بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە چوار سەرۆكایەتەكەی عیراق كە پێكهاتوون لە سەرۆك كۆمار، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییە ناوخۆییەكانی وڵات.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پرسە تایبەتەكانی پەیوەندیدار بە دۆسییەی جورف سەخر ، پڕۆسەی سنوورداركردنی چەك لە دەستی دەوڵەت و هەوڵكشانی ئەم دواییەی نێوان بەغداد و هەولێر دوای ئەو بڕیار و رێوشوێنانەی لە لایەن عەلی زەیدییەوە سەبارەت بە دەروازە سنوورییەكان و كێڵگە نەوتییەكان راگەیەندرا.
ئەم كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوە دوای ئەوە دێت كە عەلی زەیدی زنجیرەیەك بڕیاری دەركرد، كە بریتی بوون لە راسپاردنی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، سنوورداركردنی مۆڵەتی هەناردەكردنی نەوت و بەرهەمەكانی تەنها بە رەزامەندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، گواستنەوەی بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغداد، هەروەها خستنەژێر فەرمانی ناوەندی دەزگا ئەمنییەكانی سەر بە هەرێم لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە.ئەم بڕیارانە كاردانەوەی نەرێنی لە هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و سەركردە سیاسییەكان داوای پابەندبوونیان بە دەستوور و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە كرد، هاوكات هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان داوای ئارامگرتن و پەنابردنە بەر دادگای باڵای فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم كرد .