وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گەیشتنە وڵاتی چیک و ئامانجیش لە سەردانەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی کشتوکاڵی هەرێمە.
لەسەر بنەمای بانگهێشتنامەیەکی رەسمی لەلایەن وەزیری کشتوکاڵی وڵاتی چیکەوە، وەفدەکە پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاو، کشتوکاڵ، سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری.
لە چەند ڕۆژی ئایندەدا، دیدارێکی تایبەت لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی چێک ئەنجام دەدرێت و کۆڕبەندێکی کشتوکاڵی بۆ کۆمپانیاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چیک بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیر ڕێکدەخرێت.
هاوکات چەندین سەردانی مەیدانی لە بواری کشتوکاڵ و پۆند، بەنداو، چۆنیەتی ئیدارەدانی ئاو، سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ئەنجام دەدرێن.
ئەم سەردانە بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ڕەخساندنی هەڵی کار، سوود وەرگرتن لە ئەزمونی یەکتر، و دەستەبەرکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندایە.