كۆریای باكوور دیپلۆماتكارانی سویسرای لە وڵاتەكەی دەركرد

عیراق 12:00 PM - 2026/11/25

بەپێی میدیا رەسمییەكانی كۆریای باكوور، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكە فەرمانی بە سەرۆكی نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیی سویسرا كرد، لە ماوەی 48 سەعاتدا وڵاتەكە چۆڵ بكات. 
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی كۆریای باكوور بڵاویكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی كۆماری گەلی كۆریا، سەرۆكی نووسینگەی دیپلۆماتیی سویسرای لە وڵاتەكەی وەك كەسێكی نەخوازراو ناساندووە و داوای لێكردووە لە ماوەی 48 سەعاتدا خاكی وڵاتەكە جێبهێڵێت.

ئاژانسەكە روونیكردەوە، پاك هیون سو، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باكوور، سێلڤان ئاستییێ، سەرۆكی نووسینگەی دیپلۆماتیی سویسرای بانگهێشتكرد و یاداشتێكی رەسمی پێشكەشكرد، تێیدا داوای داخستنی نووسینگەكە دەكات.

هەروەها پیۆنگیانگ روونیكردەوە، داواكردن لە ئاستییێ بۆ چۆڵكردنی وڵاتەكە لەسەر بنەمای ئەو كارە دوژمنكارییە بووە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سویسراوە كراوە، دوای ئەوەی كەمپی نێودەوڵەتیی منداڵانی سۆنگدوونیان خستە نێو لیستی سزاكانەوە.

كەمپی نێودەوڵەتیی منداڵانی سۆنگدوون تۆمەتبارە بەوەی یارمەتیدەرە لە مێشكشۆردن و چاندنی بیری توندڕەوی لەو منداڵە ئۆكراینیانەی لەو خاكانەوە هێنراون كە رووسیا داگیری كردوون.
سویسرا لە 4ـی تشرینی دووەم سزای بەسەر كەمپەكەدا سەپاند و تۆمەتباری كرد بە بەشداریكردن لە گواستنەوەی منداڵانی ئۆكراینی لەو خاكە ئۆكراینیانەی بە شێوەیەكی كاتی داگیركراون بەرەو كۆریای باكوور، هاوكات تۆمەتباری كرد بە بەشداریكردن لە هەوڵێكدا كە ئامانجی مێشكشۆردنی ئایدیۆلۆژییە.

ئەم هەڵوێستەی كۆریای باكوور لە كاتێكدایە، چەند هەفتەیەك لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی سویسرا بە مەبەستی تاوتوێكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان سەردانی پیۆنگیانگی كردبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو