بانكی ناوەندیی عیراق لە بەرژەوەندیی گەشتیاران بڕیارێكی نوێی دەركرد و پشكی وەرگرتنی دۆلاری كاشی لە دوو هەزارەوە بۆ سێ هەزار دۆلار زیاد كرد، كە بڕیارە لە مڕۆوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق ڕایگەیاند، بەمەبەستی كارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن، بڕیاریان داوە پشكی گەشتیاران زیاد بكەن و لە مڕۆ سێشەممەوە بڕیارەكە كاری پێدەكرێت
بانكی ناوەندی تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە، پێدانی ئەو بڕە پارەیە بەپێی ڕێكارە ڕێكخراوەییەكان و ڕێنماییە پەسەندكراوەكان دەبێت، هاوكات مەرجی داناوە كە هەر گەشتیارێك لە ساڵێكدا تەنها بۆی هەیە شەش جار لەو بڕەی كە دیاریكراوە سوودمەند بێت لێی.
بڕیاری پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بەنرخی رەسمی بانكی ناوەندی پێشتر 2 هەزار دۆلار بەو نرخە دەدرا بەگەشتیاران ئەویش لەكاتی گەشتكردنیان لەناو فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان، ئێستا ئەو بڕە بۆ 3 هەزار دۆلار زیاد دەكرێت، بڕیاربوو لەفڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانیش ئەو بڕە پارەیە بەگەشتیاران بدرێت، بەڵام تائێستا بڕیارەكە لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكراوە.