نەبیل مەرسوومی، شارەزای بواری ئابووری رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجەی
گشتیی 2027ی عیراق بەهۆی پرسی نەوتی هەرێمەوە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.
ئاشکراشیکردووە، لە پرۆژەکەدا داواکراوە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار
بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لە کاتێکدا لە ئێستادا تەنها 175 هەزار
بەرمیل رادەست دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، عیراق لە ئێستادا رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل
نەوت لە رێگەی بۆریی جەیهانەوە هەناردە دەکات کە دابەش بووە بەسەر،125 هەزار بەرمیل
لە کەرکووک، 200 هەزار بەرمیل لە بەسرە و 175 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی هەرێمی
کوردستانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە تەواوی بەرهەمی رۆژانەی هەرێم 255 هەزار بەرمیلە و
80 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت.
ئەو شارەزا ئابوورییە جەختی کردەوە، پەسەندکردنی ئەم ژمارانە هاوکات لەگەڵ
وردبینییەکانی کۆمپانیای ماکینزی لەسەر قەبارەی بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی دواکەوتنی
بودجەی 2027، کەمبوونەوەی داهاتە گشتییەکان و قووڵتربوونەوەی کورتهێنانی دارایی عیراق.