عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بەوەی بە ئەنقەست ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە، ئەویش لە رێگەی پەكخستنی كارەكانی رێكخراوی قەدەخەكردنی چەكی كیمیایی و نەدانی پشكە داراییەكانی بەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە.
عێراقچی لە لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) نووسیویەتی، سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن نیگەرانی خۆی سەبارەت بە چەكی كیمیایی نیشان دەدات، بەڵام رێگریی لە كارەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكەی تایبەت بە چاودێریكردنی ئەو جۆرە چەكانە دەكات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش كردووە، رەنگە رێكخراوەكە ناچار بێت چالاكییەكانی هەڵپەسێرێت و بەرنامە گرنگەكانی كەمبكاتەوە، هەروەها پێیوایە واشنتۆن بە ئەنقەست ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە و ئەو هەڵسوكەوتەی ئەمریكاشی بە "شەرمەزاركەر" وەسف كردووە.
لێدوانەكانی عێراقچی دوای ئەو هات، رێكخراوی قەدەخەكردنی چەكی كیمیایی رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی بووەتەوە بەهۆی دواكەوتنی وڵاتانی ئەندام لە پێدانی پشكەكانیان بۆ ساڵی 2026، كە لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریكا دێت. بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری شارەزایەكی ئەمریكیی بواری چەكی بایۆلۆژی و كیمیاییەوە گواستوویەتییەوە، واشنتۆن تەنها نزیكەی 20%ی پشكی ساڵانەی خۆی داوە كە بڕەكەی 17 ملیۆن یۆرۆیە.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی رۆیتەرز، رەنگە لێكەوتەكانی ئەو قەیرانە پرۆسەكانی دڵنیابوونەوە لە لەناوبردنی چەكی كیمیایی لە سووریاش بگرێتەوە، هاوكات باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە لاهای وەڵامی داواكارییەكانی بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە نەداوەتەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، رۆژی سێشەممە 7 ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا داوایان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كرد، دەستبەجێ شایستە داراییە دواكەوتووەكانی رێكخراوەكە بدات و هۆكاری دواكەوتنی پارەكان روون بكاتەوە. ئەو سیناتۆرانە هۆشدارییان داوە لەوەی ئەم دۆخە هەوڵەكانی لەناوبردنی چەكی كیمیایی، لێكۆڵینەوە لە بەكارهێنانی و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی لاواز دەكات.