قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، بە ئامادەبوونی کاروان گەزنەیی، لێپرسراوی مەڵبەندی 6ـی سۆرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەندەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە (24/9/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی باسی گرنگیی دەڤەری سۆرانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دەڤەرە لە دەستپێکی شۆڕشی نوێوە و تا ئێستا مەڵبەندێکی گرنگ و جێی بایەخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و بۆ داهاتووش یەکێتی پلانی هەیە لەم سنوورەدا پێگەی زۆر بەهێزتر ببێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بەپێویستی زانی ئەندامانی ئەنجوومەنی مەڵبەندی راسپارد ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان و ناوچە جیاوازەکانی دەڤەری سۆران بەهێزتر بکەن و ببنە داکۆکیکاری سەرسەختی ماف و داواکارییە رەواکانی خەڵکی سنوورەکە.
جەختیشی کردەوە کە دەبێت بە شێوەیەک هەڵسووکەوت بکەن کە هەموو خەڵکی ناوچەکە، مەڵبەندی یەکێتی بە ماڵی دووەمی خۆیان بزانن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە یەکێتی بە تەواوی پابەندە بە هەموو ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستانی داوە و هەر بۆیە تا ئێستاش بە هەموو تواناوە پێداگری دەکات لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای یەکێتیش، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بە پێگەی گرنگی یەکێتی کرد لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەدا و روونیکردەوە کە لە دوای سەرۆک مام جەلالەوە هەرگیز یەکێتی وەک ئێستا پێگەی بەهێز نەبووە و بۆ هەموو پرسە گرنگەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە پرس و راوێژ بە یەکێتی دەکرێت، بە جۆرێک سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە بەردەوامی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە و ناوەندەکانی بڕیار لە پەیوەندیدایە.