سەرۆك كۆماری عیراق و پاشای ئوردن تەئكیدیان لەگرنگی هەماهەنگی هاوبەش سەبارەت بە ئاڵنگارییەكانی ناوچەكە كردەوە.
نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەمی شانشینی هاشمیی ئوردن، باسیان لەچۆنیەتی پتەوكردنی پەیوەندی برایەتی نێوان هەردوو وڵات و فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاری هاوبەش لەبوارە جیاجیاكان و دۆخی ناوچەكەدا كرد.
لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەرۆك كۆمار تەئكیدی لەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری عیراق و شانشینی هاشمیی ئوردن كردەوە، لەسەر بنەمای پەیوەندییە برایانە و مێژووییەكان كە هەردوو گەلی برا یەكدەخەن، هەروەها پێویستی فراوانكردنی ئاسۆكانی هاوكاری هاوبەش، بەتایبەتی لەبوارەكانی بازرگانی و وزە و هاندانی وەبەرهێنانی هاوبەش، بەشێوەیەك كەخزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و پشتیوانی لە دەرفەتی گەشەپێدان و پێشكەوتن لە هەردوو وڵاتدا بكات.
هەروەها لەپەیوەندییەكەدا باس لەدۆخی فەڵەستین بەتایبەتی لەكەناری رۆژئاوا و كەرتی غەززە كرا و هەردوولا پێداگرییان لەسەر پێویستیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێوشوێنی كاریگەرانە بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی هێرش و پێشێلكارییە دووبارەبووەكان و پاراستنی فەلەستینییەكان و گیانی مەدەنییەكان كردەوە.
هاوكات پشتیوانیان بۆ گەلی فەلەستین دووپات كردەوە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی، لە پێش هەموویانەوە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لەسەر خاكی نیشتمانیان.لە چوارچێوەیەكی پەیوەندیەكەدا، سەرۆك كۆمار و شا عەبدوڵلا تەئكیدیان لە گرنگی چڕكردنەوەی ڕاوێژ و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە پرسەكانی بەرژەوەندی هاوبەش و كاركردن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گرژییە ناوچەییەكان و كەمكردنەوەی پەرەسەندنیان، و گرتنەبەری دیالۆگ و لێكتێگەیشتن وەك ئامرازێك بۆ چارەسەركردنی قەیران و ناكۆكیەكان كردەوە، بەمەش ڕێگری لە فراوانبوونی ململانێكان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەكات.
هەروها شا عەبدوڵڵای دووەم بانگهێشتێكی رەسمی ئاراستەی سەرۆك ئامێدی كرد بۆ ئوردن، وپاڵپشتی شانشینیشی بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عیراق و پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ بەهێزكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاكاندا دوپات كردەوە، بەجۆریك كە بەشداربێت لەپشتیوانیكردنی ئاشتی ناوچەیی ونێودەوڵەتی و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەكان، و بەدیهێنانی خواستەكانی گەلانی ناوچەكە بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی.