وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی بڕیارێكی حكوومەتی ئەرجەنتین دژ بە سوپای پاسداران، هێزە دەریایی و ئاسمانییەكانی ئەرجەنتینی وەك دوو رێكخراوی تیرۆریستی ناساند.
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، بڕیارەكە بە پشتبەستن بە بنەمای مامەڵەی هاوشێوە و یاسایەكی ساڵی 2019ـی ئێران گیراوەتە بەر. بەگوێرەی ئەو یاسایە، هەر وڵاتێك بە هەر شێوازێك پشتگیری لە بڕیاری ئەمریكا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بكات، رووبەڕووی رێوشوێنی هاوشێوە دەبێتەوە.
وەزارەتەكە ئەوەشی خستەڕوو، حكوومەتی ئەرجەنتین بە پێچەوانەی بنەما سەرەكییەكانی یاسای نێودەوڵەتی هەنگاوێكی دوژمنكارانەی ناوە، چونكە سوپای پاسداران، كە یەكێكە لە ستوونەكانی هێزە چەكدارە فەرمییەكانی ئێران، وەك قەوارەیەكی تیرۆریستی دیاری كردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران تەئكیدیكردەوە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەكانی ئەرجەنتین دەكەونە چوارچێوەی ئەو یاسایە و حكوومەتی ئەرجەنتین بەرپرسە لە سەرجەم لێكەوتەكانی ئەو بڕیارە.
ئەم بڕیارەی ئێران لە كاتێكدایە كە ئەرجەنتین لە 1ـی نیسانی رابردوو سوپای پاسدارانی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساند. ئەرجەنتین هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە سوپای پاسداران پاڵپشتی حزبوڵڵای لوبنانی كردووە بۆ دوو لە مەترسیدارترین هێرشەكان لە مێژووی ئەو وڵاتەدا كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو روویاندا.
ئەم هەنگاوەی ئێران چەند رۆژێك دوای ئەوە دێت كە لە سەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئێران رێوشوێنێكی هاوشێوەی دژی بەریتانیا گرتە بەر و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانیی بەریتانیای بە هەمان هۆكار خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە.