لیژنەی دارایی: بودجەی 2027 رووبەڕووی 42 ترلیۆن دینار كورتهێنان دەبێتەوە

کوردستان 02:06 PM - 2026/11/15

  پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027 رووبەڕووی ئاستەنگێكی دارایی گەورە دەبێتەوە، بەجۆرێك بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان بڕی كورتهێنان لە بودجەكەدا دەگاتە 42 ترلیۆن دینار. لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش هۆشداری دەدات لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخە و تەئكید دەكاتەوە لەوەی  نابێت پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە ببێتە هۆی دروستكردنی بارگرانیی ئابووری لەسەر شانی هاووڵاتییان و مووچەخۆران.

غفران شەممەری ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا تیشكی خستە سەر وردەكارییەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو و ئاشكرای كرد، كە بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی لیژنەكەدان، قەبارەی خەرجییەكانی دەوڵەت لە بودجەی 2027ـدا زیاتر لە 217 ترلیۆن دینار دەبێت.

لە بەرامبەریشدا، كۆی گشتیی داهاتە پێشبینیكراوەكانی عیراق بۆ هەمان ساڵ بە 175 ترلیۆن دینار خەمڵێندراون. بەپێی ئەم هاوكێشە داراییە، جیاوازیی نێوان داهات و خەرجییەكان بۆشاییەكی دارایی بە بڕی 42 ترلیۆن دینار دروست دەكات، كە وەك كورتهێنانی رەسمی لە پڕۆژەیاساكەدا تۆمار دەكرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە،  تێپەڕاندن و چارەسەركردنی ئەم كورتهێنانە گەورەیە پێویستی بە داڕشتنی سیاسەتێكی دارایی ورد و تۆكمە هەیە لەلایەن حكومەتەوە. ڕوونیشیكردووەتەوە، رێگەی دروست بۆ كەمكردنەوەی ئەم بۆشاییە بریتییە لە كۆنترۆڵكردن و كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییە ناپێویستەكان، لەگەڵ گرتنەبەری رێكاری كارا بۆ زیادكردن و هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی نانەوتی، نەك پشتبەستن بە قەرزكردنی بێسنوور یان سەپاندنی باجی نوێ بەسەر خەڵكدا.لە بەشێكی تری قسەكانیدا، غفران شەممەری هێڵە سوورەكانی لیژنەی دارایی بۆ پەسەندكردنی بودجە دیاری كرد و تەئكیدی لەوە كردەوە، كە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، هەروەها پاراستنی توانای كڕینی هاووڵاتییان لە بازاڕەكاندا، دەبێت لە سەرووی هەموو ئەولەویەتەكانی حكومەتەوە بن.

ناوبراو دووپاتی كردەوە كە پەرلەمان رێگە نادات چارەسەركردنی قەیرانی كورتهێنان ببێتە هۆی بڕینی دەرماڵەكان یان بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان، كە ڕاستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر بژێویی ژیانی خێزانە عێراقییەكان.

ئەم لێدوانانەی لیژنەی دارایی لە كاتێكدایە كە مشتومڕە سیاسی و ئابوورییەكان لە بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 گەیشتوونەتە قۆناغێكی هەستیار. لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان، هێشتا ناكۆكییەكان لەسەر دۆسیەكانی داهاتی نەوتی و نانەوتی و  پشكی پارێزگاكان، هەروەها قەبارەی قەرزكردن بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش مەترسیی دواكەوتنی زیاتری پەسەندكردنی بودجەكەی لێدەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو