وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، نزیكەی 40 ملیۆن هاووڵاتی لە بەشەخۆراكی مانگانە سوودمەندن و لەم مانگەشدا خزمەتگوزاریی "بریكارەكەم" كارا دەبێت كە بەهۆیەوە هاووڵاتی لەڕێگەی نامەی مۆبایلەكەیەوە كاتی هاتنی بەشەخۆراكی پێ دەوترێت.
حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانی عیراق ڕایگەیاند، ئێستا خزمەتگوزارییەكانی وەك گواستنەوە، زیادكردنی ئەندامی خێزان، جیاكردنەوەی ئەندامی خێزان (هاوسەرگیری) و گۆڕینی بریكار لەناو فۆرمی ئەلیكترۆنی خۆراكدا كاران و هاووڵاتی لە ڕێگەی مۆبایلەكەیەوە دەتوانێت سوودیان لێوەربگرێت، لەم مانگەشەوە خزمەتگوزاریی بریكارەكەم كارا دەبێت.
لەڕێگەی خزمەتگوزاریی بریكارەكەمەوە، بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك دەتوانن ژمارەی خێزان و ئەندامانی خێزان لای خۆیان بزانن، هەروەها دەتوانن ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی بەشەخۆراك، هەر لەڕێگەی ئەپڵیكەیشتنی "فۆرمی بەشەخۆراك" هاووڵاتیان ئاگادار بكەنەوە، لەگەڵ پێدانی ڕوونكردنەوە پێیان كە ئەم مانگە چی هاتووە یان چ گۆڕانكارییەك لە ماددە خۆراكییەكاندا كراوە، كێ بەشەخۆراكی وەرگرتووە و كێش ماوە.
حەسەن نیعمە، ئاشكراشی كرد كە 90%ی خێزانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان كە پێشتر بەشەخۆراكیان ڕاگیرابوو ئێستا بۆیان گەڕێنراوەتەوە، بەڵام ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان كە مووچەكانیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە بەشەخۆراكیان ڕاگیراوە و بۆیان ناگەڕێنرێتەوە