عیماد ئەحمەد 09:22 AM - 2026/11/01

 عیماد ئەحمەد

شەو، پێش ئەوەی بچمە ناو جێگا، ریپۆرتاژێکی نایابم دەربارەی حەمامەکانی خانەقین بینی، بە زمانی عەرەبی و بە خوێندنەوە و دەنگی بەسۆزی برای ئازیز و هاوڕێی دێرینم، کاک نیهاد خەیات. وێنە کۆنەکانی خانەقین و دەنگی کاک نیهاد لەگەڵم هاتنە ناو جێگا. چاوم داخست، بەڵام ئەوان نەخەوتن. شەو تا بەیانی لەگەڵ بیرەوەرییەکانم ئەملا و ئەولام دەکرد، وەک هەموویان لە ناخمدا زیندوو بووبنەوە و هەر یەکەیان بیەوێت شتێکم بیر بخاتەوە. رۆژ هەڵهات، هاتمە خوارەوە و ئەم وتارەم نووسی.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە خانەقین 10 حەمامی جۆراوجۆر هەبوون، بەشێکیان تایبەت بوون بە ژنان و ئەوانی تریش بۆ پیاوان بوون. لە منداڵیدا چەندین جار لەگەڵ باوکم بۆ ئەسکی حەمامی نزیک ئەڵوەن چووم. دواتر لە گەنجێتیدا، لە بۆنەکان و بەیانیانی زووی رۆژانی هەینیدا، بەکۆمەڵ لەگەڵ برادەرەکانم دەچووینە حەمام، وای لێ هات کە هەموو حەمامەکانی پیاوانمان تاقیکردەوە.
بەتایبەتی لە زستاناندا، هەندێک پرتەقاڵمان لە باخەکانی جەلەوە دەکردەوە و لەگەڵ خۆمان دەمانبرد بۆ حەمام. لەناو هەڵم و گەرمای حەمامدا، بۆنی پرتەقاڵەکان بڵاودەبوونەوە، دڵ و دەروونی ئێمە و ئەوانەشی فێنک دەکردەوە کە لە دەوروبەرمان بوون. تامی ئەو پرتەقاڵانە و خۆشیی ئەو گردبوونەوانە هێشتا لە یادمدا ماون.
کۆنترین حەمامی خانەقین «ئەسکی حەمام» بوو، واتە «حەمامی کۆن». لە سلێمانیش «حەمامی سوورەت» بە یەکێک لە کۆنترین حەمامەکانی شار ناسراوە. ئەم شوێنانە، لە نێوان دیوارەکان و لەژێر گومەزەکانیاندا، بەشێک لە ژیانی خەڵکیان لەخۆ گرتووە، ژیانێک کە هەمووی لە کتێبەکانی مێژوودا نەنووسراوەتەوە.
بوونی ئەو ژمارە زۆرەی حەمام لە خانەقین، دەرچەیەکمان بۆ ناسینی باری کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو شارە دێرینە بۆ دەکاتەوە. حەمام بێجگە لەوەی نیشانەی پاکی بووە، سەرچاوەی بژێوی خێزانەکان و شوێنی گردبونەوەی خەڵکیش بووە. وەک چایخانە، هەواڵ و قسە و گلەیی و پێکەنین تێیدا دەگوازرانەوە، خەڵک یەکتریان دەبینی، پرسیاری یەکتریان دەکرد و لە حاڵی یەکتر ئاگادار دەبوون.
لە رۆژانی پێش جەژنی رەمەزان و جەژنی قورباندا و لە بۆنەکانی شایی و خۆشیدا، حەمامەکان قەرەباڵغ دەبوون و بەئاسانی نۆبەت دەست نەدەکەوت. خۆشۆردن بەشێک بوو لە ئامادەبوون بۆ خۆشی، جلێکی تازە، رووخسارێکی رێکخراو، خۆ «تیف تیفە» دان و بۆنێکی خۆش. هەر کەس بە قەدەر توانای خۆی دەیویست بە رووخۆشییەوە بەشداریی لە جەژن و شادییەکاندا بکات. بۆیە پاراستنی یادەوەریی شارەکانمان بەشێکە لە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر ئەو خەڵکەی بە کار و رەنج و خۆشی و ناخۆشییەکانیان، ژیانیان بەو شارانە بەخشیوە. مزگەوتێک، حەمامێکی کۆن، قوتابخانەیەک، چایخانەیەک، دیوەخانێک و بازاڕییەکی قەیسەری کۆن، هەر یەکەیان بەشێک لە ناسنامەمان هەڵدەگرن. پێویستە چیرۆکەکانیان تۆمار بکەین و ئەوەی لەو شوێنانە ماوەتەوە بیپارێزین، تا نەوەکانی دواتر بزانن پێش ئەوان چۆن ژیاوین، چۆن خۆشەویستیمان بینیوە و لەناو چ تەنگانەیەکدا پێکەنیوین.
ئەم وردەکارییانە، لەوانەیە ئەمڕۆ بچووک بنوێنن، بەڵام لەو رۆژگارەدا بەشێک بوون لە چێژی ژیان و رێزگرتن لە خۆمان و لەوانەی چاوەڕێی دیداریان بووین. هەندێک جار بۆنێک، وێنەیەک، یان دەنگێک، هەموو ئەو رۆژگارە دەگەڕێنێتەوە. ئەو شەوەش، یادی حەمامەکانی خانەقین بردمییەوە بۆ شاییەکی سادەی سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی.
هاوینی ساڵی 1985، لە سێوسێنانی قەرەداغ، لە ماڵی کاک بەکری حاجی سەفەر، لەگەڵ مامۆستا موحسین، کاک عەلی شامار، کاک بەختیار، کاک دلێر سەید مەجید و رووناک شێخ جەناب، بووین و چاوەڕێی وەسفیە خان بووین کە لە شارەوە بێت، ئەمجارە وەک بووکی عەلی شامار.
کاک عەلی لەگەڵمان دانیشتبوو، بە ریشێکی نەتاشراو، دەموچاوێکی عارەقاوی و جلێکی چڵکنەوە، چاوەڕێی بووکەکەی دەکرد. رووناک شێخ جەناب سەیری کرد و بە قسەیەک کە هەم گاڵتە بوو، هەم سەرزەنشت، پێی وت: بۆ وا پیس و داوماویت؟ بەم ریشەوە چاوەڕێی بووکەکەت دەکەیت؟! یەکسەر کافیە خانی هاوسەری کاک بەکر، حەمامی بۆ ئامادە کرد. کاک عەلی ریشی تاشی، خۆی شۆرد و جلێکی تازەی لەبەر کرد. کاک بەکریش بە عەتری «تیرۆز» بۆنخۆشی کرد. زاوا رێکوپێک بووەوە و لە سەرووی مەجلیس دانیشت. بەڵام چاوەڕوانی هەر چاوەڕوانی بوو، خۆشۆردن و عەتر نەیاندەتوانی کاتی چاوەڕوانی بۆ کورت بکەنەوە!
عەسر لە رێگای شارەوە ئۆتۆمبێلێکی لاندڕۆڤەر دەرکەوت. وردەوردە نزیک بووەوە و لە تەنیشت ماڵی کاک بەکری حاجی سەفەر راوەستا. وەسفیە خان بە جلێکی شارییەوە دابەزی، جانتایەکی قاوەیی مامناوەند و پاکەتێ گەزۆی تۆفیق حەڵواچی بەدەستەوە بوو. جانتاکەی دانا و گەزۆکەی خستە سەر جانتاکە. ئێمەش بە گەرمی پێشواریمان لێکرد، پاشان لەگەڵ مامۆستا موحسین کەوتە پیاسەکردن و گفتوگۆ، باسی لە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و پرسە تیۆرییەکانی مارکسیزم دەکرد.
گفتوگۆکەیان درێژەی خایاند، کاک عەلیش ئۆقرەی نەدەگرت. بووک گەیشتبوو، بەڵام ئەو هێشتا دەبوو چاوەڕێ بکات!
لەناکاو رووناک خان هاواری کرد: بەسە! واز لەم پیاسە و گفتوگۆیە بێنە، کاک عەلی چاوەڕێیە!
هەموومان کەوتینە پێکەنین و دەستخۆشیمان لە رووناک خان کرد. کاک عەلیش بزەیەکی کرد و دڵی حەسایەوە.
کاک بەکر وتی: ئەم ئێوارەیە، بۆ خۆشیی وەسفیە خان و کاک عەلی، لای ئێمە دەعوەتن. گیسکێکی باشمان لە پێنجوێنەوە بۆ هاتووە، لەگەڵ قوبڵییەکی سەر دار، کافیە و منداڵەکان بۆتانی ئامادە دەکەن. کاک بەختیاریش وتی: منیش بتڵێک ویسکی نایابتان بۆ دەهێنم.
کاک دلێر وتی: من خەریکی عارەقی خۆم دەبم.
کاک عەلیش وتی: من مەشرووبم پێ ناخورێتەوە، بە پەرداخێک ماستاو خەوم لێ دەکەوێ! منیش وتم: «كل حسب رغبته»، هەر کەسێک بە ئارەزووی خۆی.
ئەو شەوە یەکێک بوو لە شەوە خۆشەکانی ژیانی پێشمەرگایەتیمان.
ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو عەسرەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دەنگی رووناک، هاوڕێی دێرینم و پێکەنینی هاوڕێکانم لە گوێمدایە. بۆنی عەتری تیرۆزیش لە بیرەوەریمدا ماوەتەوە، لە رۆژگارێکدا کە بۆنی بارووت بەشێک بوو لە ژیانی پێشمەرگە.
ئێمە لەو سەردەمەدا بە سیاسەت و خەباتەوە سەرقاڵ بووین. گفتوگۆی رێکخستن و تیۆری و داهاتووی کۆمەڵگە، تەنانەت لە رۆژی شاییشدا لەگەڵمان بوو. ئەو سەرقاڵییە لە باوەڕمانەوە سەرچاوەی گرتبوو، دەمانویست ژیان بگۆڕین. ژیانیش لە هەمانکاتدا لە تەنیشتمان دانیشتبوو، لە دڵەڕاوکێی زاوا، لە جانتای بووک، لە میوانداریی ماڵێک و لە پێکەنینی هاوڕێیاندا خۆی دەنوواند.
هاوارەکەی رووناک خان، ئەمڕۆش ئەوەم بیردەخاتەوە کە لەناو هەموو گفتوگۆ گەورەکاندا، نابێت ئەو مرۆڤە لەبیر بکەین کە لە بەرامبەرمان چاوەڕێیە. ئەوەی خەباتمان بۆ دەکرد، دەبوو رۆژێک لە ژیانی ئەودا بەدی بێت، لە ئاسایش و نان و ئازادی و دەرفەتی دڵخۆشبوونیدا.
لە حەمامەکانی خانەقینەوە تا ئەو شاییەی سێوسێنان، خەڵک بە دەستی خۆیان گەرمییان دەبەخشییە ژیان. هەژاریی و تەنگانە و مەترسی هەبوو، هەوڵی دۆزینەوەی خۆشییەکی بچووکیش هەبوو. خێزانی کاک بەکر بە حەمامێکی ئامادەکراو و کەمێک عەتر و دەعوەتێک بەشداریی شادیی دوو مرۆڤیان کرد. ئەو بەشدارییە سادە و گەرمە لەبیر ناچێت.
دەنگی کاک نیهاد ئەو شەوە خانەقینی گەڕاندەوە بۆ ناو جێگاکەم، خانەقینیش دەستی گرتم و بردمییەوە بۆ ئەو عەسرەی سێوسێنان. لەگەڵ گەرمیی ئەو یادەوەرییەدا، پرسیارێکیش لە دڵمدا زیندوو بووەوە: ئەو ژیانەی خەباتمان بۆ دەکرد، چەندەمان بۆ خەڵک دابین کردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە ماڵ و سفرە و رووخساری خەڵکدا بدۆزینەوە.
کاک عەلی ئەو رۆژە چاوەڕێی شادییەکەی خۆی بوو، سەرئەنجام چاوەڕوانییەکەی کۆتایی هات. خەڵکیش مافیانە بەشی خۆیان لە شادیی و ئارامی ببینن، تەمەنی مرۆڤ نابێت هەر بە چاوەڕوانیکردنی ژیانێکی باشترەوە تێپەڕێت.

وتارەکانی نوسەر