ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق: بڕیارەكانمان لە هەڵوێستی دەوڵەتانەوە وەرناگرین ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تەئكید دەكاتەوە لەوەی،بڕیاری عیراقی پرسێكی تەواو نیشتمانییە و ئەو رێكارانەی كە حكومەت لەناو سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەكانی عیراقدا دەیانگرێتەبەر، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و تەنها پشت بە دەستوور و یاساییەكان دەبەستن.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە،كۆماری عیراق دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی تەواو و دیموكراسیی فیدراڵییە، دەسەڵاتەكانی و رەوایی دامەزراوەكانی لە دەستوور و ئیرادەی گەلەكەیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها حكومەتەكەی بە سەربەخۆیی تەواو و بەپێی یاسا و بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانی، بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات.
ئەنجومەنەكە تەئكیدیش دەكاتەوە لەوەی،بڕیاری عیراقی پرسێكی تەواو نیشتمانییە و ئەو رێكارانەی كە حكومەت لەناو سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەكانی عیراقدا دەیانگرێتەبەر، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و تەنها پشت بە دەسەڵاتە دەستووری و بەرپرسیارێتییە یاساییەكانی دەبەستن، ئەمانە وەك وەڵامێك نین بۆ هاندان، سەپاندن، یان ئاڕاستەكردن لە هیچ لایەنێكی دەرەكییەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەشهاتووە،حكومەتی عیراق ڕەوایی بڕیارەكانی لە هەڵوێست یان ئاڕاستەی دەوڵەتانەوە وەرناگرێت و چاوەڕێی هاندانی هیچ كەسێك ناكات بۆ جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتییە دەستووری و سەروەرییەكانی، بەڵكو بەپێی ئەوەی كە بەرژەوەندیی باڵای عیراق و مافەكانی گەلەكەی و پێداویستییەكانی ئاسایش و سەقامگیرییەكەی دەیخوازن، هەنگاو دەنێت.لە بەیاننامەكەی ئەجومەنەكەدا ئەوەشهاتووە،بڕیارمان عێراقییە و ئیرادەمان نیشتمانییەو مەرجەعییەتمان دەستوور و یاسایە و بەرژەوەندیی باڵای عیراق ئەو پێوەرەیە كە هەڵوێست و ڕێكارەكانمان دیاری دەكات.
.