بۆ ماوەی چوار سەعات گەشتە ئاسمانییەكانی ئەمریكا راگیران

عیراق 03:26 PM - 2026/11/14

دوای ئەوەی بۆ نزیكەی چوار سەعات گەشتە ئاسمانییەكان لە ئەمریكا راگیران و ئەوەش بووەهۆی هەڵوەشانەوەی نزیكەی شەش هەزار گەشت، دەستەی فڕۆكەوانیی فیدراڵیی ئەمریكا بڕیاری راگرتنەكەی هەڵگرت و ئاسمانی وڵاتەكە كرایەوە.

لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ رایانگەیاند، پەككەوتنەكە بەهۆی تەكنەلۆژیا و ئامێرە كۆنەكانەوە بووە كە مێژووەكەیان بۆ چەند دەیەیەك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە،ئاماژەیان بەوەشكرد، هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر بوونی هێرشی ئەلیكترۆنی یان كاری تێكدەرانە.

شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریكا هۆكاری كێشەكەی روونكردەوە و وتی: ئەمە كێشەیەكی كۆنی سیستمەكەیە. ئێمە سویچ و راوتەری زۆر كۆنمان هەیە و هێڵی سەردەمی هەشتاكان بەكاردێنین. سیستمەكە كۆنە و لە هەموو شوێنێك لەكاركەوت، چونكە بەرگەی ئەو هەموو زانیارییەی نەگرت.

دوای كردنەوەی ئاسمانی وڵاتەكە، وەزیری گواستنەوە داوای لە كۆنگرێس كرد ئەو 30ملیار و 100 ملیۆن  دۆلارە پەسەند بكات كە رۆژی پێنجشەممە بۆ نوێكردنەوەی سیستمی چاودێریی ئاسمانی داوای كردبوو و وتیشی، دەبێت كۆنگرێس سەرچاوە داراییەكان بداتە سەرۆكی ئەمریكا  تا بتوانێت ئەم پڕۆژەیاسایە تەواو بكات.

لای خۆشییەوە وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رەتیكردەوە هیچ هێرشێكی دەرەكی لە پشت رووداوەكەوە بێت و وتی: هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی ئەمە هێرشی ئەلیكترۆنی یان هێرشی زیرەكی دەستكرد بووبێت.

هاوكات هەموو پەیوەندییەكی نێوان ئەم رووداوە و پەككەوتنە جیهانییەكەی ئەم هەفتەیەی كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی رەتكردەوە كە بووەهۆی لەكاركەوتنی سیستمی ئیمەیڵی ملیۆنان بەكارهێنەر لە جیهاندا.

بەپێی داتاكانی ماڵپەڕی فلایت ئەوەیێر كە تایبەتە بە چاودێریكردنی گەشتە ئاسمانییەكان، بەهۆی ئەو پەككەوتنەوە نزیكەی شەش هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندرانەوە كە بەشێكیان گەشتی نێودەوڵەتی بوون و پێشبینیش دەكریتَ ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی گەشتەكان كاتێكی زۆری بوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو