دایكێكی خاوەن دوو بڕوانامەی ماستەر بووە شاجوانی گەردوون

عیراق 02:29 PM - 2026/11/25

جێنیفەر بارێتۆ نوێنەری پۆرتۆریكۆ، توانی نازناوی شاجوانی گەردوون بۆ ساڵی 2026 بەدەستبهێنێت و شەشەمین تاجی ئەم پێشبڕكێ جیهانییە بخاتە سەر مێژووی وڵاتەكەی، ئەمەش دوای كێبڕكێیەكی توند لە نێوان 116 شاجوانی جیهاندا.

سەركەوتنەكەی جێنیفەر بارێتۆ لەسەر خاكی وڵاتەكەی و لەبەردەم هاندەرانی خۆیدا، دەنگدانەوە و كاردانەوەیەكی یەكجار گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و شەقامی پۆرتۆریكۆدا لێكەوتەوە. هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بە ئاهەنگگێڕان و خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لەم دەستكەوتە كرد، چونكە پۆرتۆریكۆ توانی دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ، جارێكی تر تاجی شاجوانی گەردوون لەسەر خاكی خۆی بهێڵێتەوە،دوایین جار كە ئەم وڵاتە ئەم نازناوەی بەدەستهێنابوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2001. بەم سەركەوتنە نوێیەش، پۆرتۆریكۆ ژمارەی تاجەكانی لە مێژووی شاجوانی گەردووندا گەیاندە شەش تاج و پێگەی خۆی لە ریزبەندی وڵاتانی پێشەنگی ئەم بوارەدا زیاتر بەهێز كرد.

یەكێك لەو خاڵە هەرە گرنگانەی كە جێنیفەر بارێتۆی لە بەشداربووانی تر جیا كردەوە و سەرنجی لیژنەی دادوەران و میدیا جیهانییەكانی بەلای خۆیدا راكێشا، پاشخانی كۆمەڵایەتی و زانستیی ئەم شاجوانە بوو. بارێتۆ لە خولی ئەمساڵدا وەك نموونەیەكی جیاواز و سەردەمیانە دەركەوت،چونكە ئەو نەك تەنها دایكی كچێكە، بەڵكو لە ڕووی ئەكادیمیشەوە كەسێكی سەركەوتووە و خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەرە. ئەم تێكەڵەیە لە جوانی، ئاستی بەرزی زانستی و ڕۆڵی دایكایەتی، وایكرد بارێتۆ ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و بتوانێت دوای چارەكە سەدەیەك نازناوە جیهانییەكە بۆ وڵاتەكەی مسۆگەر بكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو