گومانی گەندەڵی و قۆستنەوەی دەسەڵات كوڕە گەورەكەی ترەمپ رووبەڕووی لێكۆڵینەوە دەكاتەوە

عیراق 01:56 PM - 2026/11/25

یاسادانەرانی دیموكرات لە كۆنگرێسی ئەمریكا، بازنەی لێكۆڵینەوەكانیان لەسەر گومانی گەندەڵی و تێكەڵكردنی بەرژەوەندی تایبەت و گشتی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ فراوانتر كردووە، بە جۆرێك ئێستا چوار كۆمپانیای تری  پەیوەست بە وەبەرهێنانەكانی كوڕە گەورەكەی دۆناڵد ترەمپی  سەرۆكی ئەمریكای گرتووەتەوە.

جیمی راسكین، ئەندامی دیموكراتی ئەنجوومەنی نوێنەران كە چاوەڕوان دەكرێت سەرۆكایەتی لیژنەی دادوەری وەربگرێت، نامەی  بۆچوار٤ كۆمپانیا ناردووە و داوای تۆمار و پەیوەندییەكانی دوو ساڵی رابردوویانی كردووە لەگەڵ كۆمپانیای وەبەرهێنانی كاپیتاڵ 1798   كە كوڕەكەی ترەمپ لە تشرینی دووەمی 2024ەوە وەك هاوبەش تێیدا كاردەكات .

دیموكراتەكان گومانیان هەیە كوڕەكەی ترەمپ زانیاری نهێنی ناو حكومەتی بەكارهێنابێت یان كاریگەری لەسەر بڕیارەكان دانابێت، بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیایانەی پشكی تێیاندا هەیە، گرێبەستی حكومی بە سەدان ملیۆن دۆلار و ئاسانكاری یاسایی بەدەستبهێنن.

ئەو چوار  كۆمپانیایەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت بریتین لە  هادریان ئۆتۆمەیشن كە لە بواری پیشەسازی بەرگریدایە و  چەند مانگێك دوای وەرگرتنی وەبەرهێنان لە كۆمپانیاكەی كوڕەكەی ترەمپ، گرێبەستێكی حكومی بە بەهای نزیكەی یەك ملیار دۆلار بەدەستهێناوە،كۆمپانیای  جول لابس  كە تایبەتە بە جگەرەی ئەلیكترۆنی ، دوای چوار  مانگ لە كڕینی پشكەكانی لەلایەن كۆمپانیاكەی كوڕی ترەمپەوە، رەزامەندی دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمریكای وەرگرت بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكانی.

هاوكات یەكێكی تر  لە كۆمپانیاكان، كۆمپانیای   پۆلی ماركێت  پلاتفۆرمی پێشبینییەكانە كە وەزارەتی دادی ئەمریكا  لێكۆڵینەوەكانی لەسەر ئەم پلاتفۆرمە ڕاگرت ، پێش ئەوەی كوڕەكەی ترەمپ ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی كۆمپانیاكە. كۆمپانیایەكی تایبەت بە  فرۆشگای ئەلیكترۆنی چەك،دوای چوونی كوڕەكەی ترەمپ بۆ ناو ئەنجوومەنی كارگێڕی كۆمپانیاكە، دەسەڵاتداران پێشنیاری ئاسانكارییان كرد بۆ گەیاندنی چەك بۆ ماڵان.

جگە لەو چوار  كۆمپانیایە، لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەكان دەریانخستووە كە 15 كۆمپانیای پەیوەست بە هەردوو كوڕەكەی ترەمپ (دۆناڵد جونیۆر و ئێریك) تا ناوەڕاستی ساڵی 2026، گرێبەستی حكومی راستەوخۆیان بە بەهای لایەنی كەم 3.2 ملیار دۆلار بەدەستهێناوە لەوانە كۆمپانیاكانی وەك سپەیس ئێكس، ئاندۆریل، ڤۆڵكان ئێڵیمێنتس و پێرپلێكسیتی.

هاوكات كوڕەكەی دۆناڵد ترەمپ  و بەرپرسانی كۆمپانیای كاپیتەڵ 1798 هەموو ئەو تۆمەتانەیان رەتكردووەتەوە و رایانگەیاندووە ،كارەكانیان بە تەواوی یاسایی و شەفافن و بوونی باوكی لە دەسەڵاتدا نابێت ببێتە رێگر لەبەردەم كارە بازرگانییەكانی ئەودا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو