قوباد تاڵەبانی: یەكێتی دەیەوێت نرخی نەوت و بەنزین هاوشێوەی بەغداد بێت

کوردستان 10:49 AM - 2026/11/14

 دوای بەشداركردنی لە كۆڕبەندی ستراتیجی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی، قسەی بۆ میدیا و رۆژنامەنووسان كرد، سەڕەڕای خستنەڕووی كێشەی و ئاڵۆزییەكانی ئەمرۆی هەرێمی كوردستان، باسیشی لە هۆكاری بەرزی نرخی سووتەمەنی كرد و وتی: بەهۆی سیاسەتی  هەڵەی حكومڕانییەوەیە نرخی سووتەمەنی گران بووە.

قوباد تاڵەبانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە  پەیوەندییەكانی  نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكرانتی كوردستان كرد و رایگەیاند، بەردەوام پەیوەندییەكانی ئەو دوو حزبە بەرز و نزمی بەخۆوە بینیوە و  ئەمەش شتێكی ئاساییە چونكە دوو حزبی جیاوازن و مێژووی جیاوازیان هەیە و ئاساییە  ناكۆكییەكان لەسەر سیاسەتەكانی بەڕێوەبردن و حكومڕانی بن و  بوونی ئەم ناكۆكیانە زۆر ئاساییە،بەڵام گرفتەكە ئەوەیە  نەتوانراوە چوارچێوەیەك بۆ ناكۆكییەكان دابنرێت.

قوباد تاڵەبانی  باسی لەو سیستمە حكومڕانییە كرد كە پارتی پەیڕەوی دەكات و وتی ،سیستمی حكومەت بەستراوەتەوە بە پەیوەندی كەسەكانەوە ئەگەر پەیوەندی كەسەكان باش بێت سیستمەكە باش دەڕوات ، ئەم جۆرە یاریكردنەش بە حكومڕانی هەڵەیە و نابێت ناكۆكییە كەسییەكان بگاتە هۆكاری وەستان و راگرتنی  كارەكان.

قوباد تاڵەبانی  وتیشی،  پێویستە چوارچێوەیەك بۆ حكومڕانی دابنرێت ،چونكە  كوردستان هی هەموو كوردستانە و هی هیچ حزبێك نییە و ئێمە باس لە مۆدێلێكی حكومڕانمی دەكەین كە بتوانێت هەموو جیاوازییەكان كۆبكاتەوە و لە جیاتی ئەوەی خەڵك بگونجێنین لەگەڵ حكومەت بێین حكومەت لەگەڵ خەڵك بگونجێنین. 

قوباد تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ،سەبارەت بە هەڵوێستی هەندێك لە پەرلەمانتار و گۆڕینی حزبەكانیان رایگەیاند، ئەمە گەورەترین مەترسییە لەسەر خەڵك و  پەرلەمانتاران  بۆیە دەبێت ئەمە چارەسەر بكرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە چونكە گەورەترین بێرێزیكردنە بە  دامەزراوەی پەرلەمان.

سەبارەت بە گرانبوونی نرخی نەوت و بەنزینیش قوباد تاڵەبانی رایگەیاند،  بەهۆی سیاسەتی  هەڵەی حكومڕانییەوەیە نرخی سووتەمەنی گران بووە ، یەكێتی دەیەوێت نرخی نەوت و بەنزین هاوشێوەی بەغداد بێت.
لەبارەی كەمكردنەوەی نرخی كارەبای پرۆژەی رووناكیش قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدان پارەی كارەبا هەرزان تر بێت بۆ هاووڵاتیان  و بە دڵنیاییەوە  گۆڕانكاری دەبینن لە نرخی كارەبا دا.



بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو