بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەتوانین بە 24 سەعات حکومەت پێکبهێنین

کوردستان 01:46 PM - 2026/10/12


بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری میری رایگەیاند، یەکێتی وەکو کورد سەیری رووداوەکان دەکات و هۆشداری دا لەوەی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە هەیە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوەکانی یەکێتی روونن و بەردەوام کار لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکان دەکات، هەروەها خۆشبەختانە لەگەڵ زۆربەی وڵاتاندا پەیوەندی باشیان هەیە.

سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، خەباتیان تەنها نابێت لە عیراقدا بێت بەڵکو لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەبێت، و ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە پەیوەندییە باشەکانیانە لە بەغداد. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆک وەزیرانی عیراقی بە کەسێکی باش بۆ کورد و جیاواز لە پێشینەکان وەسف کرد و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی عیراقی بە فرسەتێکی زێڕین بۆ کورد ناوبرد.

هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕوونی کردەوە، ئەوانەی پێیانوایە ئێران ناهێڵێت ڕێککەوتین هیچ لە سیاسەت نازانن، و جەختیکردەوە کە دەتوانن بە 24 سەعات حکومەت پێکبهێنن.


سەبارەت بە پرسی حکومەتی هەرێم، بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە 16 جار چووەتە هەولێر و نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی باش، بەڵام دەبێت بەهۆی شتە بچووکەکانەوە بارودۆخەکان خراپتر نەکرێن.

ناوبراو پەیامێکی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "یەکێتی بێ ئێوە نایەوێت حوکم بکات و نە پێشی دەکرێت، ئێمە پێکەوە دەتوانین ڕێککەوین و عیراق بەڕێوەبەرین، کێشەکانمان بچوکن."

بافڵ جەلال تاڵەبانی کێشەی گەرووی هورموزی بە زۆر گەورە وەسف کرد و جەختیکردەوە، هەرچییەک بۆ کوردی سوریا بکرێت ئەوان ئامادەن. سەبارەت بە تورکیاش ڕایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا باشتر لە یەکدی تێگەیشتوون و ئەمڕۆ پێویستمان بە یەکتر هەیە، و عیراقیش پێویستە لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندی هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو