د.كەریم شەریف قەرەچەتانی
(بهشی دووەم)
((کاك دکتۆر، من مامۆستای باخچەی منداڵانم، هەندێك منداڵمان هەیە گەشەیان دواکەوتووە و ئاگایی و وریاییان لاوازە، زوو زوو داڵغە لێ دەدەن و ئاگایان لە ئێمە نامێنێت؛ چی بکەین بۆ ئەوەی ئاگاییان بەهێز بکەین؟ ئایا پرۆگرام و چالاکیی دیاریکراو هەیە))؟
بەڵێ، زۆر هەیە، ئەمانەش هەندێکن لەو چالاکییانەی کە دەتوانن بەکاریان بهێنن:
خوێندنەوەی چیرۆکی وێنەدار:
لەم چالاکییەدا گۆڤار، یان کتێبێکی چیرۆکی وێنەدار بە منداڵ دەدرێت و ئەم داواکارییانەی خوارەوەی لێ دەکرێت:
أ- رەنگەکانی ناو ئەم وێنەیەم بۆ بژمێرە و ناویان بڵێ؟
ب- چەند منداڵ لەناو ئەم لاپەڕەیەدان؟ کامیان لە هەموویان گەورەترە و کامیان لە هەموویان بچووکترە؟
ج- ئەو منداڵە چی دەکات؟ ئەی ئەم منداڵە چی دەکات؟
بەم شێوەیە دایک و باوک، یان مامۆستا دەتوانن چەندەها پرسیاری تر لە منداڵ بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وێنە و شتەکانی ناو گۆڤار، یان کتێبەکە بەئاگا بێت، بیانناسێتەوە و لە یەکتر جیایان بکاتەوە.
زیاترکردنی ماوەی بەئاگایی و تەرکیزکردن:
لەم یارییەدا هەرجارەی داوا لە منداڵ دەکرێت سەیری شتێکی دیاریکراو بکات؛ بۆ نموونە: کاتژمێری سەردیواری ماڵەوە، تابلۆیەك، وێنەیەك، کتێبێك، یان یارییەك و... هتد. یەکەم جار با بۆ ماوەی (1) یەک خولەك سەیری بکات، دواتر بیکە بە (2) دوو خولەك، پاشان (3) سێ خولەك. بەم شێوەیە جار لە دوای جار ماوەی سەیرکردنەکە زیاتر دەکرێت. پێویستە لە کاتی سەیرکردندا باسی شتەکە بکات و بەئاگا بێت بۆی، نەك داڵغە لێ بدات و بیر و هۆشی بۆ لای شتێکی تر بچێت.
بۆ ئەوەی ئەم راهێنانە زیاتر سەرکەوتوو بێت، دەکرێت لە ریگەی لایت و لەیزەرەوە رووناکی بخرێتە سەر ئەو شتەی کە پێویستە سەیری بکات و بۆی بەئاگا بێت، بۆ نموونە: ئەگەر وتمان سەیری ئەو کاتژمێرەی سەر دیواری ژوورەکە بکە، پێویستە لە هەمانکاتدا لایت و رووناکییەکە لەسەر کاتژمێرەکە بێت؛ بەڵام ئەگەر وتمان سەیری پەنجەرە، دەرگا، یان تەلەڤزیۆنەکە بکە، ئەو کاتە رووناکییەکە دەخرێتە سەر ئەو شتە.
یاریی پیتەکان:
لەم یارییەدا لەسەر کارتۆن، وایت بۆرد، یان کاغەزێك، ناو و وێنەی ژمارەیەك شت (ئاژەڵ، میوە، مرۆڤ، ئۆتۆمۆبێل، رەنگ، یاریی جۆراوجۆر، خواردن... هتد) دەنووسرێت و وێنە دەکێشرێت، پاشان داوا لە منداڵەکان دەکرێت کە ناوی ئەو شتانە بڵێن کە بە پیتی (ب)، (ت)، (ز)، یان (ش)و... هتد دەست پێ دەکات، یان کۆتایی دێت. کێ لە ماوەیەکی دیاریکراودا زۆرترین ژمارەی وت، یان نووسی، ئەوە یەکەم دەبێت و پاداشت دەکرێت. بێگومان ئەم یارییەش وەك یارییەکانی تر دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناى وریایی و تەرکیزی منداڵ.
یاریی رەنگ و وشە:
ئەم یارییە یارییەکی جیهانییە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەکاردەهێنرێت. لەم یارییەدا هەموو رەنگەکان بە وشە دەنووسرێن (سوور، شین، سپی، رەش، زەرد، سەوز، قاوەیی، پرتەقاڵی، مۆر، پەمەیی و... هتد)، بەڵام وشەکان بە هەمان رەنگ نانووسرێن؛ واتە وشەی (سەوز) بە رەنگی سەوز نانووسرێت، لەوانەیە بە رەنگی شین، سوور، یان زەرد بنووسرێت. هەموو ئەو وشە رەنگاورەنگانە لەبەردەم منداڵەکە دادەنرێت و داوای لێ دەکرێت ناوی ئەو رەنگە بڵێ کە وشەکەی پێ نووسراوە.
بۆ نموونە: وشەی (سەوز) بە رەنگی (شین) نووسراوە، پێویستە منداڵەکە وشەی «سەوز» نەخوێنێتەوە، بەڵکو ئەو رەنگە بڵێ کە وشەکەی پێ نووسراوە کە (شین)ـە. ئیتر هەرجارەی وشەیەکی تری دەردێتێ و داوای ئەوەی لێ دەکرێت کە ناوی ئەو رەنگە بڵێ کە وشەکەی پێ نووسراوە.
ریزبەندییکردن بە موروو:
پەتێك و کۆمەڵێك موروو، یان دەنکە تەسبێحی رەنگاورەنگ لەبەردەم منداڵەکە دابنێ، ئینجا داوای لێ بکە کە مورووەکان بەم شێوەیە بکاتە ناو پەتەکەوە: (سوور، شین، زەرد، سوور، شین، زەرد، سوور، شین، زەرد... هتد). هەر کاتێك هەڵەی کرد، پێویستە رێنمایی بکرێت بۆ ئەوەی هەڵەکەی چاک بکاتەوە.
یاریی کورسی:
لەم یارییەدا ژمارەیەك کورسی دادەنرێت کە دانەیەکی کەمتر بێت لە ژمارەی منداڵەکان؛ واتە ئهگهر ژمارەی منداڵەکان (7) کەس بوون، ئەوا دەبێت ژمارەی کورسییەکان (6) کورسی بن. ئینجا مۆسیقایەکی خۆش لێ دەدرێت و منداڵەکان بە چواردەوری کورسییەکاندا دەسووڕێنەوە و گوێبیستی مۆسیقاکە دەبن. هەر کاتێك مۆسیقاکە وەستا، دەبێت منداڵەکان لەسەر کورسییەکان دابنیشن. هەر منداڵێك کورسیی بۆ نەمایەوە، ئەوە دەچێتە دەرەوەی یارییەکە، ئینجا کورسییەك لادەبرێت؛ واتە ژمارەی کورسییەکان دەکرێن بە پێنج، لەبەر ئەوەی منداڵێك چووە دەرەوەی یارییەکە و ژمارەی منداڵەکان بوون بە (6). چونکە ئەگەر ژمارەی کورسییەکان و منداڵەکان یەکسان بن، ئەوا هیچ منداڵێك بەبێ کورسی نامێنێتەوە و یارییەکە هیچ نرخ و بەهایەکی نامێنێت.
دوای لابردنی کورسییەك، دووبارە منداڵەکان بە چواردەوری کورسییەکاندا دەسووڕێنەوە و گوێبیستی مۆسیقاکە دەبن. هەر کاتێك مۆسیقاکە وەستا، دەبێت منداڵەکان لەسەر کورسییەکان دابنیشن. هەر منداڵێك کورسیی بۆ نەمایەوە، دەچێتە دەرەوەی یارییەکە و کورسییەکی تریش لادەبرێت؛ واتە ژمارەی کورسییەکان دەکرێن بە چوار. بەم شێوەیە یارییەکە بەردەوام دەبێت تا لە کۆتاییدا یەك کورسی و دوو منداڵ دەمێننەوە، دواتریش یەك منداڵ دەبێتە یەکەم.
یاریی رۆژەکانی هەفتە:
لەمسو یارییەدا حەوت منداڵ بەشداریی یارییەکە دەکەن و هەر دانەیەکیان لەجیاتی ناوی خۆی، ناوی رۆژێکی هەفتەی دەدرێتێ؛ واتە ئهگهر ناوی (شاد) بوو، ئەوا ناوی دەکەن بە (شەممە)، دانەیەکی تر ئهگهر ناوی (لانە) بوو، ناوەکەی دەکەن بە (یەکشەممە)، منداڵی سێیەم کە ناوی (ژوان)ـە، ناوەکەی دەکەن بە (دووشەممە). بەم شێوەیە ناوی منداڵەکان بۆ ناوی رۆژەکانی هەفتە دەگۆڕدرێت تا حەوتەمین منداڵ کە ناو دەنرێت (هەینی).
لە کاتی یارییەکەدا دایک، باوك، یان مامۆستا دەڵێ (دووشەممە)، دەبێت (ژوان) بڵێ (بەڵێ)؛ دواتر مامۆستا، یان چارهسهركارى رەفتاری دەڵێ (شەممە)، دەبێت ئەمجارەیان (شاد) وەڵام بداتەوە و بڵێ (بەڵێ). ئەم یارییە وا لە منداڵەکان دەکات کە بەئاگا بن بۆ ئەو ناوەی کە لێیان نراوە. هەرکەسێك هەڵەی کرد و وەڵامی نەدایەوە، لە یارییەکە دەچێتە دەرەوە تا لە کۆتاییدا یەکێکیان دەبێتە یەکەم. دەکرێت بۆ جارێکی تر لەجیاتی ناوی رۆژەکانی هەفتە، ناوی میوە بەکاربێت؛ واتە منداڵێك ناوبنرێت (سێو)، دانەیەك (پرتەقاڵ) و...هتد، یان بکرێت بە ناوی باڵندە (کۆتر، چۆلەکە، کەو و...هتد).
یاریی ئەندامەکانی لەش:
لەم یارییەدا مامۆستا، دایک، یان باوك ناوی یەکێك لە ئەندامەکانی لەشی منداڵەکە دەڵێت؛ پێویستە منداڵەکە (یان منداڵەکان) دەست بۆ ئەو شوێنە بەرن کە ناوی دەهێنرێت، بۆ نموونە: مامۆستا یان دایک دەڵێت (لووت/کەپوو)، دەبێت منداڵەکە دەست بۆ لووتی ببات؛ یان کاتێك دەڵێت (چاو)، دەبێت ئەمجارە دەست بخاتە سەر چاوی؛ یان کاتێك دەڵێت (سەر)، پێویستە منداڵەکە دەست بخاتە سەر سەری، یان کاتێك مامۆستا دەڵێ کامە دەستی راستە، یان دەستی چەپە؟ دەبێت منداڵەکە ئاماژە بۆ دەستی راست، یان چەپی بکات. بەم شێوەیە یارییەکە بەردەوام دەبێت. هەر منداڵێك دوو جار هەڵەی کرد، لە یارییەکە دەکرێتە دەرەوە تا لە کۆتاییدا یەکێك دەبێتە یەکەم و پاداشت دەکرێت.