پارێزگاری كەركوك دەست لەكاردەكێشێتەوەو كاندیدێكی نوێی توركمان هەڵدەبژێردرێت

کوردستان 11:52 AM - 2026/11/11

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگار رێكبخات، باس لە هەڵبژاردنی قەحتان ئەلوەنداوی، كاندیدی توركمان دەكرێت بۆ پۆستی نوێی پارێزگاری كەركوك.

سەرچاوەیەكی سیاسی لە پارێزگای كەركوك، راگەیاندووە، كۆبوونەوەكە لە سەعات چواری پاشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت، كارنامەی كۆبوونەوەكە بریتییە لە تاوتوێكردنی دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد سەمعان ئاغا وەزیری دەوڵەت و پارێزگاری كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.

ئاماژەی بەوەش كردووە، پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن كە ئەنجومەنەكە قەحتان ئەلوەنداوی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار هەڵبژێرێت، دوای ئەوەی ناوەكەی لەگەڵ كاندیدێكی دیكەی توركمان بە ناوی ماردین كوك قایا پێشكەش كراوە.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ یەكلاكەرەوە دەبێت لە دۆسیەی پۆستی پارێزگاردا، قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی سەمعان ئاغا لە حاڵەتی دەنگدان لەسەری رێگە خۆش دەكات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.

ئەم پێشهاتانە لە سایەی لێكتێگەیشتنی سیاسی لە نێوان پێكهاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا دێن، بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی پۆستی پارێزگارو یەكلاییكردنەوەی بە قازانجی كاندیدێكی توركمان، دوای ماوەیەك لە ململانێ و دانوستانەكان سەبارەت بە میكانیزمی هەڵبژاردنی پارێزگاری داهاتوو.

بانگهێشتەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، پشتبەستن بە مادەی 38/ یەكەم لە پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركراوی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، بانگهێشتی جێگری سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەن دەكرێت بۆ بەستنی دانیشتنی بەپەلە (نائاسایی ژمارە 28 لە سەعات 4:00ـی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026 لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەن، بە مەبەستی كردنەوەی دەرگای  خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 16 كورسی پێكدێت، كورد زۆرینەیە و خاوەنی حەوت كورسییە پێنج كورسی یەكێتی و كورسییەكی كۆتای كریستیان و دوو كورسی پارتی، پێكهاتەی عەرەب شەش كورسی، توركمان دوو كورسی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو