عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق سەرۆكایەتی 22مین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كردو ،تێیدا چەند بڕیارێكی دا كە گرنگترینیان گۆڕانكاری بوو لە بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دینار.
لە دانیشتنەكەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ، باس لە بارودۆخی گشتی سەرتاسەری وڵات كرا و باس لە بڕگەكانی بەرنامەی كار كرا و بڕیاری پێویست درا. لەم كۆبوونەوەیەدا بەشێوەیەكی ورد گفتووگۆ لەبارەی پێشنیارەكانی بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بۆ گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عیراقی و جێگیركردنی 100 دۆلار بەرامبەر بە 150 هەزار دینار كرا. بەتایبەت كەئەو بابەتە لەپرۆژە یاسای بودجەدا جێگیركراوە و بڕیارە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە كاریگەری لەسەر بازاڕی دروست كرد، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بڕیاری جێبەجێكردنەكەی پێش بخات، واتە پێش ئەوەی پرۆژە یاسای بودجە دەنگی لەسەر بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری دەركرد.
جگە لەم بابەتانەش لەكۆبوونەوەكەدا عەلی زەیدی پێداچوونەوەی بە پێشكەوتنی ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كرد و ڕێنمایی كرد كە پڕۆژەكان لە پارێزگاكان بە پێشبینی وەرزی زستان خێراتر بكرێن.هەروەها ڕێنمایی تەواوكردنی پڕۆژە وەستاوەكانی پرد و ڕێگاوبانی كرد بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی پێشبینیكراوی هاتوچۆ لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن.
سەبارەت بە نوێكردنەوەی نەخۆشخانەكان و چاككردنەوەی بنكە تەندروستییەكان، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانكردنی بڕی 20 ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی لەو پارەیەی كە لە كلینیكە حكومییەكاندا بەردەستە، بەپێی پلانێك كە وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان ئامادەی دەكات. ئەم پلانە ئەو دامەزراوانە دیاری دەكات كە دەیانگرێتەوە و تێچووی خەمڵێنراو و پێداویستییەكان لە پێشینەدا دادەنێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانكردنی بڕی 20 ملیار دینار لە دەسەڵاتی بیمەی تەندروستی بۆ دابینكردنی دارایی بۆ نوێكردنەوەی نەخۆشخانە حكومییەكان كە بیمەی تەندروستی دەیگرێتەوە لە بەغدا و پارێزگاكان، كە خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی چالاككراون.
هەر لەو چوارچیوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا بە بەخشینی نەخۆشخانەی پسپۆڕی ئیبن بیتار بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و نەشتەرگەری ، ئەمەش ڕێگەی بە نەخۆشخانەكە دا دەستبەجێ دەست بە گرێبەستی راستەوخۆ بكات بۆ دەستەبەركردنی دەرمان و پێداویستییە تایبەتمەندەكان.لە كەرتی كشتوكاڵیشدا ئەنجومەنی وەزیران پلانی كشتوكاڵی پێشنیاركراوی وەرزی زستانی 2026 بۆ 2027 و دابینكردنی تۆو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و دیاریكردنی بڕی ئەو گەنمەی كە لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە لەلایەن حكومەتەوە وەربگیرێت، بە بڕی چوار ملیۆن تۆن بۆ سەرجەم پارێزگاكان، جگە لە هەرێمی كوردستان، و بە تایبەتی بۆ ئەو زەویانەی كە پلانی كشتوكاڵی بۆ وەرزی كشتوكاڵی 2026 بۆ 2027 دەیگرێتەوە، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران مۆدێلێكی پەسەند كرد بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی بەو نرخەی كە ئەنجومەنی وەزیران دیاریی كردووە، كە دەكاتە 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك بۆ هەموو بڕی ئەو گەنمەی كە لە چوارچێوەی پلانی كشتوكاڵی پەسەندكراودا بەرهەم دەهێنرێت. بۆ ناوچە كشتوكاڵییەكان تا هەزار دۆنم و سەرووتر، بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك دیاریكرا، بەمەرجێك ئەو بڕە پارەیەی كە پێویستە بۆ گەیاندن بەپێی بەرهەمی دیاریكراو و دامەزراو حیساب بكرێت،جگە لە چەند بڕیارێكی تر ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بكات و بەهای یەك دۆلاری بە هەزار و 500 دینار جێگیركرد.