نێردەی ئەمریكا لە سعوودیە هۆشدارییەكی ئەمنیی بڵاوكردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد، پێداچوونەوە بە رێنماییەكانی گەشتكردن بۆ سعوودیە بكەن و زانیارییە ئەمنییەكان و راسپاردەكانی گەشتكردن بخوێننەوە.
رۆژی چوارشەممە، لە راگەیەندراوەكەی نێردەی ئەمریكادا هاتووە، پێویستە ئەو ئەمریكییانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەی هێرشی چەكداری لەلایەن حووسییەكانەوە هەوڵەكانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی لێپرسراوانی حكوومەتی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، ئاستی وشیاریی خۆیان بەرز بكەنەوە.
نێردەی ئەمریكا روونیكردەوە، حووسییەكانی سەر بە ئێران دەستیان بە كردەوەی دوژمنكارانە بەرامبەر بە سعوودیە كردووە، لەوانەش هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانە مەدەنییەكان و ژێرخانە گرنگەكانی دیكە، كە بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی هاووڵاتییان و دروستبوونی پەككەوتنی زۆر لە گەشتەكاندا.
هاوكات لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو كردەوە دوژمنكارییانە ئەگەری ئەوەیان هەیە بەخێرایی پەرە بسێنن و سنووری ئەو ناوچانە تێپەڕێنن كە ئێستا تێیاندا روودەدەن.