەزموونی بەڕێوەبردنی هەرێم و پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان، هەموویان پشتگیرییەکی گرنگ بوون بۆ چەسپاندنی فیدراڵیزم و دانپێدانان بە هەرێمی کوردستاندا. ئەم دەستکەوتانە بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون. لەپشت هەر مافێکەوە، مێژوویەک لە قوربانی و دانوساندن و خۆڕاگریی هەبوو. کاتێک باسی دەستوور دەکەم، بیرم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژانەی خەبات بۆ مانەوە و دانپێدانان بە بوونمان، کە پێکەوە گرێدرابوون. ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر کاغەز دەیخوێنینەوە، دوێنێ ئاواتی خەڵکێک بوو کە زۆریان بەدیهاتنی ئەو ئاواتەیان نەبینی.
لەم بۆنەیەدا جێی خۆیەتی رۆڵی بەرچاو و مێژوویی سەرۆک مام جەلال، کاک مەسعود بارزانی و رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا ئەمین بەڕێزەوە یاد بکرێتەوە. هەر یەکەیان لە پێگە و بەرپرسیارێتی خۆیەوە، لە داڕشتنی هەڵوێستی کورد و گفتوگۆکانی دامەزراندنی عیراقی نوێدا کاریگەرییان هەبوو. دادپەروەریی لە نووسینەوەی مێژوودا، بە دانپێدانان بە بەشی هەمووان دەست پێدەکات. لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عیراقدا، کاک نەوشیروان، وەک سەرکردەیەکی دیار و کاریگەری یەکێتی، دوای مام جەلال، لەجیاتی ئەو نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەکرد. لە هەندێک کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا، باسی دوایین هەوڵەکانی تیمی کوردستانی دەکرد، لە کۆسپەکانی بەردەم داواکارییەکانی گەلی کوردستانەوە تا چۆنییەتی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عیراق و پاراستنی مەدەنییەت و ئازادی و دیموکراسی لە چوارچێوەی عیراقێکی فیدراڵدا.
کاک نەوشیروان وەک سروشتی خۆی، پێش هەمووان کۆبوونەوەکەی بەجێ دەهێشت. جارێکیان، دوای رۆیشتنی، هەڤاڵێکی مەکتەبی سیاسی ویستی لە بایەخ و رۆڵی ئەو کەم بکاتەوە، رووی لە مام جەلال کرد و وتی: مام جەلال، بۆ خۆت بەشداریی کۆبوونەوەکانی نووسینەوەی دەستوور لە بەغدا ناکەیت؟
مام جەلالیش وەڵامی دایەوە: لەسەر دەستوور بەردەوام لە پەیوەندیداین. بۆ زانینتان کەسمان بە قەد کاک نەوشیروان ورد و بە دیقەت و شارەزا نییە کە بتوانێت بەو قسە و دەربڕینانە بیر و بۆچوونەکانی یەکێتی و داواکارییەکانی کورد و کوردستان لە دەستووردا بچەسپێنێت.
بەداخەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی، لە دیداری مێری-دا، لە کاتی ناوهێنانی ئەوانەی رۆڵیان لە ئامادەکردنی دەستووردا هەبوو، ناوی کاک نەوشیروانی لەبیر چوو. وەک دۆستێک کە شارەزای دید و بۆچوون و پەرۆشیی کاک نێچیرڤانم، ئەمە بە لەبیرچوونەوەیەکی بێ‌ مەبەست دادەنێم. یادکردنەوەی رۆڵی ئەوانەی رۆڵیان لە نووسینەوەی دەستووردا هەبووە، وەفادارییە بۆ راستییەکی مێژوویی کە هی هەموومانە، بەڵام ئەمانەتەکە تەنیا لە یادکردنەوەی ناوەکاندا کورت نابێتەوە، پاراستنی ئەو مافانەش دەگرێتەوە کە بە هەوڵی هاوبەش چەسپێنران. لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا ئەمڕۆ هاوسەنگیی هێز و شێوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی، بەراورد بە قۆناغی نووسینی دەستوور، گۆڕاون، متمانە و سازانی سیاسی لاواز بوون و ناوماڵی هەرێمیش بە کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرقاڵە. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، کردنەوەی دەرگای هەموارکردنەوەی دەستوور، بەبێ ئامادەکاری و هەڵوێستێکی هاوبەش، دەتوانێت زیانی گەورە بە مافەکانی خەڵکی کوردستان بگەیەنێت.
پێویستە هێزە سیاسییەکانمان، لەگەڵ پسپۆڕانی دەستوور، بە وردی مەترسی و دەرفەتەکان بخوێننەوە، لەسەر پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان رێکبکەون و لە بەغدا بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە گفتوگۆ بکەن. هاوکاریی لەگەڵ ئەو هێزە عیراقییانەش گرنگە کە باوەڕیان بە فیدراڵیزم و هاوبەشی و دەوڵەتی یاسا هەیە. پاراستنی دەستوور پێویستی بە هاوپەیمانی و کاری بەردەوامە.
بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ناوخۆوە دەست پێدەکات، لە متمانەی هاووڵاتییان، دادپەروەری و رێککەوتنی سیاسی. کاتێک ماڵەکەمان لە ناوەوە بەهێز بێت، لە دەرەوەش قسەمان قورسایی دەبێت.
وتارەکەی سۆزان خان، منی گەڕاندەوە بۆ قەناعەتێک کە ئەزموونی ساڵان فێری کردووین: مافێک کە بە قوربانی بە دەست هاتووە، دەتوانێت بە بێ‌ ئاگایی لەدەست بچێت. وەفاداریی بۆ خاڵە شیهاب و مام جەلال و کاک نەوشیروان و هەموو ئەوانەی لەم رێگایەدا خەباتیان کردووە، لە پاراستنی بەرهەمی خەباتەکەیاندا دەردەکەوێت.
   دەستوور ئەمانەتێکە لە دەستی ئێمەدا، نەوەکانی داهاتوو لەوە دەپرسن کە چۆن پاراستمان. با وامان لێ نەیەت تەنیا ناوی پێشینیان بەڕێزەوە بهێنین و مافی نەوەکانی داهاتوو بە کەمتەرخەمیی لەدەست بدەین.

وتارەکانی نوسەر