دڵنیایی لە بەردەوامیی غازی ماڵان و نەوتی سپی؛ پرۆسەی دابەشكردن و نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی لە هەرێم بەردەوامە

کوردستان 11:57 PM - 2026/11/24

دڵنیایی لە بەردەوامیی غازی ماڵان و نەوتی سپی؛ پرۆسەی دابەشكردن و نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی لە هەرێم بەردەوامە 
 لە نێو دەنگۆ و نووسراوە بڵاوبووەوەكان سەبارەت بە ڕاگرتنی پشكی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دڵنیایی دا كە بڕیاری ڕاگرتنی پشكی سووتەمەنیی كارگە و كۆمپانیاكان، غازی شلی ماڵان و نەوتی سپیی هاووڵاتییان ناگرێتەوە، هاوكات پرۆسەی دابەشكردنی نەوت و ڕێكارەكانی وەرگرتنی نۆرە بەردەوامن.
كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، بڕیارەكە تایبەتە بە ڕاگرتنی پێدانی سووتەمەنی بەو كارگە و كۆمپانیا پیشەسازییانەی كە دەكەونە بەر بڕیارەكە، بەشێوەیەكی كاتی ڕاگیراون، بەڵام غازی شلی ماڵان (بۆ هاووڵاتییان و كارگەكانی غازی شل) و نەوتی سپیی هاووڵاتییان ناگرێتەوە. بەپێی ڕوونكردنەوەكە، پشكی ئەو كارگانە دوای پێشكەشكردنی نووسراوی پشتگیری لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی/ بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە خەرج دەكرێنەوە، بە مەرجێك بسەلمێنرێت مۆڵەتی دامەزراندن و ڕەزامەندییە یاساییەكانیان دروستن، بەردەوامن لە كاركردن و سووتەمەنییەكە وەك كەرەستەی خاو لە بەرهەمهێناندا بەكاردەهێنن.
لە هەمان چوارچێوەدا، دكتۆر عیززەت سابیر، جێگری وەزیری نەوتی عیراق، ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزیری نەوت كۆبووەتەوە و دڵنیایی پێداوە ناردنی غازی شلی ماڵان و نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی سپی، وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاری داوە 200 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێم ڕەوانە بكات و وەك قۆناغی یەكەمیش 50 ملیۆن لیتر نێردراوە. سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، ڕایگەیاند، بڕەكە بە چەند قۆناغێك دەنێردرێت و دوای تەواوبوونی ئەم 50 ملیۆن لیترە، كاروانێكی دیكەی 50 ملیۆن لیتری ڕەوانە دەكرێت، پرۆسەكەش لە ناوچە شاخاوییە ساردەكانەوە دەستی پێ كردووە و دواتر دەگاتە ناوەندی پارێزگاكان.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، پشكی پارێزگاكان لەم قۆناغەدا بریتییە لە، 19 ملیۆن و 314 هەزار لیتر بۆ سلێمانی، 18 ملیۆن و 740 هەزار لیتر بۆ هەولێر، 10 ملیۆن و 792 هەزار لیتر بۆ دهۆك، و یەك ملیۆن و 154 هەزار لیتر بۆ هەڵەبجە. 
لە سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان ڕایگەیاندووە، لە كۆی 11 هەزار خێزانی شارۆچكەی پێنجوێن، پێنج هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە و بڕیارە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە لەوێ تەواو ببێت، كە هەر خێزانێك 100 لیتر نەوت بە 33 هەزار دینار وەردەگرێت. 
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، تەئكیدی كردەوە، خشتەی ناوچەكان ئامادەیە و ڕۆژانە هەر بڕە نەوتێك بگات ڕاستەوخۆ دابەش دەكرێت، هاوكات بەپێی ئامارەكان، ئەگەر بۆ هەر خێزانێك یەك بەرمیل (200 لیتر) دابین بكرێت، كۆی پێداویستیی هەرێم دەگاتە 268 ملیۆن و 700 هەزار لیتر نەوتی سپی.
لە هەنگاوێكی كارگێڕیشدا بۆ ڕێكخستنی مامەڵەی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی وەرگرتنی نۆرەی سەردانیكردنی بە شێوازی ئۆنلاین لە ڕێگەی "كیو ئاڕ" كۆدەوە ڕاگەیاند، بە جۆرێك هاووڵاتییان پێش سەردانیكردن جۆری مامەڵەكەیان دیاری دەكەن، وەك مامەڵەی تازە هاوسەرگیری یان دوای 2021 بە بوون یان نەبوونی كارتی سووتەمەنی، گواستنەوە یان ونبوونی كارت و لە ڕۆژی سەردانیشدا دەبێت پسوڵەی نۆرە و بەڵگەنامە پێویستەكان لەگەڵ خۆیان ببەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو