ئیتاڵیا سزایەكی دارایی بە بڕی 887 ملیۆن دۆلار بەسەر مێتادا سەپاند

عیراق 01:59 PM - 2026/11/15

دەستەی پاراستنی داتاكان لە ئیتاڵیا سزایەكی دارایی بە بڕی 887 ملیۆن دۆلار بەسەر كۆمپانیای تەكنەلۆجیی مێتادا سەپاند. ئەم بڕیارە بەهۆی پێشێلكردنی تایبەتمەندیی بەكارهێنەران و دەستگەیشتنی نایاسایی كۆمپانیاكە بە داتاكانی ناو مۆبایلە زیرەكەكان دەرچووە. 

سزاكە راستەوخۆ ئاڕاستەی لقی سەرەكیی كۆمپانیاكە لە ئێرلەندا كراوە و لە هەمان كاتدا مۆڵەتێكی كورتی پێدراوە بۆ گۆڕینی سیاسەتەكانی.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی دەستەی چاودێری و پاراستنی داتاكان لە ئیتاڵیا، كۆمپانیای مێتا لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنی فەیسبووكەوە سنووری تایبەتمەندیی بەكارهێنەرانی بەزاندووە. كۆمپانیاكە توانیویەتی بگاتە ناو وێنە، گرتە ڤیدیۆییەكان و داتا  پەیوەستدارەكانی ناو ئەو مۆبایلانەی كە بە سیستمی ئەندرۆید كار دەكەن.ئەم كارە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندییەكی ڕوون و ئاشكرا یان ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی بەكارهێنەران ئەنجام دراوە.

بەپێی خەمڵاندنەكان، نزیكەی 20 ملیۆن بەكارهێنەری سیستمی ئەندرۆید لە ئیتاڵیا بەهۆی ئەم پێشێلكارییەوە زانیارییە كەسییەكانیان كەوتووەتە ژێر مەترسییەوە. دەستەی پاراستنی داتاكان ئاماژەی بەوە كردووە كە لە كاتی دیاریكردنی بڕی سزاكەدا، تەنیا ئەم پێشێلكارییەی ئێستا لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵكو دۆسیە و ڕێكارە چاودێرییەكانی پێشووتری ساڵی 2019ـش كە دژی كۆمپانیاكە گیرابوونە بەر، كاریگەرییان هەبووە لەسەر قورسكردنی سزاكە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دەسەڵاتدارانی ئەوروپا چیتر چاوپۆشی لە دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكانی پاراستنی داتا ناكەن.

جگە لە سزا داراییەكە، ئیتاڵیا تەنیا 60 رۆژ مۆڵەتی داوەتە كۆمپانیای مێتا بۆ ئەوەی گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە شێوازی كاركردنی ئەپڵیكەیشنەكەیدا بكات. بەپێی مەرجە نوێیەكان، دەبێت كۆمپانیاكە داواكارییەكی سەربەخۆ و دیاریكراو بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەكارهێنەران زیاد بكات پێش ئەوەی دەستی بەم تایبەتمەندییە بگات. هەروەها پێویستە ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەكی بنەڕەتی لەناو سیستەمەكەدا بە ناچالاكی بهێڵرێتەوە، تا ئەو كاتەی بەكارهێنەر خۆی بە ویستی خۆی چالاكی دەكات.

ئەم هەنگاوەی ئیتاڵیا وەك پەیامێكی توند دادەنرێت بۆ سەرجەم كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بواری تەكنەلۆجیا، كە دەبێت ڕێز لە یاساكانی پاراستنی زانیارییە كەسییەكانی بەكارهێنەران بگرن و شەفافییەتی تەواویان هەبێت لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی داتاكاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو