سەرۆكی ئێران: لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی تر گفتوگۆ دەكەین
مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی تر ئەنجامدەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە.
مەسعود پزیشكیان رایگەیاند، هەوڵدانی وڵاتەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانەوە بە هیچ شێوەیەك بە واتای خۆبەدەستەوەدان یان دەستبەرداربون لە ماف و پرەنسیپە نیشتمانییەكانی گەلی ئێران نایەت.
پزیشكیان ڕونیشیكردەوە، تاران ڕێگە نادات لە ڕێگەی گەمارۆ، سزا ئابوورییەكان و سیاسەتی خۆسەپاندنەوە ملكەچ بكرێت، بەڵكو بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هێڵە سوورەكانی سەروەریی نیشتمانی و ڕەتكردنەوەی هەر مەرجێك كە پێگەی دانوستانكاری لاواز بكات.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا پزیشكیان تەئكیدیكردەوە، بەهۆی هێرشە سەربازییەكانی ڕابردوو لە كاتی دانوستانەكاندا كەشێكی بێمتمانەیی دروست بووە، بۆیە بۆ هەر پێشكەوتنێكی بەردەوام پێویستە واشنتۆن هەڕەشە و فشار و سزاكانی سەر تاران ڕابگرێت.
مەسعود پزیشكیان باسی لەوەشكرد، ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی تر ئەنجام دەدەین، بەڵام پارێزگاری لە سەربەرزیمان دەكەین و ملكەچی لوتبەرزی نابین، هەوڵدانیشمان بۆ چارەسەری كێشەكان بە دیالۆگ بە هیچ شێوەیەك مانای خۆبەدەستەوەدان نییە.