دەستەی سوێندخۆرانی دادگایەكی فیدراڵیی ئەمریكا لە نیویۆرك، كۆمپانیای تەكنەلۆژیی هواویی چینی بە دزینی نهێنیی بازرگانی و ساختەكاریی بانكی تاوانبار كرد، بەڵام لە تۆمەتێكی قورستر كە پەیوەست بوو بە تاوانی رێكخراو بێتاوانی كرد. لە بەرامبەردا هواوی بڕیارەكەی بە بێبنەما لەقەڵەم دا و هەڕەشەی گرتنەبەری رێكاری یاسایی كرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دادی ئەمریكا، دوای دادگاییكردنێك كە سێ مانگی خایاند،دەستەی سوێندخۆران هواوییان لە 10 تۆمەت لە كۆی 12 تۆمەتی تاوانكاری بە تاوانبار ناساند،لەوانە ساختەكاریی بانكی، پیلانگێڕی بۆ دزینی نهێنیی بازرگانی و پیلانگێڕی بۆ فێڵكردن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
هاوكات دادگاكە كۆمپانیاكەی لە دوو تۆمەتی تر بێتاوان كرد كە بریتی بوون لە پیلانگێڕی بۆ تاوانی رێكخراو و رێگریكردن لە دادپەروەری.
بەپێی دۆسیەی دادگاییكردنەكە، هواوی تۆمەتبار كرابوو بەوەی هەوڵی داوە كارمەندانی كۆمپانیاكانی پەیوەندیی ئەمریكا بۆ لای خۆی رابكێشێت تا زانیاریی تەكنەلۆژییان لێ وەربگرێت.داواكارانی گشتی ئاشكرایان كردبوو، هواوی تەنانەت بەرنامەیەكی ناوخۆیی دانابوو بۆ پێدانی پاداشتی دارایی بەو كارمەندانەی نهێنیی پیشەسازیی كۆمپانیا ركابەرەكان بەدەستدەهێنن.
وەزارەتی دادی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو زانیارییانەی دزراون بریتی بوون لە سۆرس كۆد و رێنمایی بەكارهێنانی راوتەری ئینتەرنێت، تەكنەلۆژیای ئارێل و تەكنەلۆژیای تاقیكردنەوەی رۆبۆت، كە دواتر هواوی بۆ بەرهەمهێنانی كاڵای هاوشێوە بە نرخێكی هەرزانتر بەكاریهێناون. دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگا،كۆمپانیای هواوی لە راگەیەندراوێكدا بە تووندی بڕیارەكەی رەتكردەوە و رایگەیاند، تۆمەتەكانی ئەمریكا هیچ بنەمایەكی یاسایی و راستییان نییە.
كۆمپانیا چینییەكە ئاماژەی بەوەشكرد،بە وردی پێداچوونەوە بە بڕیارە پەیوەندیدارەكاندا دەكەن و هەموو رێكارێكی یاسایی پێویست دەگرنەبەر بۆ بەرگریكردن لە ماف و بەرژەوەندییەكانیان.
ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ماوەیەكی زۆرە هواوی كردووەتە ئامانج و تۆمەتباری دەكات بەوەی مەترسیی سیخوڕیكردنی هەیە بۆ حكومەتی چین، واشنتۆن پێشتریش داوای لە وڵاتانی جیهان كردبوو ژێرخانی تەكنەلۆژیی هواوی بۆ پەرەپێدانی تۆڕەكانی نەوەی پێنجەم بەكارنەهێنن.